یه‌كێك له‌به‌ناوبانگترین ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی مرۆڤی پێده‌ناسرێته‌وه، توانای قسه‌كردنه. ئه‌گه‌ر ئه‌و گریمانه تازانه‌ش وه‌ربگرین كه ته‌ماشای زمان‌و عه‌قڵ وه‌ك یه‌ك شت ده‌كات، ئه‌وا له‌ڕاستیدا ده‌توانین بێ دودڵی بڵێین هیچ مرۆڤێك نیه بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت. زمان تاكه هۆكارو له‌هه‌مانكاتدا بكه‌ری كه‌سایه‌تی مرۆڤه. مرۆڤ له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه هه‌م ته‌عبیر له‌خۆی ده‌كات‌و هه‌م خۆی دروستده‌كات. ته‌نها له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌یه كاره‌كته‌ری مرۆڤ كامڵ ده‌بێت‌و تواناكانی ده‌كرێنه‌وه . تا زمان زیاتر به‌كاربهێنین، پتر هوشیاریمان فراوانتر‌و ژیانمان هێمن تر ده‌بێت. مرۆڤ به‌سروشت ناتوانێت بێده‌نگ بێت له‌حاڵه‌تی ناته‌ندروست‌و نه‌خۆشیدا نه‌بێت. یه‌كێك له‌هه‌ره گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانی فرۆید بۆ بواری مرۆڤناسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌ی له‌پشت بێده‌نگیه‌وه نه‌خۆشی‌و له‌قسه‌كردنیشدا چاره‌سه‌ر هه‌یه. چاره‌سه‌ری ده‌رونشیكاری كه فرۆید وه‌ك شێوازێك بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ده‌رونی به‌كاریهێنا، چیه جگه له‌وه‌ی دواجار نه‌خۆش بكه‌وێته قسه‌كردن‌و له‌ڕێگه‌ی قسه‌كردنیشه‌وه به‌سه‌ر كێشه‌كانی خۆیدا زاڵ بێت. له‌شێوازی ده‌رونشیكاری فرۆیددا دكتۆر هیچ كارێك ناكات جگه له‌وه‌ی یارمه‌تی نه‌خۆش بدات بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌بكات‌و له‌ڕێگه‌ی قسه‌كردنیشه‌وه خۆی به‌كێشه‌كانی خۆی هوشیار بێت‌و چاره‌سه‌ریانبكات. كه‌وابوو هیچ بێده‌نگیه‌ك نیه گه‌ر پێشتر هۆكارێكی دی له‌ئارادا نه‌بن.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه به‌ته‌نها تواناكانی قسه‌كردن به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ قسه‌بكات، به‌ڵكو له‌وه‌ش گرنگتر ئومێده به‌وه‌ی قسه‌كردن توانای گۆڕانكاری هه‌بێت. به‌بێ بوونی ئومێد‌و هیوا به‌وه‌ی كه ده‌شێت قسه‌كردنمان شتێك بگۆڕێت، ئه‌سته‌مه سنوره‌كانی بێده‌نگی ته‌سك ببنه‌وه. مرۆڤ له‌وكاتانه‌دا بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت، گه‌ر هه‌ستبكات قسه‌كردن‌و ده‌نگكردنی هیچ له‌هیچ ناگۆڕێت، جگه له‌سه‌ر ئێشه‌ی تایبه‌تی بۆ خۆی، هیچی لێ سه‌وز نابێت. قسه‌كردن پێویستی به‌فه‌زایه‌كی كراوه‌یه كه شانسی گوێگرتن‌و كاریگه‌ری‌و كارلێكردنی تیا بێت. فه‌زایه‌ك ئاماده بۆ بیستن‌و كراوه بۆ دیالۆگ‌و رێزگر له‌قسه‌كه‌ر.
هیچ یه‌ك له‌م مه‌رجانه‌ش له‌فه‌زای سیاسی كوردستاندا ئاماده‌نین. هه‌موو ده‌نگكردنێك له‌م فه‌زایه‌دا كه مافی نه‌یارێتی به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌و یاسایی نه‌پارێزراوه، جۆرێك ریسككردنه. ریسككردن به‌چاره‌نوسی پیشه‌و شانسی كار‌و چاككردنی هه‌لومه‌رجی ژیان. هه‌موو ده‌نگكردنێك ده‌شێت رووبه‌ڕووی توڕه‌یی‌و زویربونی هێزگه‌لێك و ده‌سه‌ڵاتدارانێكمان بكاته‌وه كه ده‌توانن بێ هیچ چاودێرییه‌ك گه‌ر بیانه‌وێت، زیانی گه‌وره‌مان پێبگه‌یه‌نن. له‌فه‌زایه‌كدا كه ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسیاران له‌سه‌رو چاودێریه‌وه‌یه‌و یاساگه‌لێك نیه سنوری كاركردنی ئه‌وان‌و مافه‌كانی ئێمه بسه‌پێنێت، له‌فه‌زایه‌كدا كه توڕه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رێكی بچوك ده‌توانێت كۆتایی به‌ژیانی كارمه‌ندی مرۆڤێك بێنێت، بێئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێت هیچ بكات، له‌فه‌زایه‌كدا هه‌میشه بچوكه‌كان له‌به‌رده‌م ره‌حمه‌تی گه‌وره‌كاندابن، له‌ناو فه‌زایه‌كی وادا بێگومان هه‌موو قسه‌كردنێك ریسككردنێكه به‌شانسی كار‌و ژیان كه‌م كه‌س ئاماده‌یه پێی هه‌ڵسێت . (له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یه‌كیان هه‌بوو جیاواز له‌ڕای براده‌ران، به‌ر هێرشی ناوزڕاندن‌و سوكایه‌تیكردن كه‌وتن).
ده‌مه‌وێت بڵێم ته‌نها تواناكانی قسه‌كردن بۆ نه‌بونی بێده‌نگی به‌س نیه، به‌ڵكو له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه ئه‌م توانایه به‌شێویه‌كی یاسایی پارێزراو بێت‌و میكانزمێكی دیاریكراو‌و به‌رجه‌سته‌ش بۆ پارێزگاریكردن له‌و مافه له‌ئارادا بێت. مرۆڤ قسه‌ناكات گه‌ر قسه‌كردنه‌كه‌ی توشی توڕه‌بون‌و زویربونی كه‌سانێكی بكات كه ده‌توانن به‌مه‌یلی خۆیان‌و دور له‌یاسا زیانی پێبگه‌یه‌نن. بێده‌نگیش ده‌بێت گه‌ر هیواو ئومێدی به‌وه نه‌بێت قسه‌كانی به‌جێیه‌ك ده‌گه‌ن‌و ده‌شێت كاریگه‌ریان له‌سه‌ر شته‌كان هه‌بێت.
واته به‌شێك له‌هۆكاره‌كانی بێده‌نگی په‌یوه‌ندی به‌نه‌بوونی فه‌زایه‌كی سیاسی كراوه‌و یاساییه‌وه هه‌یه كه مافه‌كانی قسه‌كه‌ر وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی خاوه‌ن مافی قسه ناپارێزێت . به‌ڵام به‌شێكی دی ده‌شێت په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بكه‌ره سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه هه‌بێت. زۆرجار بێده‌نگی به‌هۆی زه‌بری ده‌ره‌كی‌و نه‌بووی فه‌زایه‌كی رێخۆشكه‌ر بۆ قسه‌كردنه‌وه نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسیه‌كان، به‌شێوازێكی هه‌ڵه بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی ده‌وروبه‌ره‌یان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. یه‌كێك له هۆ سه‌ره‌كیه‌كانی بێده‌نگی رۆشنبیرانی چه‌پ له‌تاوانه‌كانی ستالین، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه هه‌ڵه‌یه‌ی كه بڕوای وابوو ئه‌زمونی سۆشیالیزمی‌و به‌دیهاتنی یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه ده‌هێنێت چاوی خۆت له‌و تاوان‌و كارنامه خراپه‌ی مافی مرۆڤ بپۆشیت كه ئه‌زمونی ستالینی خوڵقاندی. بگره بیریارێكی وه‌ك ڤاڵته‌ر بنیامین بڕوای وایه یه‌كێك له‌به‌خته‌كانی سه‌ركه‌وتنی فاشیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی هه‌موان له‌ژێر چه‌مكی پێشكه‌وتندا قبوڵیانكرد. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌م بیریاره بووه ره‌خنه‌گرێكی سه‌رسه‌ختی چه‌مكی پێشكه‌وتن‌و بڕوای وابوو ئه‌م چه‌مكه زۆر كه‌سی له‌و تاوان‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیانه غافڵكرد كه له‌به‌رده‌ست‌و چاویاندا رووده‌دات.
واته ده‌شێت یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی بێده‌نگی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازی هۆشیاریی مێژوویی‌و هه‌ڵنه‌سه‌نگاندنی دروستی ئه‌و مه‌ترسی‌و بارودۆخه‌ی له‌ناویدا ده‌ژین. كه‌سانێكی زۆر ده‌شێت قسه له‌سه‌ر ئه‌و شته بچوك‌و گه‌ورانه نه‌كه‌ن كه له‌ئارادایه، له‌و بڕوایه‌وه كه ئه‌مه‌ی رووده‌دات له‌ڕابردوو باشتره‌و ئه‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیانه‌ش وه‌ك باجێكی دۆخێكی تازه ته‌ماشاده‌كه‌ن كه بۆ داهاتویه‌كی باشتر ده‌درێت، واته یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی بێده‌نگی بوونی هوشیاریه‌كی مێژووی لاوازه كه به‌وردی له‌گرنگی‌و مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و قۆناغه تێناگات كه له‌ناویدا ده‌ژی.
له‌ڕاستیدا ئه‌م هوشیاریه مێژووییه لاوازه، ده‌ورێكی گرنگی هه‌بوو له‌وه‌ی حیزبی به‌عسی عێراق بێته سه‌رحوكم‌و ئه‌و رژێمه ترسناكه دامه‌زرێنێت كه 30 ساڵ عێراقی له‌خوێن‌و جه‌نگدا غه‌رقكرد. به‌عس له‌سه‌ره‌تاكانی دروستبونیدا حیزبێكی بچوك بوو، به‌ڵام بێده‌نگبوون‌و چاوغافڵكردنی هێزه‌كانی تری ئه‌وسای عێراق له‌موماره‌سه ترسناكه‌كانی ئه‌م حیزبه، ده‌ورێكی گرنگی له‌به‌هێزبوون‌و گه‌وره بونیدا بینی. به‌عس به‌رله‌وه‌ی ده‌ستی به‌ئامێره‌كانی ده‌وڵه‌ت بگات، كۆنتڕۆڵی ته‌واوی سوپابكات‌و ده‌زگایه‌كی ترسناكی ئاسایش دامه‌زرێنێت، هێزگه‌لێك له‌عێراقدا ئاماده‌بوون كه له‌هه‌موو شتێكی به‌عس بێده‌نگبوون‌و رێگه‌یاندا به‌عس بێ به‌رگریی كۆنتڕۆڵی هه‌موو شتێك بكات. ته‌نانه‌ت له‌ناو خودی حیزبی به‌عسیشدا كادیرانێكی گه‌وره‌و بچوك، زۆر له‌سه‌دام حسێن بێده‌نگبوون تا ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی به‌عسی كه‌وته ده‌ست. ته‌نها ئه‌وكاته‌ش قسه‌یانكرد كه ئیدی سه‌دام حسێن بوو بوو به‌هێزێكی ئه‌ونده ترسناك كه ئه‌سته‌م بوو تێك بشكێنرێت. لێره‌وه ده‌بینی كه‌نعان مه‌كیه ئه‌و رسته به‌ناوبانگه‌ی گوت: «سه‌دام حسێن بێده‌نگیی دروستنه‌كرد، به‌ڵكو بێده‌نگیی سه‌دام حسێنی دروستكرد».
كه‌وابوو لاوازیی‌و هوشیاری مێژووی‌و ده‌ركنه‌كردنی مه‌ترسیه‌كان‌و كوێر بوون له‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی هه‌ن، ده‌شێت هۆكارێكی گرنگی تری بێده‌نگی بێت.