دیمانه‌ی (ڕابه‌ر فاریق) له‌گه‌ڵ (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور)ی ڕۆماننووس | رِابه‌ر فاریق
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور یه‌كێكه له نووسه‌ره هه‌ره جیددییه‌كانی ئێمه، ئه‌و به هۆی كتێبی (منداڵیم ئاسكێك بوو به‌سه‌ر په‌لكه زێرِینه‌كاندا بازبازێنی ده‌كرد)ه‌وه ناسراوه، كتێبێكه هه‌م ده‌توانین وه‌كوو رِۆمان، هه‌میش وه‌كوو یادداشتی نووسه‌ر ته‌ماشای بكه‌ین. چیرۆك و رِۆمانه‌كانی كاروان تێكه‌ڵ به قورِی واقیعن، له پاڵ ئه‌مه‌یشدا تێكه‌ڵییه‌كی زۆر سه‌یریان هه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌نتازیادا... ئێمه له نێو چیرۆك و رِۆمانه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا ناتوانین واقیع و خه‌یاڵ له یه‌كتریی جوایه‌ز بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له فێڵه هونه‌رییه‌كانی نووسه‌ره‌كان، كه ده‌خوازن له رِێگه‌ی ئه‌م تێكترنجاندنه‌وه، خوێنه‌ر به‌ره‌و نادیارییه‌كی جوانیناسانه ببه‌ن... ئه‌گه‌ر نووسه‌ری ئافرێنه‌ر له رِێگه‌ی زمانه‌وه بناسرێته‌وه، ئه‌وا كاروان گه‌لێك له‌مێژه (زمان)ی خۆی هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندێتیی پاراستووه. نووسه‌ری رِۆمان پێویستی به هه‌بوونی زمانێكی پاراو هه‌یه، بۆ رِاوكردنی خوێنه‌ر، ئه‌وه بۆیه ئێمه له دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر چیرۆك- رِۆمانێكی كارواندا، رِاو ده‌كرێین، به‌لاَم به شێوه‌یه‌ك كه خۆمان مه‌یلمان لێیه‌تی، نه‌ك له رِێگه‌ی خه‌یالاَته سه‌یره‌كانی نووسراوه‌كانه‌وه...
دواهه‌مین كتێبی ئه‌م نووسه‌ره، رِۆمانی (مامزێر)ه، هه‌زمكردنی ئه‌م رِۆمانه قورسه، ئه‌مه‌یش به حوكمی ئه‌وه‌ی به شێوازی رِیالیزمی سیحریی نه‌نووسراوه، وه‌ك نووسه‌رگه‌لێكی دی له سه‌ر ئه‌م سكه‌یه ده‌رِۆن و به‌رده‌وامن، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌ك نووسراوه، كه جۆرێك له فره‌رِه‌هه‌ندیی له خۆدا هه‌ڵگرتووه و به ته‌نها لایه‌نێكه‌وه خۆی نه‌به‌ستووه‌ته‌وه و به ته‌نها لایه‌نێكیشی قاییلمان ناكات... دوای خوێندنه‌وه‌ی رِۆمانه‌كه، ویستم له باره‌ی گه‌لێك پرسیاری تایبه‌ت و هه‌ڵێنجراو له نێویدا، دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا بكه‌م، پرسیاره‌كانم ئارِاسته‌ی كردن، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ندێك رِه‌هه‌ندی دیكه‌یش تێكه‌ڵم كردبوون، ئه‌ویش له رِێگه‌ی وه‌رامه‌كانییه‌وه پێشوازیی لێ كردم...
رِاسته ئه‌م دیمانه‌یه تایبه‌ته به رِۆمانێكی دیاریكراوه‌وه، به‌لاَم ئه‌م (تاكرِه‌هه‌ند)ییه نه‌بووه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م نووسه‌ردا، تا ئاره‌زوومه‌ندانه نه‌دوێت و له باره‌ی گه‌لێك پرسی دیكه‌ی هاورِایه‌ڵ به رِۆمان و چیرۆكی كوردییه‌وه، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باشیش قسه‌كردن له سه‌ر گوته‌گه‌لێك و خودی نووسه‌ر و نووسراوه‌كانی (ئه‌وانیدی)كه‌وه، رِوانینه‌كانی نه‌خاته رِوو... لێره‌دا ده‌ست له پێشه‌كیی هه‌ڵده‌گرم، با پێكه‌وه پرسیار و وه‌رامه‌كان بخوێنینه‌وه:
ڕابه‌ر فاريق: هه‌م بیستوومه و هه‌م خوێندوومه‌ته‌وه که نووسه‌رێک بۆچوونێکی وه‌های هه‌یه: (نووسینی یه‌که‌م ڕسته‌ی ڕۆمان، تا ئه‌وپه‌ڕی قورسه)، ده‌شێ بۆ هه‌ر نووسینێکی جیددیی ئه‌م (سه‌خت)ییه له به‌رده‌م نووسه‌ردا قووت ببێته‌وه. ئایا ئه‌و وه‌خته‌ی یه‌که‌م ڕسته‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ت نووسی به‌ره‌وڕووی ئه‌م حاڵه‌ته بوویته‌وه؟ چ کاته بوو؟
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:ئه‌م پرسیاره ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت ئاسان دێته به‌رچاو، به‌لآم ڕاستییه‌که‌ی وه‌لآمدانه‌وه‌ی قورسه. ئاسان نییه له‌و چیرۆک و ڕۆمانانه‌ی به شێوازی ستاندارد نانووسرێن، شوێنێک بۆ سه‌ره‌تا و کۆتایی دیاری بکه‌ین. کێشه‌ی یه‌که‌م لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه (Narrative techniques) دایه، ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ وشه و دێڕه‌کاندا نییه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دوو جۆر کات خۆیان ده‌سه‌پێنن، یه‌که‌م: کاتی تێکست، واته ئه‌و کاته‌ی تۆ درێژه به پرۆسێسی گێڕانه‌وه ده‌ده‌یت. دووه‌م: کاتی ڕووداو، یاخود کاتی حیکایه‌ت. به مانایه‌کی دیکه تۆ له ڕێگای خه‌یاڵه‌وه شێوازه‌کانی گێڕانه‌وه داده‌هێنیت، به‌و مه‌به‌سته‌ی سیسته‌می کاتی ڕووداو تێکبشکێنیت و کاتی سه‌ربه‌خۆی چیرۆک یان ڕۆمان دابمه‌زرێنیت. له چیرۆک و ڕۆمانی ئه‌مڕۆدا کات زیاتر له ئاڕاسته‌یه‌کی هه‌یه، که ئه‌مه‌ش ده‌ستنیشانکردنی شوێن زه‌حمه‌ت ده‌کات، چونکه هه‌موو ئه‌و پرۆسێسانه له‌ناو خوددا ڕوو ده‌ده‌ن و تایبه‌تمه‌ندێتیی کاره‌کته‌ر پێکده‌هێنن. لێره‌وه‌یه ته‌مومژ ده‌رده‌که‌وێت، چونکه هه‌تا جووڵه‌کان له‌ناو خوددا زیاتر بن، پتر پێوه‌ندیی نێوان خود و بابه‌ت ئاڵۆز ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵیدا قه‌باره‌ی ته‌مومژیش گه‌وره‌تر ده‌بێت، که خۆی له کۆمه‌ڵێک میکانیزمی به‌رگرییدا ده‌بینێته‌وه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌لآتی که‌لتوور. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه غوربه‌ت و نیگه‌رانییش ده‌رده‌که‌ون، که بوونه‌ته دوو تایبه‌تمه‌ندیی کاره‌کته‌ر هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆمانی شه‌پۆلی هۆشه‌وه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ. هه‌ڵکۆڵینی خود هه‌میشه له‌گه‌ڵ داهێنانی بیرۆکه‌ی میتۆلۆژیادا هاوشان بووه. هه‌ر ڕۆمان خۆی چه‌مکێکی ناعه‌قلآنییه، به‌وه‌ی له ڕێگای فه‌نتازیاوه ئه‌و دنیایه داده‌مه‌زرێنێت، که به‌هۆی جیاوازییه‌کانییه‌وه خۆی له دنیای فاکتواڵ جیا ده‌کاته‌وه. چی دیکه ئه‌و شتانه گرینگ نیین، که چاوی ئاسایی ده‌یانبینێت و له ژیانی ڕۆژانه‌دا بۆ پێداویستییه دیاریکراوه‌کان به‌کار ده‌هێنرێن، به‌ڵکو ئه‌وانه له کۆنتێکستی خۆیان دوور ده‌خرێنه‌وه و له‌گه‌ڵ لۆژیکی میتۆلۆژیادا ڕێک ده‌خرێن، که کاره‌کته‌ر خۆی دایهێناون. که‌واته ته‌عبیرکردن له‌م دنیا تایبه‌ته‌ی خود کارێکی تا بڵێی دژواره، بۆیه ناکرێت له ڕێگای ئه‌و وشه و دێڕانه‌وه جارێکی دیکه بگه‌یته‌وه ئه‌و دنیایه‌ی پێشوو. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه تێکست ته‌نها ئه‌و وشه و ڕسته و په‌ره‌گرافانه نیین، که ئێمه له ڕێگای چاوه‌وه ده‌یانبینین و دواجار ده‌توانین شوێنه‌کانیان ده‌ستنیشان بکه‌ین، به‌ڵکو له‌نێوان وشه‌کاندا، له‌ودیوی دێڕه‌کاندا و له پشت په‌ره‌گرافه‌کاندا چه‌ند ڕووبه‌رێکی شاراوه هه‌ن، که له ڕێگای خوێندنه‌وه جۆراوجۆره‌کانه‌وه ئاشکرا ده‌بن و دینامیکییه‌تی خۆیان وه‌رده‌گرن. ته‌نانه‌ت (بۆرخیس) ده‌گاته ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌وه بهێنێت، که پرۆسێسه‌که، پرۆسێسی ته‌عبیرکردن نییه، به‌ڵکو ئاماژه‌دانه و ئێمه ته‌نها ده‌توانین ئاماژه به شت بده‌ین و وا له خوێنه‌ریش بکه‌ین ئه‌و شتانه له ڕێگای ئیماجینێیشن (تصور)ه‌وه هه‌ست پێ بکات. له شوێنێکی شیعری (ئاسووده‌یی)دا ده‌ڵێت: (هیچ پیتێک له کتێبه‌کانی کتێبخانه‌دا به‌دی ناکرێت، به‌لآم کاتێک ده‌یانکه‌مه‌وه، پیت ده‌رده‌که‌ون). خاڵی ده‌ستپێکردن سه‌خته، نه‌ک هه‌ر له‌وه‌ی چ ڕسته‌یه‌ک ده‌که‌یته سه‌ره‌تا، به‌ڵکو له‌وه‌ی به چ شێوازێک کاره‌کته‌ره‌کانت پێشکه‌ش ده‌که‌یت به چ ڕێگایه‌ک بیرۆکه‌کانت ده‌گه‌یه‌نیت. کاتێ له ڕۆماننووسی فه‌ڕه‌نسی (جیل لێرۆی) ده‌پرسن بۆچی له ڕۆمانی (سروودی ئه‌لامبا)دا راناوی که‌سی یه‌که‌می تاک (من)ی به‌کار هێناوه، له وه‌لآمدا ده‌ڵێ نه‌ده‌کرا له ناخی کاره‌کته‌ره‌که‌ی دوور بکه‌وێته‌وه، که ژیانێکی تا بڵێی تایبه‌ت و جیاوازی هه‌یه، بۆیه ڕاناوی که‌سی سێیه‌می تاک له توانایدا نه‌بوو دنیای ئه‌و ده‌ربخات. له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا ڕاناوی که‌سی دووه‌می تاک (تۆ) لای (مێشێل بوتۆر) گرنگییه‌کی زۆر تایبه‌تی پێ ده‌درێت، چونکه ئه‌و ڕاناوه هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه، به‌وه‌ی وه‌کو ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک نابێته ڕێگر له به‌رده‌م وه‌سفکردنی دنیای ده‌ره‌وه‌ی کاره‌کته‌ر. له لایه‌کی دیکه ڕۆماننووس ده‌توانێت له‌و کاتانه فریای کاره‌کته‌ر بکه‌وێت، که ئه‌و خۆی توانای قسه‌کردنی نامێنێت. له پاڵ ئه‌وه‌دا ڕێگا له کاره‌کته‌ر ده‌گرێت نهێنییه‌کانی خۆی بشارێته‌وه. له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونانه‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم کێشه‌که له‌وه‌ش تێده‌په‌ڕێت، که پێوه‌ندیی ته‌نها به یه‌که‌م ڕسته‌وه هه‌بێت، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌ی ته‌کنیک ده‌که‌وێته پێش هه‌موو شته‌کانی دیکه‌وه، که ئه‌مه لای هه‌ندێ نووسه‌ر به هۆشیارییه‌وه چاوی لێ ده‌کرێت و لای هه‌ندێکی دیکه ته‌نها خۆڕسکانه ده‌رده‌که‌وێت. لای ئه‌وانه‌ی به شێوازی ستانداردیش ده‌نووسن، هیچ بایه‌خێکی نییه. هه‌ر لێره ئێمه ده‌که‌وینه به‌رده‌م پێوه‌ندییه‌کی دیکه، ئه‌ویش پێوه‌ندیی نێوان زمان و بیرکردنه‌وه و وێنه‌یه، که هه‌موو ئه‌مانه یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. من خۆم پێشتر له وه‌لآمی پرسیارێکی (دانا فایه‌ق)ی چیرۆکنووسدا ئه‌م پێوه‌ندییه‌م نیشان داوه. کاتێک نووسه‌ر له به‌رانبه‌ر ده‌ستپێکدا دۆش داده‌مێنێت، ئه‌وا کارلێکی نێوان زمان و بیرکردنه‌وه و وێنه‌کان هێشتا پێک نه‌هاتووه، به‌لآم دواتر کاتێک ئه‌و پرۆسێسه ئاکتیڤ ده‌بێت، کێشه‌که ئه‌و قورساییه‌ی نامێنیت. پێشتریش باسم له‌وه کردووه، که جارێکیان له شه‌مه‌نده‌فه‌ر دابه‌زیم و ڕسته‌ی (له گه‌راج دابه‌زی) له مێشکمدا زرنگایه‌وه. له ماوه‌ی دوو ڕۆژدا چیرۆکێکی درێژم به ناوی (پێداچوونه‌وه‌ی چیرۆکێکی کۆن) نووسی، که زیاتر له چل لاپه‌ڕه‌یه. که‌واته وێنه‌کان به ته‌ڵخی له خه‌یاڵی مندا هه‌بوون، به‌لآم هێشتا کارلێکه‌کان دروست نه‌بووبوون. نووسینیش شتێک نییه بێجگه له پێداچوونه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری به‌شێوه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌یی (Reverse). ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌وسا له کاتی دابه‌زیندا له مێشکمدا زرنگایه‌وه، ڕسته بوو؟ بێگومان نه‌خێر، چونکه وه‌کو (بۆرخیس) باوه‌ڕی وایه وشه ته‌نها نیشانه و سیمبۆله. ئایا ده‌نگ بوو؟ نه‌خێر، ده‌نگ ده‌بیسترێت. به‌لآم ده‌توانم بڵێم ئه‌وه وێنه، یاخود ئاماژه بوو. که‌واته وشه له ڕووی مێژووییه‌وه له وێنه و ئاماژه نوێتره. (فردیناند دی سۆسێر) پێی وایه زمان سیسته‌می ئاماژه‌کانه و هه‌موو سیمبۆلیکی زمانیش له دال و مه‌دلول پێکهاتووه، ده‌نگ و نووسراو، که به‌پێی یاسای سینتاگماتیک و سیتسه‌م به‌ڕێوه ده‌برێن. له جۆگرافیا فێری ئه‌وه کراوین، که بوونی هه‌ور به‌ته‌نیا به‌س نییه بۆ بارین، به‌ڵکو ده‌بێت فاکته‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌کو (با) و پله‌ی گه‌رمیی گونجاویش له گۆڕێ‌دا بن. ئه‌وسا له کتێبخانه فه‌رمانبه‌ر بووم، ته‌له‌فۆنم بۆ شێفه‌که‌م کرد و گوتم نه‌خۆشم، نایه‌م بۆ ده‌وام، چونکه ده‌مویست چیرۆکه‌که‌م ته‌واو بکه‌م، که به‌ڕواڵه‌ت له یه‌ک ڕسته‌وه ده‌ستی پێ کرد، به‌لآم راستییه‌که‌ی له وێنه‌یه‌ک، یان له ئاماژه‌یه‌که‌وه سه‌ری هه‌ڵدا. جا هه‌ر به‌ڕاستییش نووسه‌ر له کاتی نووسیندا له حاڵه‌تێک دایه، که ده‌کرێت به نه‌خۆشیی دایبنێین. لێره‌دا من له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌ی (مێشێل بوتۆر) دام، که ده‌ڵێت: (ئه‌وه ڕۆمان خۆیه‌تی خۆی داده‌ڕێژێت، نه‌وه‌ک ڕۆماننووس)، به‌لآم ئه‌وه‌نده‌ش ده‌ڵێم، که نووسه‌ر، چونکو تێڕوانینێکی تایبه‌تی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه و پابه‌ندیشه به کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری مێژوو، جۆگرافیا، زمان، سایکۆلۆژیا، بایۆلۆژیا و فیزیاوه، ئه‌وا خاوه‌نی خودێکی بیرکه‌ره‌وه‌ی جیاوازه، که ئه‌مه‌ش وا ده‌کات هه‌ڵگری زیاترین وێنه و ئاماژه بێت. که‌واته هه‌ر کارێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری چه‌ند ڕواری (عفوی)یانه بێته به‌رچاو، به‌لآم دواجار هه‌ر به‌رهه‌می کارلێکردنی ئه‌و وێنانه‌یه له‌گه‌ڵ زماندا له ساته‌وه‌ختی خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌دا، چونکه وه‌کو گوتمان هه‌موو ئه‌و وێنانه له ڕووی مێژووییه‌وه ده‌که‌ونه پێش کاتی ئه‌فراندنی تێکست و له شێوه‌ی یاده‌وه‌ریی تاک و کۆدا ده‌رده‌که‌ون. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین هه‌موو خوێندنه‌وه‌کان چ له‌سه‌ر ئاستی بینین و چ له‌سه‌ر ئاستی فیکر و ئه‌قڵدا گرینگن و ئه‌و دینامیکییه‌ته مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. من خۆم ئه‌و کاته‌ی خه‌ریکی نووسینم، له هه‌ر کاتێکی دیکه زیاتر ده‌خوێنمه‌وه و پتر سه‌رنج له ورده‌کاریی شته‌کان ده‌ده‌م. بیرۆکه‌ی ڕۆمانی (مامزێر) له زۆر زووه له خه‌یاڵی مندا هه‌بوو، به‌لآم هیچم له‌باره‌ی کاره‌کته‌ره‌کانمه‌وه نه‌ده‌زانی، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنیاندا ورده ورده پێیان ئاشنا ده‌بووم. ئه‌وه‌نده هه‌یه هه‌موو ڕووداوه سیاسی و ئابوورییه‌کانی نه‌وه‌ده‌کان چ له کوردستان و چ له ده‌ره‌وه ڕۆڵیکی گه‌وره‌یان له‌وه‌دا بینی، که ئه‌و تێکسته به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا بجووڵێنن. ده‌توانم بڵێم ئه‌و کاته‌ی له زانکۆ خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئایینه‌کان بووم، له هه‌موو شتێک زیاتر سیحری کات و شوێن ته‌فره‌یان ده‌دام، هه‌ر بۆیه پێش ئه‌وه‌ی هیچ کاره‌کته‌رێک بوونی هه‌بێت، خۆم ته‌نیا له‌ناو ئه‌و فه‌زا میتۆلۆژییه‌دا تاق و ته‌نیا بووم. پێوه‌ندیی نێوان ڕۆماننووس و کاره‌کته‌ر پێچه‌وانه‌ی پێوه‌ندیی نێوان پزیشک و نه‌خۆشه. نه‌خۆش وه‌سفی حاڵه‌ته‌کانی خۆی ده‌کات و دکتۆر له‌ژێر ڕۆشنایی قسه‌کانی ئه‌ودا هه‌نگاو ده‌نێت، به‌لآم ئه‌وه نووسه‌ره ده‌رده‌کانی خۆی بۆ کاره‌کته‌ر وه‌سف ده‌کات و ئه‌و له ڕێگایانه‌وه درێژه به ژیانی خۆی ده‌دات. حاڵه‌تێک هه‌یه له کاتی نووسیندا، که خۆشت وه‌کو نووسه‌رێک هه‌ستی پێ ده‌که‌یت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زۆر جار وا ده‌زانی سه‌رچاوه‌ی بیرکردنه‌وه و زمانی کاره‌کته‌ره‌که‌ت تۆ نییت، به‌ڵکو هه‌ر خۆیه‌تی، یان سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌یه، بۆیه هه‌ندێ جار وا ڕوو ده‌دات، که نه‌زانی چۆن ئه‌م دێڕ و ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ت نووسیوه. ده‌مه‌وێ پێت بڵێم ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاری ئێمه دژوار ده‌کات، له‌وه‌ی بزانین کوێ سه‌ره‌تایه و کوێ کۆتایی. من له کاتی نووسینی (مامزێر)دا کێشه‌که‌م به پله‌ی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ شێوازی گێڕانه‌وه‌دا بوو. زۆر گرینگ بوو ئه‌و خاڵه بدۆزمه‌وه، که نه سه‌ره‌تا بێت و نه کۆتایی، هه‌تا کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌می لێ ده‌ربخه‌م. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یت، ئه‌وا ده‌بینیت تێکسته‌که له شوێنێک ده‌ست پێ ده‌کات، که هه‌ر سێ کاتی ڕابردوو و ئێستا و ئاینده پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه: (له ڕێگا، کاتێ جه‌نگاوه‌ره ڕیشنه‌کان ڕووتوقووت به‌سه‌ر لمه داخبووه‌که‌دا ده‌یانهێناین، له‌ناو سه‌رجه‌می دیله‌کاندا ته‌نها چاوی منیان نه‌به‌ستبوو... ئێستایش، که ئه‌وه‌تا شه‌که‌ت و ماندوو خراوینه‌ته ناو ئه‌م قه‌فه‌زه گه‌ورانه‌ی به‌ر هه‌تاوی چله‌ی ئه‌م هاوینه پڕووکێنه‌ره‌وه، ته‌نها پرسیار له من ناکه‌ن). هه‌روه‌ها شوێنه‌که‌ش، که بیابانه، دوو سیفه‌تی دژی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه به ڕۆژ زۆر گه‌رم و به شه‌ویش ئێجگار سارد، که ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌وه خۆش کرد، هه‌تا له ڕێگای ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌وه هه‌م شته له‌یه‌کچووه‌کان و هه‌م شته جیاوازه‌کان بیری کاره‌کته‌ر بخرێنه‌وه. که‌واته من نازانم ماوه‌ی نێوان سه‌ره‌تای بیرکردنه‌وه‌ی من له نووسینی ئه‌و تێکسته و خوڵقاندنی یه‌که‌م ڕسته‌دا چه‌نده، بۆیه وه‌کو (بۆرخێس) پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرم، که وشه ته‌نها سیمبۆله و هیچی دیکه.
ڕابه‌ر فاريق: به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سوودت له مێژوو وه‌رگرتووه، ئێمه ده‌بینین له ڕابردوودا ئه‌وانه‌ی له‌سه‌روه‌ختی نووسینی چیرۆک و ڕۆماندا گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ مێژوو، پتر له‌وه‌ی ئاگادار بن که خه‌ریکی چیرۆک و ڕۆمان نووسینن، خۆیان بۆ به‌ره‌نگاریی و ئایدیۆلۆژیا ته‌رخان کردووه، خۆ ڕه‌نگه هه‌ندێکیان به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریش بن، وه‌هایان به‌سه‌ر هاتبێ. به‌لآم تۆ وه‌کوو ئه‌زموونی دووهه‌مت له ڕۆماندا، چۆن توانیوته به‌سه‌ر ئه‌م به‌ربه‌سته گه‌وره‌یه‌دا باز بده‌ی؟
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:ئه‌وه‌ی ده‌توانێت له ئاستی ده‌سه‌لآتی مێژوودا بوه‌ستێته‌وه، که هه‌میشه بارگاوییه به ئایدۆلۆژیای زاڵ، خه‌یاڵ و فانتازیایه. هیچ گوتارێک نییه مێژوویی نه‌بێت، مادام هیچ کردارێک ناکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کاتی فیزیکییه‌وه، بۆیه کاتێک نووسه‌ر له وزه‌یدا نییه له ڕێگای تێڕوانینی جیاوازی خۆیه‌وه مێژووی تایبه‌ت به خۆی دابمه‌زرێنێت، ئه‌وا مێژووی فه‌رمی له‌ناو گوتاری ئه‌ودا ئاماده‌یه. ده‌توانم بڵێم (مامزێر) نه گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی مێژووییه له ڕێگای ڕۆمانه‌وه و نه نووسینی ڕۆمانه له ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی مێژووه‌وه، به‌ڵکو هه‌وڵێکه بۆ پێکهێنانی گوتارێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ. هونه‌ری نووسینی ڕۆمان ئه‌وه به‌سه‌ر ڕۆماننووسدا ده‌سه‌پێنێت، که وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا نیشان بدات، ئه‌مه هه‌ر خۆی تێکشکاندنی گوتاری مێژووه، که ئه‌وه‌ی دووه‌میان پابه‌نده به کۆمه‌ڵێک مه‌رجی ئه‌کادیمی و زانستی و مه‌به‌ستیه‌تی وێنه‌یه‌کی هاوشێوه‌ی واقیع ده‌ربخات. تۆ ده‌ست ده‌خه‌یته سه‌ر خاڵێکی گرینگ، کاتێ ده‌ڵێیت هه‌ندێک نووسه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان لێ بێت، ئه‌ده‌بی خۆیان بۆ به‌ره‌نگاریی و ئایدیۆلۆژیا ته‌رخان کردووه. وه‌کو گوتمان ئه‌وه له نه‌بوونی تێڕوانینی جیاواز و له نه‌بوونی خه‌یاڵ و فه‌نتازیای کاریگه‌ره‌وه لای ڕۆماننووس ڕوو ده‌دات. به‌ڵێ، کاتێک ڕۆماننووس ده‌بێته مێژوونووس، ئه‌وه له هۆشیارییه‌وه نییه، به‌ڵکو ته‌نها ئه‌وه‌یه، که نه‌یتوانیوه سه‌ربه‌خۆییی خود بپارێزێت، به‌وه‌ی پێوه‌ندیی خود به واقیع ڕووکه‌ش و ڕاسته‌وخۆ داده‌مه‌زرێنێت، له کاتێکدا یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕۆمان ئه‌وه‌یه، که پێوه‌ندیی خود و بابه‌ت له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆل پێکده‌هێنێت. هه‌ندێک له ڕۆماننووسانی ئێمه هه‌تا ئێستاش په‌یڕه‌وی گرێچنی سه‌ره‌تا _ ناوه‌ڕاست _ کۆتایی ده‌که‌ن، که هه‌ر خۆی له بنه‌ڕه‌تدا گرێچنی مێژووه، به‌لآم که‌مێک ئارایشتیان له زماندا کردووه، به‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی میکانیکییانه ڕه‌گه‌زی شیعری‌یان خزاندۆته ناویه‌وه، بۆیه ئه‌و جۆره ڕۆمانه کار له‌سه‌ر گواستنه‌وه و ئاسانکردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیا ده‌کات. مه‌به‌ستیش له ئایدۆلۆژیا هه‌موو ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ن، که له ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا له کۆمه‌ڵگا باون. ڕه‌خنه‌ی ئێمه هه‌تا ئێستا هێزێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ی له خۆیدا به‌دی نه‌کردووه، هه‌تا بتوانێت ستایلی ئه‌و جۆره ڕۆمانه له‌گه‌ڵ ستایلی گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی‌دا پۆلێن بکات، بگره زۆر جار به‌و زمانه وه‌سفییه‌ی خۆی ڕه‌واجیشی پێ ده‌دات. ڕاستییه‌که‌ی له‌و جۆره ڕۆمانه‌دا جیاوازی له‌نێوان بابه‌ت و بیرۆکه‌دا نه‌کراوه، به‌وه‌ی ته‌نها یه‌که‌م هه‌یه و دووه‌م بوونی نییه. بابه‌ت خۆی ئه‌و که‌ره‌سه خاوه‌یه، که له‌سه‌ر ئاستی کۆ، له خه‌یاڵی هه‌مووماندا هه‌یه و له ڕێگای تێڕوانینه‌وه، واته له ڕێگای زمان و بیرۆکه‌کانی خۆمانه‌وه ئه‌و بابه‌ته له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌لآیه‌تییه‌وه ده‌خه‌ینه سه‌ر ئاستی خود. به مانایه‌کی دیکه بابه‌ت، یاخود ناوه‌رۆک ئه‌زموونێکی کۆمه‌لآیه‌تییه، ئه‌وه تێڕوانین و ته‌کنیکن تایبه‌تمه‌ندیی پێ ده‌به‌خشن، به‌لآم کاتێک بیرۆکه نییه، تێڕوانین نییه، ئه‌وا ئه‌رکی زمان ته‌نها ده‌بێته گواستنه‌وه‌ی ڕووداو له دۆخی سه‌رزاره‌کییه‌وه بۆ دۆخی تۆمارکردن و تایبه‌تمه‌ندی نایه‌ته کایه‌وه. بۆ نموونه کاتێک ده‌ڵێین (شێخ مه‌حموودی حه‌فید)، ئه‌وا خێرا بابه‌تێکی ئاماده‌مان ده‌که‌وێته به‌رده‌ست، که خۆی له مێژووێکی تراژیدییدا ده‌بینێته‌وه. کێشه‌که لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، کاتێک ڕۆماننووس وا ده‌زانێت ئه‌و بابه‌ته یارمه‌تیده‌رێکی باشه بۆ نووسینی ڕۆمان، به‌وه‌ی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بێ‌شومار وێنه‌ت ده‌خاته به‌رده‌م، به‌لآم ڕاستییه‌که‌ی لێره‌وه‌یه ئه‌و بابه‌ته زه‌حمه‌ته، که ده‌بێت تۆ زیاترین وێنه تێکبشکێنیت و وێنه‌ی دیکه‌یان له‌جێ دابنێیت، که ئه‌و پرۆسێسه ته‌نها له ڕێگای تێڕوانینی جیاوازی نووسه‌ر و ته‌کنیکه‌کانی نووسینه‌وه جێبه‌جێ ده‌بێت. ئه‌م کێشه‌یه له ئه‌ده‌بی ئه‌نفالدا زۆر به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت، که خۆم له‌مه‌وپێش چه‌ند جاری دیکه له‌باره‌یه‌وه دواوم. نووسه‌ری ئێمه، که ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لآتی مێژوو ته‌بایه و به شوێنی دڵنیاییه‌کانی خۆی ده‌زانێت، ئه‌وه له لایه‌ک بۆ که‌میی هۆشیاری و له لایه‌کی دیکه بۆ نه‌بوونی پرسیار و نیگه‌رانیی ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و چه‌مکه. (جه‌یمس جۆیس) له ڕۆمانی (ئۆلیس)، له‌سه‌ر زمانی (ستیڤن)ه‌وه ده‌ڵێت: (مێژوو خه‌ونێکی دێوه‌زمه‌یه، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌م لێی به‌ئاگا بێمه‌وه). له (مامزێر)دا ئه‌وه‌ی گرینگیی پێ دراوه، مێژوو نییه، به‌ڵکو ئێلته‌رناتیڤی مێژوو (Alternative History) و مێژووی گریمانی (Virtual History)ین، که له لایه‌ک تێکه‌ڵکردنی خه‌یاڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوی ڕاسته‌قینه‌دا و له لایه‌کی دیکه گۆڕینی کات و شوێن و کۆنتێکستی ڕووداوه، که ئه‌مه زیاتر له میتۆلۆژیا نزیک ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که کات مانایه‌کی سایکۆلۆژیی هه‌یه و له‌ناو ئێتمۆسفێرێکی میتۆلۆژییدا ده‌رده‌که‌وێت، که دووره له‌و کاته‌ی له که‌لێنده‌ردا هه‌یه. ئه‌وه‌ش وای پێویست ده‌کرد پشت به گێڕانه‌وه‌ی که‌سی (Subjective Narration) ببه‌سترێت، که له بنه‌ڕه‌تدا ته‌کنیکێکی سینه‌ماییه. به‌پێی پێویستیش هه‌ردوو ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک و که‌سی دووه‌می تاک جێگۆڕکێیان پێ کراوه. بۆ ئه‌و حاڵه‌ته ڕۆحی و سایکۆلۆژییه‌ی کاره‌کته‌ره‌که له‌ناو قه‌فه‌ز و له بیاباندا به‌دیلکراوی بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه و وه‌سفی ده‌وروبه‌ری ده‌کات، ئه‌م ته‌کنیکه گونجاو بوو، بۆئه‌وه‌ی جیهانی ناوه‌وه زیاتر بایه‌خی پێ بدرێت. به مانایه‌کی دیکه تێکسته‌که به‌ره‌و میتۆلۆژیا، نه‌وه‌ک مێژوو، ئاڕاسته بکرێت. جۆرێک له ئاڵوێری وێنه و بیرۆکه له‌نێوان دنیای ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌دا پێکهاتووه. یان به مانایه‌کی دیکه دنیای فیزیکی، واته جۆگرافیا و دنیای میتافیزیکی، واته ئه‌و دنیا میتافۆرییه‌ی، که کاره‌کته‌ر له ڕێگای خه‌یاڵه‌کانی خۆیه‌وه دایهێناوه، تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌بن. ئه‌و وێنانه‌ی له ده‌ره‌وه له ڕێگای بینینه‌وه بۆ ناوه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه، له‌گه‌ڵ سیسته‌می میتۆلۆژیادا ڕێکده‌خرێن، که ئه‌و میتۆلۆژیایه چ کاره‌کته‌ر خۆی دایهێناوه و چ وه‌کو یاده‌وه‌ریی کۆ له نه‌ستیدا ئاماده‌یه. له ڕێگای ناردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه بۆ ده‌ره‌وه، پرۆسێسی کۆنتاکتکردن به‌رده‌وام ده‌بێت، که خۆی له تێکه‌ڵکردنی زه‌مه‌نی سایکۆلۆژی و زه‌مه‌نی سرووشتییدا ده‌بینێته‌وه. به مانایه‌کی دیکه هیچ شتێک ناتوانێت ببێته خاوه‌نی مانا، هه‌تا به خوددا تێنه‌په‌ڕێت. کاتێکیش به‌وێدا تێده‌په‌ڕێت، ماهیه‌تی ده‌گۆڕێت، چونکه له ڕێگای بینینه‌وه شته‌کان له‌باری جێگیرییه‌وه بۆ باری جووڵه ده‌گۆڕێن. وه‌کو گوتیشمان له‌گه‌ڵ سیسته‌می میتۆلۆژیادا ڕیکده‌خرێن و له‌ژێر ده‌سه‌لآتی مێژوو دێنه ده‌رێ. دواجار یۆتۆپیایه‌ک هه‌یه و له کۆی خه‌یاڵی کاره‌کته‌ره‌کان پێکدێت. یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی مێژوو کورتکردنه‌وه‌ی واقیع و سنووردارکردنی ڕووداوه به مه‌به‌ستی دانانی فۆرمێکی دیاریکراو، به‌لآم میتۆلۆژیا به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌کو (میرسیا ئیلیاد) ده‌ڵێت: (له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی جیاواز و ستره‌کچه‌ری جیاواز ڕێکخراوه. له‌جیاتی ڕووداو، توخمه‌کان و له‌جیاتی کاره‌کته‌ره مێژووییه‌کان، مۆدێله کۆنه‌کان، لای خۆی ده‌هێڵێته‌وه). وه‌ک ده‌بینین میتۆلۆژیا به‌شێوه‌یه‌کی ده‌مامکدراو و له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا ده‌رده‌که‌وێت و وه‌کو زمانیش خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک میتافۆره. ئه‌ویش وه‌کو ئه‌ده‌ب ره‌گه‌زی ئیکزۆتیکا له خۆی ده‌گرێت. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و زمانه مه‌به‌ستیه‌تی له ڕێگای ئاماژه‌وه خۆی ده‌ربخات، نه‌ک ڕاسته‌خۆ خۆی بدرکێنیت، که ئه‌مش وا ده‌کات وه‌کو ئه‌ده‌ب ببێته چالاکییه‌کی فیکری و خۆی له‌ژێر ده‌سه‌لآتی واقیع بێنێته ده‌رێ. ئه‌ده‌بی جیدی هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه دابووه ئێلته‌رناتیڤی مێژوو بدۆزێته‌وه، بۆ نموونه لای (ساموێل بیکیت) عه‌ده‌م (Scratch) له شوێنی مێژوو دایه، که سه‌رچاوه‌یه بۆ دڵه‌ڕاوکێ و سه‌رسامی. به‌گشتی ڕۆماننووسه گه‌وره‌کان هه‌ر له (دۆیستۆیڤسکی) و (جه‌یمس جۆیس) و (کافکا) و (تۆماس مان) و (کنوت هامسۆن)ه‌وه هه‌تا (کازانتزاکی) و (ئه‌لبێرت کامۆ) و (ساموێل بیکیت) و (هێرمان هێسه) و (ئومبێرتۆ ئیکۆ) له‌ناو میتافیزیکادا دنیای جیاوازی خۆیان دامه‌زراندووه، چونکه میتافیزیکا پێچه‌وانه‌ی یه‌قینی ئایدۆلۆژیا به هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی سیاسی و ئایینییه‌وه، به‌رهه‌مهێنه‌ری پرسیار و سه‌رسامی و ته‌مومژ و ئیکزۆتیکایه، له کاتێکدا ئایدۆلۆژیا خۆی وه‌لآمی ئاماده‌ی هه‌یه بۆ پرسیار و بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ته‌مومژ و بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هه‌موو لوغزه‌کان، له‌پاڵ ئه‌وه‌دا موعجیزه‌کانی خۆی ده‌خاته شوێنی ئیکزۆتیکا. مێژوونووس هه‌میشه له‌وه ده‌ترسێت به ناپاک دابنرێت، بۆیه تا له توانایدا بێت بۆ ساغکردنه‌وه و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ڕووداو، میتۆده زانستییه‌کان ده‌گرێته به‌ر، له کاتێکدا ڕۆماننووس ئه‌و ناپاکییه‌ی قه‌بووڵه و وه‌کو گه‌مه‌یه‌کی هونه‌ری سه‌یری ده‌کات. ئه‌گه‌ر (مامزێر) ویستبێتی مێژوویه‌کی جیاواز له مێژووی فه‌رمی پێکبهێنێت، ئه‌وا هاوکات هه‌وڵی ئه‌وه‌شی داوه هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا کۆنتاکت له‌گه‌ڵ جۆگرافیادا بکات. به مانایه‌کی دیکه شوێنیش وه‌کو کات به شێوه‌یه‌ک ته‌وزیف بکات، که له‌گه‌ڵ دنیای ناوه‌وه ڕێکبکه‌وێت و ڕه‌هه‌نده ئیستاتیکی و نۆستالژییه‌که‌ی بخرێته به‌رچاو، به‌ڕاده‌یه‌ک بتوانێت له‌ژێر ده‌سه‌لآتی مێژوو ده‌ریبهێنیت و به‌پێی سیسته‌می میتۆلۆژیا ڕێکی بخاته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یت تێکه‌ڵییه‌ک هه‌یه له‌نێوان (سرووشت) و (شارستانییه‌ت)دا، که (کلۆد لیڤی شتراوس) به نه‌کولآو (Raw) و کولآو (Cooked) ناویان ده‌بات. کاره‌کته‌ره‌کان چ له‌ناو سرووشت و چ له‌ناو شارستانییه‌ت، یان به مانایه‌کی دیکه له‌ناو که‌لتووردا ده‌ژین. ته‌نانه‌ت تێکه‌ڵییه‌ک هه‌یه له‌نێوان مرۆڤ و گیاندار و باڵنده‌کاندا، که هه‌ندێکیان زۆر ده‌مێکه نه‌ماون. وای لێ دێت مرۆڤه‌کان به چاوی خۆیان گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌سپ ده‌بینن، که له هه‌ر قۆناغێکی مێژوویی‌دا قه‌باره‌که‌ی ده‌گۆڕێت و ناوێکی نوێ هه‌ڵده‌گرێت. له هه‌موو ئه‌مانه‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم مادام تێکسته‌که له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆل و میتافۆر بنیات نراوه، که‌واته شوێنیش وه‌کو کات ڕیالیستی نییه. مامه‌ڵه‌ی کاره‌کته‌ر ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ شوێندا نییه، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ وه‌همی جۆگرافیا (Geography illusion) دایه. هه‌ر یه‌که‌یان تێروانینێکی جیاوازی بۆ شوێن هه‌یه و به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی شته‌کان ده‌بینێت. لایه‌نی ماتریالیی شوێن به ورده‌کارییه‌کانی ڕووی ده‌ره‌وه‌ی لای ئه‌وان گرینگ نییه. (گۆته) ده‌مێکه وتوویه‌تی ژیان سه‌رابه. به‌لای (ئێدمۆند هۆسرل)ه‌وه حه‌قیقه‌تی شته‌کان بوونێکی ڕیالیستییانه‌ن، به‌لآم ئه‌بستراکت نیین. ئه‌و شتانه بوونی سه‌ربه‌خۆیان نییه، به‌ڵکو گریمانیین و ئێمه له ڕێگای هۆش و هه‌سته‌کانمانه‌وه هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین. له ڕێگای پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه‌وه ئێمه ده‌زانین، که فیکرمان له‌و حاڵه‌تدا ئاماژه به شتێک ده‌دات. ده‌مه‌وێ لێره هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌م، چونکه نایشارمه‌وه له کاتی نووسینی (مامزێر)دا فه‌لسه‌فه‌ی (هۆسرل)، که به فینۆمینۆلۆجیا ناسراوه، زۆر کۆمه‌کی کردووم. مه‌به‌ستیشم زیاتر ئه‌و لایه‌نه‌یه، که بایه‌خ به خود ده‌دات. به‌لاته‌وه سه‌یر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بڵێم من له منداڵییه‌وه به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به‌و دیدگایه‌ی (هۆسرل) له دنیام ڕوانیوه. ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ دیارده‌دا، به‌بێ بوونی هیچ هۆکارێکی ده‌ره‌کی له‌نێوان من و ئه‌و دیارده‌یه‌دا، هه‌تا له ناسینیدا یارمه‌تییم بدات. له کاتی نووسینی کتێبی منداڵییمدا زیاتر هه‌ستم به‌وه کرد. له‌وێ زانییم به درێژاییی ته‌مه‌نم میتافیزیکا چ به‌شێکی گه‌وره‌ی له ژیانی مندا داگیر کردووه. (سیوه‌یلی)یش له یه‌کێک له تێبینییه‌کانی له‌باره‌ی ئه‌و کتێبه‌وه هه‌ر وای پێ گوتم. هه‌روه‌ها (سیوه‌یلی) سه‌رچاوه‌ی ئیماجینێیشنه‌کانی بۆ لیبیدۆ گێڕایه‌وه، که له منی منداڵدا بۆته پاڵنه‌ری گه‌وره له خوڵقاندنی ئه‌و وێنانه‌دا، به‌وه‌ی ئه‌و وێنانه سیمای ناعه‌قلانییان هه‌یه. هه‌ستکردن له فینۆمینۆلۆجیای (هۆسرل)دا واته وێنه‌گرتنی دنیا. مرۆڤ هه‌میشه دنیا به‌قه‌ده‌ر قه‌باره‌ی هه‌سته‌کانی خۆی بچووک ده‌کاته‌وه، که ناو له‌و میتۆده ده‌نێت بچووکردنه‌وه‌ی فینۆمینۆلۆجی (reduction phenomenologique). واته حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه، که له‌و ساته‌دا له ئێمه دیاره و ده‌بێت له‌وه بکۆڵدرێته‌وه، چونکه ئه‌و له شوێنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌شه، که شاراوه‌یه. تێگه‌یشتن له بابه‌ت له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه، نه‌ک له ڕێگای ئه‌و حوکمانه‌ی پێشتر له‌باره‌یانه‌وه هه‌مانه، واته گواستنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه له باری واقیعه‌وه بۆ باری بیرکردنه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی (هایدگه‌ر)ه‌وه، که پێی وایه سه‌رچاوه‌ی مرۆڤ و زمان یه‌کێکن، که زه‌مه‌نه، ئه‌وا لای (هۆسرل) مانا هه‌یه، بۆیه زمان بوونی هه‌یه، چونکه زمان یه‌کسانه به قه‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌ی لێمانه‌وه دیارن، بۆیه (هۆسرل) ده‌یه‌وێت له پێوه‌ندیی نێوان کرداری مه‌عریفه و ئۆبژێکتی مه‌عریفه، واته ئه‌و شته‌ی، که پێویسته لێی تێبگه‌ین؛ بکۆڵێته‌وه. له هه‌موو ئه‌مانه‌دا ویستم له لایه‌ک له‌باره‌ی تێڕوانینی خۆمه‌وه بۆ مێژوو و جۆگرافیا بدوێم و له لایه‌کی دیکه به‌شیک له‌و ئه‌زموونه‌ی خۆمت بۆ باس بکه‌م، که له‌گه‌ڵ ئه‌و تێکسته‌دا هه‌مه. (میکایل باختین) له کتێبی (شێوازه‌کانی کات و شوێن له ڕۆماندا) پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، که له کاری هونه‌رییدا ئاسان نییه کات و شوێن له یه‌کتر جیا بکرێنه‌وه، بۆیه (باختین) له کتێبی (ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانی شیعرییه‌تی دۆیستۆیڤسکی)دا چه‌مکی شوێنکات (کۆرۆنۆتوپ Coronotup ) به‌کار ده‌هێنێت. لای (گاستۆن باشلا‌ر)یش لایه‌نی خه‌یاڵ، نه‌وه‌ک لایه‌نی پۆزیتیڤی (وضعی)ی شوێن جێگای بایه‌خه. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتریش له پرسیاره‌که‌ی تۆ نزیک ببمه‌وه، ئه‌وا ده‌ڵێم ئه‌زموونی ژیانی پێرسۆناڵیی خۆم، به‌تایبه‌تی هی سه‌رده‌می منداڵییم، زۆر کۆمه‌کی کردووم، که له تێڕوانینی خۆمه‌وه شته‌کان وێنا بکه‌م. هه‌رچه‌ند ئه‌م تێکسته له به‌شێک له پێکهاته‌ی خۆیدا ته‌عبیر له دنیای کۆن ده‌کات، به‌لآم ناکرێت تێڕوانینه‌کان له‌م سه‌رده‌مه داببڕین، وه‌کو (هانز ڕۆبێرت یاوس) پێی وایه هه‌موو تێکستێک به‌رهه‌می ئه‌و سه‌رده‌م و ژینگه‌یه‌یه، که نووسه‌ر تیایاندا ژیاوه. ئه‌گه‌ر جارێکی دیکه بۆ لای چه‌مکی شوێنکات (کۆرۆنۆتوپ Coronotup)ی (باختین) بگه‌ڕێینه‌وه، که وه‌کو به‌شێک له میکانیزمی گێڕانه‌وه‌ی فره‌ده‌نگی (پۆلی‌فۆنی Polyphony)ی کاری پێ ده‌کات، ئه‌وا ده‌بینین شوێنکات له توانایدا هه‌یه هه‌موو شته‌کان چ له‌سه‌ر ئاستی مێژوو و چ له‌سه‌ر ئاستی جۆگرافیادا پێکه‌وه ببه‌ستێته‌وه. واته شوێنکات دنیای کۆن و دنیای نوێش پێکه‌وه ده‌خاته ناو سپێیس (فضاء)ه‌وه و دنیای دیکه‌یان لێ پێکده‌هێنێت، که هه‌ر لای (باختین) ئه‌مه به‌شێکه له پرۆسیسی ده‌قئاوێزان (Intertextual). به منداڵی به‌رده‌وام خۆم له‌نێوان دوو زه‌مه‌نی پێچه‌وانه‌ی یه‌کتردا ده‌دۆزیه‌وه، زه‌مه‌نێک، که هی ڕابردوو بوو، هه‌میشه وام ده‌زانی من ئه‌وه‌یانم له ده‌ستم چووه. له‌لایه‌کی دیکه په‌له‌ی گه‌وره‌بوونم بوو، وامده‌زانی گه‌وره‌بوون رزگاربوونه له ده‌سه‌لآتی باوکی خێزان و قوتابخانه و گه‌یشتنه به دڵنیایی. هه‌میشه هه‌ستێکی سه‌یرم به‌رامبه‌ر به شوێنیش هه‌بووه، که وام زانیوه هه‌ڵه‌یه‌ک له شوێندا هه‌یه و به‌ناته‌واوی هاتۆته به‌رچاوم. ویستوومه له ڕێگای خه‌یاڵه‌وه ڕێکی بخه‌مه‌وه. ئه‌مه له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ مندا هاتووه. وا دیاره هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌شه وای لێ کردووم به‌ئاسانی له‌گه‌ل شوێندا ڕانه‌یه‌م و ئه‌درێسه‌کانم لێ تێکه‌ڵ بێت. هه‌روه‌ها باوه‌ڕێکی دیکه‌م هه‌بووه، که شوێن له به‌رده‌م هێرشه‌کانی زه‌مه‌ندا خۆی ناگرێت، بۆیه به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه دا بووم له خه‌یاڵی خۆمدا ئه‌و شوێنانه بخوڵقێنم، که زه‌مه‌ن نه‌توانێت زه‌فه‌ریان پێ به‌رێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر نووسه‌رێک یۆتۆپیایه‌کی هه‌بێت، ئه‌وه یۆتۆپیای من زۆر له (مامزێر)ه‌وه نزیکه. دواجار ده‌مه‌وێ بڵێم (مامزێر) تێکستێک نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تێڕوانینی ئێمه بۆ کات و شوێنێکی دیاریکراو، بۆیه ناشتوانین نه به‌ش به‌ش واقیعی پێ بخوێنینه‌وه و نه له واقیعیشه‌وه بیخوێنینه‌وه، چونکه وه‌کو گوتم هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه واقیعێکی سه‌ربه‌خۆی خۆی دابمه‌زرێنێت.
ڕابه‌ر فاريق: له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌شتدا ئه‌گه‌رچی مامه‌ڵه‌یه‌کی فانتازییانه‌ت له‌گه‌ڵ شوێندا کردووه، به‌لآم ئه‌و مامه‌ڵه‌یه نه‌گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شوێنانه بشاریته‌وه، به‌تایبه‌تی هه‌ولێر، که به‌رده‌وام له چیرۆک و ڕۆمانه‌کانتدا ئاماده‌یه، به‌لآم له (مامزێر)دا ناوت له شوێن نه‌ناوه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک شوێنی لۆکا‌ڵی ناویان هه‌یه. ئایا تۆ به‌گشتی چۆن ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه له به‌رهه‌مه‌کانتدا پێکده‌هێنیت و له مامزێردا به‌تایبه‌تی چ پلانێکتان هه‌بووه؟
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:بایه‌خدانی من به هه‌ولێر زۆر هۆکاری هه‌یه، ئه‌گه‌رچی وه‌کو گوتم هه‌ولێری من هه‌ولێری سیمبۆلییه، نه‌ک هه‌ولێری مێژوویی. مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه نییه من له‌و شاره له دایک بووم و به‌شێکی ژیانی خۆمم تێدا به‌سه‌ر بردووه، به‌تایبه‌تی منداڵی و هه‌رزه‌کارییم، به‌ڵکو له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ئه‌و بایه‌خدانه پێوه‌ندیی به‌و شێوازه‌ی ئیشکردنه‌ی خۆشمه‌وه هه‌یه، که هه‌میشه ده‌مه‌وێت له‌باره‌ی شتی په‌راوێزخراوه‌وه بنووسم. دڵنیا به ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی هه‌ر شارێکی دیکه‌ی کوردستانیش بوومایه، هه‌ر له‌باره‌ی هه‌ولێره‌وه ده‌منووسی، چونکه هه‌میشه ڕوو له‌و شوێنانه ده‌که‌م، که که‌سانی دیکه به گیرنگیان نازانن، جا مه‌رج نییه ئه‌و شوێنانه ته‌نها جۆگرافیای ماتریالی بن چ له‌سه‌ر ڕووی خاک و چ له‌سه‌ر ڕووی جه‌سته‌دا، به‌ڵکو له ڕۆح و خه‌یاڵیشدا به‌دوای شوێنه په‌راوێزخراوه‌کاندا ده‌گه‌ڕێم. ده‌شمه‌وێ پێت بڵێم، که من له‌باره‌ی زۆربه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستانم نووسیوه هه‌ر له که‌رکووک و موسڵه‌وه هه‌تا سلێمانی و ورمێ. ئه‌مه بێجگه له ولآتانی دیکه‌ی وه‌کو عێراق، سوریا، تورکیا، یۆنان، ئه‌ڵمانیا و دانمارکیش له به‌رهه‌می مندا ده‌رده‌که‌ون. من وه‌کو نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن له‌باره‌ی شتێکه‌وه نانووسن، که هیچی له‌باره‌یه‌وه نازانن، من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه بنووسم، که هیچیان له‌باره‌یه‌وه نازانم، چونکه نووسه‌ر کاتێک له‌باره‌ی شته نه‌زانراوه‌کانه‌وه ده‌نووسێت، هه‌موو سه‌ره‌نجامه‌کان تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌که‌وێته به‌رده‌می پرۆسێسی ئه‌زموونگه‌رییه‌وه. (پیگی لویدێنز) له کتێبی (پرۆسێسی نووسین)دا ده‌ڵێت منداڵ حه‌ز ده‌کات له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه بنووسێت، که ده‌یانناسێت، هه‌ستیان پێ ده‌کات، سه‌رسامی ده‌که‌ن، پرسیاری لا ده‌ورووژێنن و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێیانه. هه‌موو ئه‌وانه‌ی (پیگی لویدێنز) ڕاستن بۆ ئه‌و کاته‌ی ئێمه فێری نووسین ده‌بین، به‌لآم له پرۆسێسی نووسینی فانتازیادا، نووسه‌ر تێکڕای ئه‌و شتانه تێده‌په‌ڕێنێت.جارێکیان یه‌کێک له هاوڕێکانم لێی پرسیم ئاخۆ به‌رهه‌می نوێم چییه، پێم گوت: (هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌باره‌ی عادیل سه‌لیمه‌وه بنووسم). ئه‌و هاوڕێیه‌م کاتێ ئه‌و تێکسته‌ی خوێنده‌وه، نه‌یشارده‌وه، که وایزانی بوو من ژیاننامه‌ی ئه‌و مرۆڤه ده‌نووسمه‌وه، بۆیه پێی گوتم: (ئه‌مجاره، کاتێ خه‌ریکی نووسینی به‌رهه‌مێک بوویت له‌باره‌ی بابه‌تێکه‌وه، بڵێ هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه نه‌نووسم، نه‌ک بنووسم). ڕاستییه‌که‌ی من قه‌رزاری ئه‌و پیاوه‌م، که یه‌که‌مین که‌س بوو بیه‌وێت تۆقه له‌گه‌ڵ منداڵێکی په‌راوێزخراوی وه‌کو مندا بکات. ئه‌و ده‌سته له ده‌ستی هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی دیکه جیاواز بوو، که من له ژیانی خۆمدا بینیبوومن، بۆیه ئه‌و تێکسته‌م له‌باره‌یه‌وه نووسی، که ناوی (له‌سه‌ر ده‌ستی عادیل سه‌لیم ده‌نووسم)م لێ ناوه، به‌لآم هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستی و ڕێزه‌ی من به‌رامبه‌ر به‌و مرۆڤه‌م هه‌بوو، وایان لێ نه‌کردم ڕاسته‌وخۆ له‌باره‌یه‌وه بنووسم و پێیدا هه‌ڵبڵێم. ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی (عه‌بدولخالیق مه‌عروف)، (جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر)، (ناسیح کۆچه‌ر) و (یوسف ده‌رگه‌له‌یی)یشه‌وه بنووسم، که به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له یاده‌وه‌ریی منداڵیی مندا هه‌ن، هه‌ر په‌یڕه‌وی ئه‌و میتۆده ده‌که‌م. گوته‌یه‌کی (میدیا ڕه‌وف بێگه‌رد)، که له‌باره‌ی نواندنه‌وه کردوویه‌تی، ته‌واو هه‌ژاندوومی. (میدیا بێگه‌رد)ی ئه‌کته‌ر له گفتوگۆیه‌کدا ده‌ڵێت: (کاتێک ده‌مه‌وێت ڕۆڵی که‌سێک ببینم، هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕقم له‌و که‌سه بێت، نه‌وه‌ک خۆشم بوێت). من له‌و گوته‌یه‌ی (میدیا بێگه‌رد) چاک تێده‌گه‌م، به‌وه‌ی ئه‌م له ڕێگای ئه‌و رقه‌یه‌وه هه‌موو ئه‌و هه‌سته نهێنییانه له خۆیدا ده‌دۆزێته‌وه، که له حاڵه‌تی خۆشه‌ویستییدا ده‌رناکه‌ون. دیاره ئه‌و ڕقه‌ی (میدیا بێگه‌رد) باسی لێوه ده‌کات، ڕقێکی پارادۆکسالییه، که دواجار هه‌ر ده‌بێته‌وه خۆشه‌ویستی. من خۆم کاتێک ده‌مه‌وێ تێکستێکی ئه‌ده‌بی بنووسم، له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه نانووسم، که مه‌به‌ستمه، به‌ڵکو ئه‌و جێده‌هێڵم و دژه‌که‌ی ده‌که‌مه ئامانج. ئه‌و پارادۆکساڵه‌م له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانمدا له‌به‌رچاو گرتووه. له ڕۆمانی (ئای له‌ڤیلیا له‌ڤیلیا!!)دا زۆر به‌ئاسانی ده‌متوانی به که‌ره‌سه‌کانی مێژوو کار بکه‌م. به زه‌حمه‌تم نه‌ده‌زانی، ئه‌گه‌ر باس له هێرشی به‌عس و ڕژاندنی گازی کیماوی بکه‌م، ئه‌مه له ده‌ست هه‌موو که‌سێک دێت، به‌ڵکو لایه‌نه سیمبۆلییه‌که‌ی ئه‌نفالم به‌لاوه گرینگ بوو، بۆیه ئه‌و گوته‌یه‌ی (به‌ختیار عه‌لی)م له پێشه‌کییه‌که‌یدا نووسی، که باس له‌وه ده‌کات، مه‌رج نییه ئه‌ده‌بی ئه‌نفال ئه‌وه بێت، که باس له خودی ئه‌نفال ده‌کات. (مامزێر)یشم هه‌ر به‌م میتۆده نووسی. جۆگرافیایه‌کی سیمبۆلییه، نه‌ک شارێک، یان ولآت و کێشوه‌رێکی دیاریکراو. ئه‌وه نووسه‌ره شوێنی لۆکا‌ڵی ده‌کاته شوێنی به‌ناوبانگ، نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. هیچ کاتێک شوێنی به‌ناوبانگ ناتوانێت نووسه‌رێکی لۆکا‌ڵی گه‌وره بکات. (مارکیز) گوندێکی بچووکی خوارووی ئه‌مریکای به هه‌موو دنیا ناساند. له ئه‌ده‌بدا شوێنی لۆکا‌ڵی و شوێنی سه‌ره‌کی بوونیان نییه، ئه‌وه تواناکانی زمانه ئه‌و سیفه‌تانه به شوێن ده‌به‌خشێت. هه‌موو نووسه‌رێک بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت ئه‌و شوێنه زیاتر کاری لێ ده‌کات، که تێیدا له دایک بووه و گه‌وره بووه، به‌لآم ئه‌وه هونه‌ری نووسینه ئه‌و کاریگه‌رییه به‌ره‌و داهێنان ئاڕاسته ده‌کات، به‌وه‌ی له ڕێگای فا‌نتازیا و زمانه‌وه سیما ئاشکرا‌کانی ئه‌و شوێنه بۆ کۆمه‌ڵێک سیمای دیکه ده‌گۆڕێت، که له‌گه‌ڵ واقیعی خوددا ده‌گونجێت. (گۆنته‌ر گراس)، له (دانتزیگ) له دایک و گه‌وره بووه، بۆیه ئه‌و شاره له ڕۆمانه‌کانی ئه‌ودا به‌و شێوه‌یه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. خۆی ده‌ڵێت: (ویستوومه سه‌رله‌نوێ ئه‌و شتانه دروست بکه‌مه‌وه، که سیاسه‌ت تێکی شکاندوون. کاتێک مرۆڤ به‌گشتی و نووسه‌ر به‌تایبه‌تی هه‌وڵ ده‌دات واقیع دروست بکاته‌وه، ئه‌وا ئه‌و واقیعه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و تێکه‌ڵی میتۆلۆژیا ده‌بێت). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (من نه‌ک هه‌ر دانتزیگ خۆی، به‌ڵکو ئه‌و مرۆڤانه‌یش کاریان لێ کردووم، که ناچار بوون گوند و شاری خۆیان جێبهێڵن و له‌وێ بگیرسێنه‌وه). ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت: (هه‌رچه‌ند ویستبێتم بنووسم، ئه‌و بابه‌ته خۆی به‌سه‌رمدا سه‌پاندووه). به‌لآم (گۆنته‌ر گراس) شوێنێکی جیاواز له شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی دروست کردۆته‌وه، بۆیه ناتوانین وه‌کو مێژوو بیخوێنینه‌وه. جۆگرافیا خۆی ته‌نها شوناسی تۆبۆگرافیی هه‌یه، به‌لآم ئه‌وه مرۆڤه له ڕێگای ئه‌زموونه‌کانی خۆیه‌وه له‌ناو زه‌مه‌ن شوناسی دیکه ده‌داته پاڵ جۆگرافیا. شوێنی پیرۆز، شوێنی حه‌رام، شوێنی حه‌وانه‌وه، شوێنی ئه‌شکه‌نجه، شوێنی پاک و شوێنی پیس، هه‌موویان ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌کانی مرۆڤن له‌ناو کۆنتێکستی مێژوودا. ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر ئاستی ئیستاتیکادا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه‌ی شوێن ده‌کات. پرۆسێسی خوڵقاندنی کاره‌کته‌ری جیاواز به‌بێ پرۆسیسی خوڵقاندنی جۆگرافیای جیاواز، جێبه‌جی نابێت. لای من چ له (مامزێر) و چ له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌شمدا خوڵقاندنه‌وه‌ی شوێنی به‌سه‌رچوو، یان دروستکردنی شوێنی گریمانی، ئه‌نجامی نیگه‌رانی و نه‌گونجانه له‌گه‌ڵ شوێنی ئێستادا. ڕاست ده‌که‌یت له (مامزێر)دا نه‌ک شوێن، بگره کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییش ناوی نییه، چونکه هه‌ردووکیان سیمای سیمبۆلییان هه‌یه. به مانایه‌کی دیکه هه‌وڵ دراوه ئه‌و ئاڕاسته ئاشکرایه‌ی له‌نێوان تێکستی ستاندارد و واقیعێکی دیارکراوادا هه‌یه، بسڕدرێته‌وه، یاخود به شێوه‌یه‌کی شاراوه ده‌ربخرێت.
ڕابه‌ر فاريق: له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی پشت به‌گێڕانه‌وه به‌ستراوه، ئه‌وه‌نده وتووێژ و وه‌سف نابینین، هاوکات کارئه‌کته‌ره‌کانیش زۆربه‌یان که‌سانی بێده‌نگن وه‌کوو قسه‌کردن، به‌ڵکوو له‌ده‌روونی خۆیاندا‌و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌په‌یڤن، که‌چی ده‌ورووبه‌ر ڕه‌ت ناکه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش له‌کن من سه‌یره، چونکه هه‌ر ڕۆمانێکم خوێندبێته‌وه، ئه‌گه‌ر کارئه‌کته‌ره‌کانی که‌مدووبن، بێزاریشن له‌ژیان، به‌لآم وه‌کوو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ کرد، له (مامزێر)دا هه‌ست به‌م حاڵه‌ته ناکه‌ین. جوداوازیی تۆ بۆ ته‌وزیفکردنی ئه‌م لایه‌نه له‌سه‌روه‌ختی بیرکردنه‌وه‌دا دروست بوو، یان له‌سه‌روه‌ختی نووسیندا؟ چونکه پێموایه نووسین تێکه‌ڵه‌یه‌که له ئاگایی و نا ئاگایی.
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:هیچ نووسه‌رێک ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری وه‌سف بێت، چونکه یه‌کێکه له پێکهاته گرینگه‌کانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، به‌لآم وه‌سف پێوه‌ندیی به دیدگای ئه‌و که‌سه‌وه هه‌یه، که له خۆی و له ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانێت. له هه‌موو ڕسته‌یه‌کی ته‌واودا وه‌سف هه‌یه، به‌لآم وه‌سف له‌و رستانه‌ی کرداریان تیا نییه، به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت وه‌کو (کچێکی ژیره)، (کوڕێکی ڕووخۆشه)، (ماڵێکی رووناکه) و (دارستانێکی چڕه). هه‌رچی ئه‌و ڕستانه‌ن، که کرداریان تێدایه، ئه‌وا هه‌ندێک جار ئه‌و وه‌سفه له‌سه‌ر ئاستی گراماتیکدا ده‌رناکه‌وێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڵێم: (ڕابه‌ر ده‌نووسێت)، ئه‌وا له ڕووی گراماتیکه‌وه وه‌سف ده‌رناکه‌وێت، به‌لآم ئه‌گه‌ر له ڕووی پراکتیکه‌وه سه‌رنج له‌و ڕسته‌یه بده‌ین، ده‌بینین وه‌سف هه‌یه، به‌لآم به کرداره‌وه به‌نده و به‌شێوه‌یه‌کی شاراوه ده‌رده‌که‌وێت، چونکه ئێمه خۆمان ده‌بێت بیهێنینه به‌رچاو، که (ڕابه‌ر) چۆن ده‌نووسێت. مادام ئه‌و بکه‌ره و کرداری نووسین به‌جێ ده‌هێنێت، که‌واته ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بنووسێت. ئه‌گه‌ر بڵێین: (ڕابه‌ر خێرا، یان چاک، ده‌نووسێت) ئه‌وا وه‌سف به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت. من خۆم کاتێک وه‌سف ده‌خه‌مه پاڵ کرداره‌وه، که بزانم ئه‌و وه‌سفه ئه‌رکێکی دیکه‌ی جیا له وه‌سف ده‌گرێته ئه‌ستۆ. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌رنج له یه‌که‌م ڕسته‌ی تێکسته‌که بده‌یت، که ئاوایه: (له ڕێگا، کاتێ جه‌نگاوه‌ره ڕیشنه‌کان ڕووتوقووت به‌سه‌ر لمه داخبووه‌که‌دا ده‌یانهێناین)، ئه‌وا هه‌ر سێ وشه‌ی (ڕیشنه‌کان) و (ڕووتوقووت) و (داخبووه‌کان) بێجگه له ئه‌رکی وه‌سفکردن، ئه‌رکی ئاماژه و ئیماجینێیشنیشیان هه‌یه و دواجار خزمه‌تی بیرۆکه‌ی میتۆلۆژیاکه ده‌که‌ن، که تێکسته‌که‌ی له‌سه‌ر بنیات نراوه. وه‌ک ده‌بینی ئه‌وانه ته‌نها وه‌سف نیین، به‌ڵکو سێ چه‌مکن، که ئاماژه به جه‌سته، ده‌سه‌لآت و جۆگرافیا ده‌ده‌ن و به‌درێژایی تێکسته‌که خۆیان نوێ ده‌که‌نه‌وه. مه‌به‌ستم له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونانه‌دا ئه‌وه‌یه، که وه‌سف له (مامزێر)دا هه‌یه، به‌لآم به‌شێکه له پرۆسیسی گێڕانه‌وه. له‌گه‌ڵ فراوانبوونی دیدگادا، وه‌سفیش چڕتر ده‌بێت و ئه‌رکه‌کانی وه‌کو لێکدانه‌وه و گێڕانه‌وه و سیمبۆل و ئیستاتیکا چاکتر به‌جێ ده‌هێنێت. له (مامزێر)دا ته‌نها وه‌سفی ئه‌و حاڵه‌ته سایکۆلۆژییانه ده‌کرێن، که کاره‌کته‌ریان تیایه و زیاتر له‌شێوه‌ی خه‌ون و زینده‌خه‌وندا ده‌رده‌خرێن. کات و شوێن ته‌نها کاتێ ده‌که‌ونه ناو پرۆسێسی وه‌سفه‌وه، که له‌گه‌ڵ بینین و ئیماجینێیشنه‌وه کارلێک دروست ده‌که‌ن، چونکه وه‌سفکردنی ئه‌و دوانه به‌بێ تێڕوانینی کاره‌کته‌ر، ناتوانن ئێتمۆسفۆری ڕۆمان بهێننه گۆڕێ و نابنه ڕه‌گه‌زی ئاکتیڤ. وه‌کو گوتم وه‌سف له (مامزێر)دا به کرداره‌وه په‌یوه‌سته، که هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێگای له‌وه گرتووه ڕه‌وتی گێڕانه‌وه خاو بێته‌وه، چونکه زۆر له‌وانه‌ی له‌باره‌ی تیۆری گێڕانه‌وه‌وه نووسیویانه، وه‌کو (جیرار جینێت) و (ژان ڕیکاردۆ)، پێیان وایه وه‌سف ڕه‌وتی گێڕانه‌وه خاو ده‌کاته‌وه. (جیرار جینێت) گێڕانه‌وه و وه‌سف به‌وه له یه‌کتر جیا ده‌کاته‌وه، که یه‌که‌میان ڕووداو و کردار ده‌گێڕێته‌وه، به‌لآم دووه‌میان خۆی به شته‌کانه‌وه په‌یوه‌ست ده‌کات. لای منیش وه‌کو هه‌ندێک له نووسه‌رانی سه‌رده‌مه‌که‌م وه‌سف پێکهاته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵکو به‌شێکه له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه. باوه‌ڕم به‌وه نییه ڕسته‌ی وه‌کو (هه‌تاوێکی خۆش) بوو، یان ڕۆژێکی (باراناوی بوو) بکه‌مه ده‌سپێکی هیچ په‌ره‌گرافێکم، به‌ڵکو مه‌به‌ستمه وه‌رگر خۆی ئه‌وانه له کۆنتێکستی ماناکاندا بدۆزێته‌وه، یاخود بیانهێنێته به‌رچاو. واته ئه‌رکی وه‌سف وه‌کو پرۆسێسێکی ئه‌زموونگه‌ری، که‌شفکردنه، نه‌ک زیاده‌ڕۆیی له باسکردنی ڕووی شته‌کان. به بڕوای من ئه‌وه گێڕانه‌وه‌یه وه‌سف ئاڕاسته ده‌کات، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. من خۆم باوه‌ڕم به‌وه نییه وێنه به‌ڕوونی و ته‌واوی ئاڕاسته‌ی (وه‌رگر/ خوێنه‌ر) بکه‌م، به‌ڵکو یه‌کێک له‌و یارییانه‌ی حه‌زم لێیه‌تی ئه‌وه‌یه، که وه‌رگر به‌پێی ئه‌زموونی خۆی به‌شێک له‌و وێنه ناته‌واوه، ته‌واو بکات. (ئالان ڕۆب گرێ)، که یه‌کێکه له‌و ڕۆماننووسانه‌ی گۆڕانی گه‌وره‌ی له شێوازی وه‌سفدا کردووه، پێی وایه خوێنه‌ر ده‌توانێت له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی ڕیالزمییدا باز به‌سه‌ر زۆر له‌و لاپه‌ڕانه‌دا بدات، که بۆ وه‌سف ته‌رخان کراون، به‌لآم له ڕۆمانی نوێ‌دا مه‌حاڵه ئه‌مه‌ی بۆ بکرێت، چونکه ماناکانی له ده‌ست ده‌چن. تۆ ڕاست ده‌که‌یت چ وه‌سف و چ دیاڵۆگ ڕووبه‌رێکی زۆر له (مامزێر) داگیر ناکه‌ن، چونکه وه‌کو پێشتریش گوتم جیهانی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان زیاتر بایه‌خی پێ دراوه. دیاڵۆگی نێوان که‌سه‌کانیش له واقیعه‌وه بۆ زه‌مه‌ن گۆڕاون، بۆیه کاتێک له ڕێگای یاده‌وه‌رییه‌کی تێکشکاوه‌وه له‌ناو قه‌فه‌ز ده‌رده‌خرێنه‌وه، ئه‌وا گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. وه‌کو (بیرجیسۆن) ده‌ڵێ: (ئێمه ناتوانین به هه‌مان هۆشیارییه‌وه له دوو ماوه‌ی زه‌مه‌نیی وه‌کویه‌کدا بژین). بێگومان ڕووداوه‌کان چ له ڕووی ناوه‌رۆک و چ له ڕووی فۆرمه‌وه ده‌گۆڕێن، چونکه هه‌ستی که‌سه‌کان وه‌کو (شۆپینهاوه‌ر) پێی وایه به‌پێچه‌وانه‌ی ئیراده، که ئه‌وه‌ی دواییان شتێکی گرینگ و بنه‌ڕه‌تییه له تاک و له ڕێگای ئه‌قڵه‌وه تاک به‌ڕێوه ده‌بات، به‌هۆی زه‌مه‌نه‌وه ده‌گۆڕێت. واته هه‌سته‌کان پێچه‌وانه‌ی ئیراده له‌ژێر کاریگه‌ریی کاتدا ده‌گۆڕێن، به‌وه‌ی ده‌کرێت پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بکرێت و نوێ بکرێنه‌وه. له (مامزێر)یشدا جاری وا هه‌یه ڕووداوه‌کان، بیرۆکه‌کان و گوته‌ی که‌سه‌کان هه‌ر ته‌واو گۆڕاون و ئه‌م به ناته‌واوی بیری ده‌که‌ونه‌وه، که ئه‌مه‌ش واده‌کات به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ندێک جیاواز بیانگێڕێته‌وه. واته دیاڵۆگیش هه‌ر له‌شێوه‌ی مه‌نه‌لۆژی شانۆیی (Dramatic Monologue)دا ده‌رده‌که‌وێت. بۆ نموونه سه‌رنجت بۆ دیاڵۆگی نێوان کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و (گۆڵدا) راده‌کێشم، که باس له‌وه ده‌که‌ن، کاتێ شێر ڕه‌وه‌یه‌ک ئاسک راو ده‌نێت، ئه‌وا ئه‌وان جوانترین دیمه‌ن ده‌بینن، چونکه شاخی ئاسکه‌کان، کاتێ له هه‌وادا ده‌له‌رنه‌وه، له چه‌ند دره‌ختێک ده‌چن. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه وه‌سف تێکه‌ڵی دیاڵۆگه‌کانیش ده‌بێت. من وه‌کو نووسه‌ری تێکسته‌که نامه‌وێ له‌وه زیاتر ده‌ست بخه‌مه ناو کاروباری ڕه‌خنه‌گرانه‌وه. به‌لآم بۆ وه‌لآمی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌ت، که کاره‌کته‌ره‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بێده‌نگن، به‌لآم ده‌وروبه‌ر ڕه‌ت ناکه‌نه‌وه، ئه‌وه کێشه‌که له ده‌ره‌وه‌ی قه‌بووڵکردن و ڕه‌تکردنه‌وه‌وه‌یه، چونکه وه‌کو پێشتر گوتم شوێن به‌شێوه‌یه‌کی ڤێرباڵ (لفظی) بوونی هه‌یه و له ڕێگای زمانه‌وه داهێنراوه، ته‌نها له ڕێگای ئیماجینێیشنه‌وه ده‌کرێت هه‌ستی پێ بکرێت. ئه‌مه‌ش وای کردووه هه‌موو پێوه‌ندییه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا ده‌ربکه‌ون، وه‌کو (هایدگه‌ر) پێی وایه بوونی مرۆڤ هه‌ر خۆی بوونێکی دیاڵۆگییه و له‌و ڕێگایه‌وه مرۆڤ دیاڵۆگ له‌گه‌ڵ دنیادا ده‌کات.
ڕابه‌ر فاريق: له پاڵ ئه‌وه‌ی که زمانی نووسینت له‌م ڕۆمانه‌دا تا ئاستێک قورسه، له هه‌ندێک په‌ره‌گرافیشدا بارگاویکراوه به سیمبۆڵ، هاوکات گرنگییه‌کی ئه‌وتۆیشت به لایه‌نی سێکس و فه‌نتازیا داوه. پرسیاری ئێمه ئه‌مه‌یه: هه‌ندێک نووسه‌ر باس له‌وه ده‌که‌ن که پێویسته له‌مه‌و دوا به ساده‌یی بنووسین (نه‌ک ساکاری)، چونکه خوێنه‌ر تاقه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه وه‌کوو ئایین کۆده‌کانی ده‌قی ئه‌ده‌بی بکاته‌وه. چۆن له‌م ته‌رزه ڕوانینه ده‌نواڕی له به‌رانبه‌ر ڕۆمانه‌که‌تدا؟
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:پێشتریش گوتوومه کێشه‌ی گه‌وره له‌ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه، که زۆربه‌ی شته‌کان له‌سه‌ر ئاستی زاره‌کییدا هه‌ن و ناگه‌نه ئاستی لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌وه. ئه‌وانه له وزه‌یاندا نییه بۆچوونه‌کانیان له‌و ساکارییه ده‌ربهێنن و بیانخه‌نه سه‌ر ئاستی فیکر و مه‌عریفه‌وه، بۆیه جار جار له گفتوگۆکاندا ده‌رفه‌ت ده‌هێنن و شه‌رمنانه و به‌خێرایی یه‌ک دوو ڕای له‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕن. باوه‌ڕ ناکه‌م تۆ هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کت نه به زمانی کوردی و نه به زمانی دیکه ده‌ست بکه‌وێت، که پشتگیری له ڕۆمانی ساده بکات، بۆ ئه‌وه‌ی مانا کۆنکرێتییه‌کانی تێبگه‌یت و گفتوگۆیان له‌باره‌یه‌وه بکه‌یت. نووسه‌ر هه‌یه ڕۆمانی نووسیوه و مانگانه گفتوگۆ ده‌کات، به‌لآم له هیچ یه‌کێک له‌و گفتوگۆیانه‌دا دێڕێکت پێ ناڵێت، که پێوه‌ندیی به ڕۆمانه‌وه هه‌بێت. تۆ ناتوانی له‌باره‌ی ئه‌و وه‌سفانه‌یه‌وه هیچ شتێک بڵێیت. ئه‌و نووسه‌ره ئه‌گه‌ر جار جار به ڕسته‌یه‌ک یان دوان تێکستێک بسڕێته‌وه و ڕه‌واج به یه‌کێکی دیکه بدات، ئه‌وه هیچ گرینگییه‌کی نییه، چونکه له پشت ئه‌و بڕیاره‌وه خوێندنه‌وه نییه. نووسین پرۆسێسێکه له‌ناو خودی داهێنه‌ردا ڕوو ده‌دات. به مانایه‌کی دیکه نووسین گواستنه‌وه‌ی سۆز و خرۆشه‌کانی خوده له کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی ناڕۆشنه‌وه بۆ ئاستی ئاماژه، که ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه جێبه‌جێ ده‌کات، زمانه. که‌واته زمان ئه‌و شتانه ده‌گوازێته‌وه، که له‌ناو خوددا که‌ڵه‌که کراون. ئه‌وه‌ی ده‌توانێت خودی نووسه‌رێک له خودی نووسه‌رێکی دیکه جیا بکاته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه چ له‌سه‌ر ئاستی بینین و چ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌قڵدا. نووسه‌ر له ڕێگای خوێندنه‌وه‌کانه‌وه ئه‌و وێنانه که‌ڵه‌که ده‌کات، بۆیه پێکهاته‌ی ئه‌و وێنانه پێوه‌ندیی به جۆر و مه‌ودای بینین و تێڕوانینی نووسه‌ره‌وه هه‌یه. کاتێک پێکهاته‌ی وێنه‌کان فره‌ڕه‌هه‌ند و ئاڵۆزن، ئه‌وا هاوکات بۆ گواستنه‌وه‌یان زمانێکی چڕ و بارگاوی به مه‌عریفه و ئیستاتیکا ده‌خوازن. کاتێکیش وێنه‌کان ساده‌ن، ئه‌وا زمانیش ساده‌یه. ئه‌و نووسه‌ره‌ی ده‌توانێت تێکستی قورس به‌رهه‌م بهێنێت، بێگومان له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی تێکستی ساده په‌کی ناکه‌وێت. ئه‌وه نووسه‌ری ساده‌نووسه له توانایدا نییه زمانێکی کاریگه‌ر دابهێنیت. باوه‌ڕ مه‌که هیچ نووسه‌رێک بیه‌وێت ساده بنووسێت، به‌لآم وه‌کو گوتم هه‌ر نووسه‌رێک خۆی ده‌نووسێته‌وه. هه‌ندێک نووسه‌ر کاتێ هه‌ست ده‌که‌ن تێکسته‌کانیان زیاد له پێویست لاوازن، ناوی ساده‌یان لی ده‌نێن و له گفتوگۆکان، نه‌ک له لێکۆڵینه‌وه‌دا، هێرش ده‌که‌نه سه‌ر تێکستی جیدی و ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی ساده به که‌ڵکی ئه‌م سه‌رده‌مه دێت. ڕێگام بده با بیره‌وه‌رییه‌کی چه‌ند هاوڕێیه‌ک و خۆمت بۆ بگێڕمه‌وه. له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی به‌ره‌به‌ری تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆریا له ماڵی هاوڕێیه‌ک ده‌مانخوێند و شه‌وان له سه‌ربان ده‌خه‌وتین. به‌یانییان دایکی ئه‌و هاوڕێیه‌مان هێڵکه‌وڕۆنی بۆ ده‌کردین. ئه‌و حه‌زی ده‌کرد هێلکه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک ڕۆ بکاته ناو تاوه‌که‌وه، که زه‌ردێنه به‌جیا و سپێنه‌ش به‌جیا بێت، به‌لآم له چوار دانه، ئه‌گه‌ر دانه‌یه‌کی له ده‌ست ده‌ربچووایه. هه‌ر کاتێک یه‌کێک له‌و هێلکانه به‌پێی ویستی خۆی ده‌رده‌چوو، شانازیی به‌خۆیه‌وه ده‌کرد و ده‌یگوت بزانن چۆن ده‌رچوو! ئاوێنه‌یه! ئاوێنه! به‌لآم کاتێک زه‌ردێنه‌که تێکه‌ڵی سپێنه‌که ده‌بوو، ده‌یوت با ئاوا بێت، خۆم ویستم ئاوا بێت. ئێمه‌ش پێده‌که‌نین، هه‌تا دوایی خۆی دانی به‌وه دانا، که تواناکه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه. له‌مه‌وه یه‌كێک له هاوڕێکانمان، که له کاروباری ناندین شاره‌زا بوو، خۆی به‌خێرایی زه‌ردێنه و سپێنه‌ی له یه‌کتر جیا ده‌کرده‌وه. هه‌تا ئێستاش ئێمه به‌یادی ئه‌و ڕۆژانه پێده‌که‌نین.
چۆن داوا له (بیکیت) بکه‌ین ئاسان بنووسێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی به هونه‌ره‌که‌ی ته‌عبیری لێوه ده‌کات، هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بێت، که (شۆپینهاوه‌ر) و (هایدگه‌ر) له ڕێگای فه‌لسه‌فه‌وه ته‌عبیری لێ ده‌که‌ن؟ چۆن داوا له (ڤێرجینا وولف) بکه‌یت له‌سه‌ر (شه‌پۆله‌کان)ی ساده‌یی بنووسێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش وه‌کو (جه‌یمس جۆیس) ته‌عبیر له‌و سه‌رچاوه‌یه بکات، که هه‌مان سه‌رچاوه‌ی تیۆره‌کانی (فرۆید) و (یۆنگ) بێت؟ هه‌موویان کار له‌سه‌ر بیرۆکه‌ی شه‌پۆلی هۆش و میتۆلۆژیا و سیمبۆل ده‌که‌ن، به‌لآم به ڕێگای جیاواز. ته‌نانه‌ت (جه‌یمس جۆیس) نکووڵی له‌وه ده‌کات، که ئه‌و شێوازه‌ی له (فرۆید)ه‌وه وه‌رگرتبێت، به‌ڵکو پێی وایه ڕاسته‌وخۆ له سه‌رچاوه‌که‌وه هێناویه‌تی. هه‌ر کام له ڕۆماننووسه گرینگه‌کانی دنیا ده‌گر‌یت، پێوه‌ندییه‌کی به‌تینی له‌گه‌ڵ یه‌کێک له کایه‌کانی مه‌عریفه‌ی وه‌کو فه‌لسه‌فه، سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیادا هه‌بووه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا نه‌یبووبێت. (میلان کۆندێرا)، که خۆی یه‌کێکه له‌وانه‌ی له ڕێگای هونه‌ری ڕۆمانه‌وه ته‌عبیری فه‌لسه‌فییانه له سه‌رده‌می خۆی ده‌کات، ده‌ڵێت ڕۆمان له‌پێش (فرۆید)ه‌وه تیۆری شه‌پۆلی هۆش و به‌ر له (مارکس) شه‌ڕی چینایه‌تی و زووتر له فینۆمینۆلۆجییه‌کان فینۆمینۆلۆجیای دۆزیه‌وه. ئه‌گه‌ر ساده‌یی ئامانج بێت، نه‌وه‌ک قووڵی، ئه‌وا نابێت جیاوازی له‌نێوان (ڕۆکامبۆل) و (گه‌ڕان به‌دوای کاتی ونبوودا) بکه‌ین. نابێت جیاوازی له‌نێوان ڕۆمانه‌کانی (عه‌زیزی مه‌لای ره‌ش) و (خه‌سرۆ جاف) له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی (به‌ختیار عه‌لی)ی‌دا بکه‌ین. ئه‌گه‌ر نووسین به‌گشتی و ڕۆمان به‌تایبه‌تی بریتی بێت له تێپه‌ڕکردنی زمانی ڕۆژانه، ئه‌وا ئێمه خۆمان له به‌رده‌می چه‌مکێکی ڕێژه‌ییدا ده‌بینینه‌وه و هیچ پێوه‌رێک ناتوانێت ئه‌و ڕێژه‌یه دیاری بکات، چونکه ئه‌وه ڕێژه‌ی یارییه‌کانی زمان و خه‌یاڵ و فا‌نتازیا و هه‌لوه‌سه‌یشن و ده‌رخستنی چه‌پاندن و حاڵه‌تی هیستریایه. ئه‌گه‌ر ڕۆمان به ساده‌یی کاری بکردایه، ئه‌وا نه‌ده‌بووه جێگای بایه‌خی فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانی وه‌کو (جۆرج لۆکاچ)، (لۆسیان گۆڵدمان)، (میکایل باختین)، (رۆلان بارت) و (جیل دۆلۆز) و ده‌یانی دیکه. ئه‌گه‌ر ڕۆمان ساده بکرابوایه‌ته‌وه، (ئه‌لبێرت کامۆ) و (ژان پۆل سارته‌ر) و (کۆڵن وێلسن) و زۆری دیکه نه‌یانده‌کرده که‌ناڵێک بۆ ده‌ربڕینی ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیان، که ئه‌و ڕۆمانانه به‌شدارییه‌کی گه‌وره‌یان له پێکهێنانی هۆشیاریی فیکرییدا کردووه. نه‌خێر، ئه‌وه قووڵییه، نه‌ک ساده‌یی ئامانجی ڕۆماننووس، چونکه له ساده‌ییدا تێکڕامان ده‌بین به یه‌ک، چونکه ساده‌یی ئه‌و حاڵه‌ته جێگیره‌یه، که هه‌موومان له ساتێکدا له خۆیدا کۆ ده‌کاته‌وه. ئه‌وه قووڵییه ده‌مانخاته به‌رده‌می ڕیسک و په‌لاو (تحدی)کردنه‌وه. هه‌ر یه‌کێکمان به لایه‌کدا ده‌بات و خولیای داهێنانی ڕێگومکه‌مان لا دروست ده‌کات، وه‌کو ئه‌و ڕێگومکه‌یه‌ی (بۆرخیس) هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان کرد. من خۆم پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ له‌م سه‌رده‌مه ئێلیکترۆنییه‌دا ده‌بێت زمانی نووسین ئاسان بکرێته‌وه، ده‌ڵێم له‌گه‌ڵ زۆربوونی پارچه‌کانی ته‌کنه‌لۆژیای ئێلیکترۆنییدا، ئه‌رکی نووسه‌ر قورس‌تر ده‌بێت. ئه‌مڕۆ کامێرای میتاڵ پێشبڕکێی کامێرای چاو ده‌کات، بگره له هه‌وڵی ئه‌وه دایه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر کامێرای چاو وێنه‌کانی ئاڵۆزتر و سه‌رنجڕاکێشتر نه‌کات، ئه‌وا ناتوانێت جیاوازییه‌کانی خۆی بپارێزێت. پاراستنی ئه‌و جیاوازییانه‌ش ته‌نها به‌وه ده‌بێت، که له‌پال وێنه‌کانی چاودا ده‌بێت پشت به وێنه ئه‌قڵییه‌کانیش ببه‌سترێت. ئه‌مڕۆ ده‌بینین ڕۆماننووسه دیاره‌کانی دنیا ئه‌وانه‌ن، که ده‌توانن وێنه‌ی جیاواز له وێنه‌ی دیگیتاڵ به‌رهه‌م بهێنن، ته‌نانه‌ت خودی کۆمپیوته‌ر و ئێنته‌رنێتیش وه‌کو سینه‌ما ده‌که‌نه ته‌کنیک و ده‌یانخه‌نه خزمه‌تی هونه‌ری ڕۆمانه‌وه. (دان براون) چاکترین نموونه‌یه، که زانستی ته‌کنیکی کۆمپویته‌ر و ئێنته‌رنێت و کۆده‌کان به‌کار ده‌هێنێت، بۆیه سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی ناونیشانی ڕۆمانه‌کانی ئاماژه بن بۆ ئه‌و شێوازه وه‌کو (کۆدی داڤینشی) و (قه‌لآی دیگیتاڵ)، که تیایاندا زانست و فا‌نتازیا و واقیع و مێژوو تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌کات. له‌م ڕۆژانه له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤیزیۆنییمان له‌باره‌ی ژیانی ماره‌کانه‌وه بینی، که (ئارام غه‌فوور)ی ژۆرنالیست ئاماده‌ی کردبوو. ئه‌و به‌رنامه‌یه له زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانی ئێمه چاکتر و هۆشیارانه‌تر کاری له‌سه‌ر بیرۆکه و فۆرم و وێنه‌دا کردبوو. ئه‌گه‌ر ڕۆماننووس نه‌توانێت وێنه‌ی جیاواز له‌و وێنانه‌ی (ئارام غه‌فوور) به‌رهه‌م بهێنێت، بۆچی ده‌نووسێت؟ (ئه‌حلام مه‌نسوور)، (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل)، (حسێن عارف)، (حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن)، (دڵشاد مه‌ریوانی)، (ڕه‌وف بێگه‌رد)، (ڕه‌وف حه‌سه‌ن)، (سه‌لاح عومه‌ر)، (شێرزاد حه‌سه‌ن)، (شیرین ک) (عه‌بدوللآ سه‌راج) و (محه‌مه‌د موکری) و هه‌ندێکی دیکه له چیرۆکنووسانی ئێمه بۆیه توانیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ویژدانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیان بن، چونکه له ده‌ستیان هات وێنه‌ی گه‌وره‌تر و ئاڵۆزتر له‌وه‌ی له به‌رچاوی ئاسایی‌دا بوو، به‌رهه‌م بهێنن، به‌لآم ئه‌مڕۆ سه‌رده‌مه‌که زۆر له‌وه‌ی پێشوو زه‌حمه‌تتره. خۆمان له به‌رده‌م پارادۆکسالێکی گه‌وره‌دا ده‌بینینه‌وه، کاتێ له‌م سه‌رده‌مه ئاڵۆزه‌دا داوای وێنه‌ی ساده‌مان لێ ده‌که‌ن. له‌م سه‌رده‌مه ئێلیکترۆنییکه‌دا وێنه‌کان ڕۆڵی دووفاقیانه ده‌بینن، له‌لایه‌ک کار له‌سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی واقیع ده‌که‌ن، به‌وه‌ی زۆر به‌ئاسانی ئه‌و زۆنه نه‌زانراوانه چ له‌ناو خه‌یاڵ و چ له‌ناو واقیعدا که‌شف ده‌که‌ن، که ده‌بوایه نووسه‌ر له ڕێگای زمان و خه‌یاڵی خۆیه‌وه پێیان بگات و له لایه‌کی دیکه نووسه‌ر ده‌خه‌نه به‌رده‌م په‌لاوی گه‌وره‌تر، به‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو ئه‌و وێنانه تێپه‌ڕێنێت و وێنه‌ی گه‌وره‌تر به‌رهه‌م بهێنێت. ئاسانکردنه‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌بی واتا ته‌عبیر نه‌کردن له خود. ئه‌گه‌ر وایه نووسین هیچ ئه‌رکێک ناگرێته ئه‌ستۆ و بۆچی و بۆ کێ بنووسین؟ لێره‌شدا مه‌به‌ستمان له چڕکردنه‌وه‌ی زمان، ئاڵۆزکردنی نییه. گه‌ره‌کمان نییه بڵێین ده‌بێت کۆنتاکتی زمان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا ئاڵۆز بێت، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌به‌ستمان له چڕکردنه‌وه‌ی مانایه. من خۆم هه‌وڵ بۆ چڕیی مانا و ساده‌ییی کۆنتاکت ده‌ده‌م. هه‌ر ئه‌مه ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، که تا له توانادایه له ڕێگای بایه‌خدان به ڕه‌وانیی زمانه‌وانی، دروستیی ڕێنووس و تۆکمه‌ییی خاڵبه‌ندییه‌وه کار له‌سه‌ر ئاسانکردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆنتاکته‌دا بکه‌ین. به‌داخه‌وه زۆر له نووسه‌رانی ئێمه ئه‌مانه له به‌رچاو ناگرن و وا ده‌زانن ڕۆڵی گرینگ‌یان له پێکهێنانی تێکستدا نییه. من خۆم ده‌زانم ئه‌مڕۆ ڕۆمانی ساده چ له کوردستان و چ له ده‌ره‌وه ڕه‌واجی هه‌یه و زیاتر ده‌خوێندرێته‌وه و له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسرێت، به‌لآم من ناتوانم ده‌ستبه‌رداری شێوازی خۆم ببم، که ته‌عبیره له خودی خۆم. له‌پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌تا ئێستاش ڕۆمانی جیددی چ له کوردستان و چ له ده‌ره‌وه نه‌ک گرینگیی خۆی پاراستووه، به‌ڵکو له جاران زیاتر بایه‌خی پێ ده‌درێت. ڕۆمانه‌کانی (دان براون) له سه‌رتاپای دنیادا به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌خوێنرێنه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئاسانیش نیین. له‌پاڵ ئه‌وه‌دا زنجیره کتێبی (هاری پۆتێر)ی (ژ. ک. ڕۆلینگ)یش زۆریان لێ ده‌فرۆشێن، به‌لآم ئه‌وه‌نده ڕووکه‌شن، که هیچ مه‌رجێکی هونه‌رییان تیادا به‌دی ناکرێ. پێکهاته‌ی (مامزێر) به‌شێوه‌یه‌که، که نه‌ده‌کرا فۆرمێکی دیکه‌ی هه‌بێت. وه‌کو گوتم مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ چه‌مکی میتۆلۆژیا و ته‌نها ئه‌و زمانه ده‌یتوانی به‌رهه‌می بهێنێت. بۆ نموونه من سه‌رنجت بۆ دیاڵۆگی نێوان کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و پووری ڕاده‌کێشم، که له‌باره‌ی دۆزه‌خه‌وه‌یه. ئه‌و بیرۆکه‌یه وه‌کو زۆربه‌ی بیرۆکه‌کانی دیکه به‌شێوه‌یه‌کی خۆڕسکانه زمانی ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕاند. دیاره من باس له چاکی و خراپیی تێکسته‌که ناکه‌م، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و زمانه نه‌ده‌کرا ئاسایی بێت، مادام هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه تێکڕای بیرۆکه‌کان له ئاستی ئاساییه‌وه چوونه‌ته ئاستی میتافۆر و سیمبۆله‌وه.
ڕابه‌ر فاريق: له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی (مامزێر)دا، شێوازی گۆڕینی (کات) و (شوێن) به‌قووڵیی کاری بۆ کراوه، وه‌کو پێشتریش گوتمان زمانی تێکسته‌که بارگاوییه به سیمبۆل. ئایا زمان کاتێک تێکه‌ڵی فیکر ده‌بێت، ده‌توانێت تایبه‌تمه‌ندێتیی هه‌ر یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کان بپارێزێت؟ وه‌ک ده‌بینین هه‌ر یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کان له‌وانه (بیبی که‌ناری، سیڤه‌ری مارژه‌ن، مه‌روان نابلسی، ڤادڤێلا و هتد) له دیاڵۆگه‌کانیاندا کۆمه‌ڵێک بیرۆکه ده‌خه‌نه ڕوو. ئایا ئه‌مه ڕیسکێکی گه‌وره نییه؟ تا چه‌ند هه‌ستت به‌مانه کردووه؟ خۆت بڕیارت داوه کارئه‌کته‌ره‌کان وه‌ها بدوێن، یان سه‌ربه‌ستییه‌کی ته‌واوت پێ به‌خشیون؟
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:ڕۆماننووس ناتوانێت سه‌ربه‌ستی به کاره‌کته‌ره‌کانی بدات، ئه‌گه‌ر پێش هه‌موو شتێک خۆی سه‌ربه‌ست نه‌بێت. ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ش ته‌نها کاتێک به ده‌ست ده‌هێنیت، که تۆ خۆت به نووسه‌رێکی ئه‌زموونگه‌ر ده‌زانیت و ترست له‌وه نییه له کوێ تێکده‌شکێیت. گوێ به‌وه ناده‌یت چه‌ند له‌گه‌ڵ خواستی خوێنه‌ر و واقیعی ڕۆشنبیریی خۆت ناکۆکییت. وه‌کو (ئه‌ندرێ جید) ده‌ڵێت: (مه‌به‌ستی چاک هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌ده‌بی باش به‌رهه‌م بهێنێت). من هیچ کاتێک له‌گه‌ڵ نووسیندا مه‌به‌ستی چاک و پاکم نییه، به‌ڵکو خۆم به نووسه‌رێکی شه‌ڕانگێز ده‌زانم و هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌ستم. سه‌ربه‌ستی له نووسیندا، واته چیی‌تر ئه‌و ئه‌نجامانه بۆ تۆ گرینگ نه‌بن، که له به‌رده‌ست دان، به‌ڵکو خۆت له ڕێگای تێڕوانینی خۆته‌وه شته‌کان که‌شف بکه‌یت. چێژی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر تێکستێکیش له‌و ڕیسکانه دایه، که نووسه‌ر چ له‌سه‌ر ئاستی فیکر و چ له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ردا ده‌یانکات. وه‌کو چۆن پرسیاره‌که‌ی تۆ پێوه‌ندیی به سه‌ربه‌ستی له هونه‌ردا هه‌یه، منیش هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه وه‌لآمی ده‌ده‌مه‌وه. به ڕای من ئه‌و نووسه‌ره‌ی ترسی له تێکشکان هه‌بێت و به‌رگه‌ی گاڵته‌پێکردنی که‌سانی دیکه نه‌گرێت، هه‌رگیز ناتوانێت به گیانێکی داهێنه‌رانه‌وه ڕیسک بکات و شتی نوێ بدۆزێته‌وه. بیرت نه‌چێت ڕۆشنبیریی ئێمه وزه‌یه‌کی ئێجگار زۆر له‌پێناوی گاڵته‌پێکردندا به‌کار ده‌هێنێت. ئه‌و گاڵته‌پێکردنه‌ش ئه‌نجامی نه‌بوونی پرسیار و ڕه‌خنه‌یه. گاڵته‌پێکردن، که ڕۆڵه‌ی گوێڕایه‌ڵ و به‌وه‌فای که‌لتووری قه‌بووڵنه‌کردن و سڕینه‌وه‌یه، چاکترین ڕێگایه بۆئه‌وه‌ی نووسه‌ری ئێمه به‌هۆیه‌وه کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می جیدی به‌لاوه بنێت و خۆی له به‌رپرسیارێتیی خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه بدزێته‌وه. من خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌ی به‌رگه‌ی گاڵته‌پێکردنیان گرتووه. (ئه‌رستۆ تالیس) له ئاسمانی ده‌ڕوانی و له ئه‌ستێره‌کان ورد ده‌بووه‌وه، له‌پڕ که‌وته بیرێکه‌وه. کاره‌که‌ره‌که‌ی به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه گوتی: (چۆن ده‌بێت فه‌یله‌سووف بیه‌وێت له ئاسمان و ئه‌ستێره‌کان بکۆڵێته‌وه و نه‌توانێت بیرێک له به‌رده‌می خۆیدا ببینێت؟). که‌چی هه‌ر ئه‌و گاڵته‌جارییه‌ی کاره‌که‌ره‌که بووه جێگای بایه‌خی فه‌لسه‌فه هه‌ر له لای (ئه‌فلاتون)ه‌وه، که گوتی: (گاڵته‌پێکردن ڕووبه‌ڕووی هه‌ر که‌سێک ده‌بێته‌وه، که خه‌ریکی فه‌لسه‌فه‌یه)، هه‌تا ئه‌مڕۆ. هه‌ندێک ده‌پرسن تۆ بڵێی له ڕووداوی که‌وتنه ناو بیره‌که‌وه، (تاڵیس) گه‌یشتبێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که ئاو پێکهاته‌ی بنه‌ڕه‌تیی بوونه؟ یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕۆمان ئه‌وه‌یه، که شوێنی هه‌موو شتێکی تیا ده‌بێته‌وه. زه‌وییه‌کی سیحرییه، له یه‌ک کاتدا چوار وه‌رزی هه‌یه و هه‌موو شتێکی لێ ده‌ڕوێنرێت، گرینگ ئه‌وه‌یه بزانی چۆنی ده‌ڕوێنیت. شیعر وا نییه. له کۆمه‌ڵگا داخراوه‌کان ده‌چێت، ڕه‌گه‌زی جیاواز قه‌بووڵ ناکات. هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی دیکه‌ی بچێته سه‌ر، شێوه‌ی ده‌گۆڕێت و ده‌بێته شتێکی دیکه، هه‌ر بۆیه شیعر ئه‌و هه‌موو پاشگره‌ی هه‌یه. سه‌رنج له پێوه‌ندیی نێوان ڕۆمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بواری شانۆ و سینه‌ما بده، که به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆی لێیان دانه‌بڕاوه. لێره مه‌به‌ستم نییه بڵێم ڕۆمان له شیعر گرینگتره، به‌ڵکو ته‌نها ده‌مه‌وێ له‌م ڕووه‌وه جیاوازیی نێوان هه‌ردووکیان ده‌ربخه‌م. (باختین) زمانی شیعر و زمانی ڕۆمان به‌وه جیا ده‌کاته‌وه، که یه‌که‌میان مه‌نه‌لۆژه و له زمانی خواوه‌ند ده‌چێت، بۆیه شاعیر بێجگه له زمانی خۆی، هیچ زمانێکی دیکه به‌کار ناهێنێت، به‌لآم زمانی ڕۆمان، که دیاڵۆگه، له توانایدا هه‌یه فره‌ده‌نگ بێت چ له ڕووی زوبان و چ له ڕووی ده‌نگه‌وه، ده‌توانێت زمانی ئه‌ده‌بی و نائه‌ده‌بییش به‌کاربهێنێت، که نه‌ک هه‌ر نابێته هۆی لاوازبوونی، به‌ڵکو به‌هێزیشی ده‌کات. هه‌ر کاره‌کته‌رێک له ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ره‌وه دروست ده‌بێت. پێم وایه سرووشتی بیرۆکه‌کان خۆیان پێویستیان کردبێت له لایه‌ک چ شێوازێک له کاره‌کته‌ر ده‌ربکه‌وێت و له لایه‌کی دیکه‌ش کام کاره‌کته‌ر له کام کاره‌کته‌ر زیاتر بایه‌خی پێ بدرێت. ده‌نگی هه‌ر یه‌که‌یان له‌وه‌ی دیکه‌یان جیاوازه، چونکه شێوازی بیرکردنه‌وه‌یان جیاوازه و هه‌ر یه‌که‌ی ته‌عبیر له میتۆلۆژیای تایبه‌تی خۆی ده‌کات، به‌لآم زۆر جاریش ئه‌و میتۆلۆژیایانه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی هاوبه‌ش له‌نێونیاندا هه‌یه، تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌بن. به‌ڵێ، له‌گه‌ڵتام هه‌ر یه‌که‌یان کۆمه‌ڵێک بیرۆکه‌ی ئاڵۆز ده‌رده‌بڕن، که ئه‌مه‌ش لای من به‌ئاگاییه‌وه کراوه. ڕاستییه‌که‌ی هه‌ر هه‌موویان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێکهێنانی کاره‌کته‌ریستی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییدا هه‌یه. سرووشتی ئه‌م تێکسته ئاوایه، که له‌سه‌ر چه‌ند بیرۆکه‌یه‌ک وه‌ستاوه. ناره‌ته‌ر (چیرۆکبێژ)ێکی نیوتراڵ هه‌یه وێنه‌کان به‌ناته‌واوی به‌ره‌و ده‌ره‌وه، یاخود با بڵێین بۆ لای وه‌رگر ده‌گوازێته‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی وه‌رگر خۆی له دیدگای خۆیه‌وه ئه‌و وێنانه ته‌واو بکات و هه‌ستی ڕه‌خنه‌ی لا پێک‌بێت. دواجار زیاتر تێکه‌ڵی ئێتمۆسفێری ڕۆمانه‌که‌ی ببێت. له ئه‌ده‌بدا ئه‌وه به خه‌وش دانانرێت، ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌ر بیرۆکه‌کانی خۆی به‌شێوه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی ده‌رببڕێت، به مه‌رجێک ئه‌وه زه‌مینه‌ی بۆ خۆش کرا بێت و ئه‌و گوتانه کۆنتێکستی خۆیان له‌ناو تێکسته‌که‌دا هه‌بێت، نه‌ک له ئه‌نجامی ئیلهامی ناکاوه‌وه خوڵقا بن. وه‌ک ده‌بینین کاره‌کته‌ره‌کانی (مامزێر) باسی ئازار و نیگه‌رانییه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن و گوته‌کانیان دوورن له هوتاف و ئامۆژگارییه‌وه. ئه‌وه‌نده هه‌یه ڕه‌گه‌زی ئیکزۆتیکا، هه‌ندێک جار کۆمیدیاش له هه‌موویاندا هه‌یه. هیچ یه‌کێک له‌و بیرۆکانه به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها ناخڕینه ڕوو، به‌ڵکو ئه‌وان ته‌نها له گۆشه‌نیگای خۆیانه‌وه ده‌ریانده‌بڕن. ئه‌و هۆشیارییه‌ی هه‌یه هه‌مووی لای کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی کۆ نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو ئه‌وانی دیکه له‌و زیاتر خاوه‌نی هۆشیاریین و له ڕێگای ئه‌وه‌وه ئه‌و هۆشیارییه ده‌گاته وه‌رگر. هه‌روه‌ها تێکسته‌که له ماوه‌یه‌کی دیاریکراوی ژیانی کاره‌کته‌ر جێگیر نه‌بووه، به‌ڵکو له ڕێگای ته‌کنیکی جۆراوجۆری گێڕانه‌وه‌وه زۆربه‌ی ژیانی ده‌رده‌خرێت، که ئه‌مه‌ش جیاوازیی ئاسته‌کانی هۆشیاریی کاره‌کته‌ر له سه‌رده‌مێکه‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی دیکه‌ی ته‌مه‌نیه‌وه نیشان ده‌دات. نووسه‌ری ئه‌ده‌بی به‌وه له نووسه‌ری بواره‌کانی دیکه جیا ده‌کرێته‌وه، که زمانێکی تایبه‌تی هه‌یه و سیمای ئه‌و زمانه له هیچ کاتێکدا ون نابێت، هه‌تا کاتێک ڕاسته‌وخۆش له‌باره‌ی فیکره‌وه ده‌نووسێت. (دۆستۆیڤسکی) ده‌یویست بابه‌تێک له‌باره‌ی ئه‌وه بنووسێت، چۆن خه‌ڵک خۆی له‌وه بپاریزێت، که خوو به ئه‌لکوهووله‌وه نه‌گرێت، که‌چی دوور له ویستی خۆی ئاڕاسته‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی گۆڕا و ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی نووسی.
ڕابه‌ر فاريق: له سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌کانتدا یاده‌وه‌ریی - به‌تایبه‌ت سه‌رده‌می منداڵیت - کۆمه‌کی کردووی، ئه‌م سوودوه‌رگرتنه له گه‌له‌ک نووسینی ڕۆمانی دیکه‌ی نووسه‌رانیش ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆ نموونه (شێرزاد حه‌سه‌ن)، به‌لآم ته‌وزیفکردنی یاده‌وه‌ری له ڕۆمان و چیرۆکه‌کانی تۆدا به‌شێوه‌یه‌کی دی که‌وتووه‌ته‌وه، واتا: هێنده‌ی واقیع ده‌بینین، هێنده‌یش ده‌سه‌لآتی فه‌نتازیا، ئه‌گه‌ر پتریش نه‌بێ. ئه‌م خاڵه له‌م ڕۆمانه‌ی دواییشتدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. لێره‌وه، چۆن باس له‌و کۆمه‌ک و ته‌وزیفکردنانه‌ی (یاده‌وه‌ری) ده‌که‌ی، به‌تایبه‌تی له مامزێردا؟
كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور:خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان تێکڕای ئه‌و نووسه‌رانه‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا کردووم، پرسیاره له‌باره‌ی منداڵییه‌وه. هه‌موو جارێک وا ده‌زانم سه‌رجه‌می شته‌کانی خۆمم گوتووه و ته‌واو، که‌چی هه‌رکه جارێکی دیکه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ده‌بمه‌وه، هه‌ست ده‌که‌م ده‌بێت سه‌رله‌نوێ و جیاوازتر له‌وانه‌ی پێشوو، ده‌ست پێ بکه‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر له شوێنی منداڵی، هه‌ر بابه‌تێکی دیکه بوایه، دڵنیام ئێستا شتێکم نه‌ده‌ما، بیڵێم. ئه‌مه‌ش هه‌ر خۆی مانای ئه‌وه‌یه، که منداڵی، چه‌مکێکی ناڕۆشن و په‌نهانه و ناچێته ژێر ڕکێفی پێناسه و وه‌سفه‌وه، بگره له ئاستی هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌کانی دیکه‌ی وه‌کو کات، شوێن، زمان و فانتازیادا ئاڕاسته‌ی هه‌یه و به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌یه. منداڵی ڕووبه‌رێکی کراوه‌یه به‌رامبه‌ر به دنیا، به‌لآم گه‌وره‌یی جۆرێکه له ئه‌نجام. لای من نووسین له‌باره‌ی منداڵییه‌وه وه‌کو ئه‌وه وایه به‌دوای ئه‌و شتانه‌دا بگه‌ڕێم، که هێشتا ڕوویان نه‌داوه و هیچیان له‌باره‌یه‌وه نازانم، به‌لآم گه‌وره‌یی هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌نجامێکی به‌ده‌ستهاتووه. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه من له‌باره‌ی گه‌وره‌ییه‌وه نه‌منووسیوه، به‌لآم ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، که منداڵی به‌ته‌نیا ده‌توانێت له هه‌ر تێکستێکی ئه‌ده‌بییدا هه‌بێت، به‌لآم گه‌وره‌یی به‌بێ منداڵی، ئه‌زموونێکی ناته‌واوه. له زۆنه‌ی منداڵییدا دووری له هه‌موو سه‌رچاوه مه‌عریفی و ئه‌زموونی ساڵه‌های ساڵی خۆت، دووری له کڵێشه و قاڵبه فیکری و ته‌کنیکییه‌کان، به‌ڵکو له‌وێوه‌وه خۆت به‌دوای هه‌موو شتێکدا ده‌گه‌ڕێیت. ئینجا ده‌زانی منداڵی شوێن نییه، کات نییه، به‌ڵکو مانایه، بۆیه مه‌حاڵه بتوانیت لێی تێپه‌ڕیت. منداڵی داڕشتنه‌وه‌ی ژیانه به‌پێی یاساکانی هونه‌ر، نه‌وه‌ک به‌پێی کرۆنۆلۆژیای مێژوو. له هونه‌ردا، که ڕۆمان یه‌کێکه له جۆره‌کانی، گواستنه‌وه له گه‌وره‌ییه‌وه بۆ منداڵی، گواستنه‌وه‌ی ڕووی کامێرای چاوه له‌سه‌ر ڕووی شته‌کانه‌وه بۆ ناوه‌وه‌یان، بۆ ورده‌کاریی شته‌کان. مرۆڤ هه‌میشه بۆ سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکه مرۆڤ به‌رده‌وام به‌دوای حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێت و نایدۆزێته‌وه. لێره‌وه‌یه مرۆڤ هه‌میشه ده‌یه‌وێت له مێژووی خۆی بکۆڵێته‌وه و به‌رده‌وام به پێوه‌ندیی خودی خۆی و ده‌وروبه‌ردا ده‌چێته‌وه. ئه‌گه‌ر مێژووی ڕاسته‌قینه وه‌کو (هیگڵ) ده‌ڵێت هاوکات بێت له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی ئه‌قڵ له مرۆڤدا، ئه‌وا من ده‌ڵێم منداڵی زۆنه‌یه‌که ناکه‌وێته ناو مێژووه‌وه، بۆیه هه‌موو گه‌شتێک بۆ منداڵی و هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ گه‌وره‌یی، له‌گه‌ڵ پارێزی زۆرم به‌رانبه‌ر به چه‌مکی گه‌ڕانه‌وه؛ گواستنه‌وه‌یه له نامێژووه‌وه بۆ مێژوو، له فیزیکه‌وه بۆ میتافیزیکا، له جۆگرافیای فاکتواڵه‌وه بۆ جۆگرافیای گریمانی، که ئه‌و گواستنه‌وه‌یه هه‌ر جارێک ڕێگایه‌کی جیاواز له‌وانه‌ی پێشووی خۆی ده‌گرێت. به مانایه‌کی دیکه منداڵی چه‌مکێکی ئینفینیتییه و کۆتایی نایه‌ت. واته ناکرێت له ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه لێی بڕوانین. راستتر ناتوانین باوه‌ڕ به‌وه بهێنین، که زۆریی به‌رهه‌مهێنان له‌ناو ئه‌و کانه‌دا (مه‌به‌ستم له منداڵییه، که ده‌کرێت به کانی بچوێنین، وه‌کو کانی به‌رد و خه‌ڵووز و نه‌وت)، ده‌بێته هۆی که‌مبوونه‌وه و له‌ناوچوونی ماده له‌و کانه‌دا. له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵییدا، ڕه‌گه‌زیش ماهیه‌ت و پێناسه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دات. له هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که (مێ) و (نێر)دا ڕه‌گه‌زێکی سه‌ربه‌خۆ پێکدێت و له‌ژێر ده‌سه‌لآتی گراماتیک دێنه ده‌رێ. هه‌ر ده‌ڵێی له‌باره‌ی ڕه‌گه‌زێکی ته‌واو جیاوازی مرۆڤه‌وه ده‌نووسیت. باوه‌ڕم به تێربوون نییه له منداڵی، چونکه تامی هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ منداڵی، جیاوازه له تامی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی دیکه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر جارێک تۆ له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا که‌سانی جیاواز چ له خۆت و چ له‌وانه‌ی پێشووت له‌گه‌ڵ دایه. به‌دڵنیاییه‌وه پێت ده‌ڵێم جیاوازیی له‌نێوان منداڵیی نووسه‌ر و منداڵیی کاره‌کته‌ردا هه‌یه. هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی منداڵیی خۆیه‌تی. ئه‌مه تێکه‌ڵبوونی فاکتواڵ و خه‌یاڵه. ئه‌گه‌ر هه‌ر تێکستێک کورتکردنه‌وه‌ی کاتی فیزیکی بێت بۆ کاتی سیمبۆلی، ئه‌وا ته‌مه‌نی کاره‌کته‌ریش له‌ناو ئه‌و سیسته‌مه‌دا کاتێکی سیمبۆلییه و له‌وێدا دووباره منداڵی و گه‌وره‌یی له‌سه‌ر ئاستی میتافۆردا ده‌رده‌که‌ون. کاتێ له ئه‌ده‌بی شه‌پۆلی هۆش ده‌ڕوانین، هه‌ست ده‌که‌ین یه‌کێک له ڕه‌گه‌زه‌کانی ئه‌و شێوازه، دووباره‌کردنه‌وه‌یه. زۆر جار دووباره‌کردنه‌وه‌ی وشه، ڕسته، په‌ره‌گراف و بیرۆکه ده‌بینین، که ئه‌مه جۆرێکه له گه‌ڕانه‌وه، یاخود نۆستالژیا بۆ ڕابردووی کاره‌کته‌ر، نه‌وه‌ک هی نووسه‌ر، ئه‌گه‌رچی ژیانی کاره‌کته‌ر به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ژیانی نووسه‌ره. ئه‌م دیارده‌یه به‌تایبه‌تی لای (فۆکنه‌ر) زۆر به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت. من هه‌میشه جیاوازییه‌کی گه‌وره له‌نێوان منداڵیی مێژوویی و منداڵیی خه‌یاڵدا ده‌که‌م، بۆیه من له کتێبی منداڵییشمدا منداڵیی مێژوویی خۆم و که‌سانی دیکه‌م نه‌نووسیوه‌ته‌وه، به‌ڵکو له ڕێگای فانتازیاوه هه‌وڵم داوه ئه‌و سیسته‌مه کرۆنۆلۆژیایه تێکبشکێنم و جۆگرافیایه‌کی فانتازی له‌پاڵ ئه‌و مێژووه خه‌یاڵییه‌ی منداڵییدا دروست بکه‌م. له (مامزێر)یشدا هه‌ر له‌و دیدگایه‌وه منداڵی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه. ئه‌و ستایله چ له‌پێش (مامزێر) هه‌بووه و چ له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی دواییمدا وه‌کو (مناره‌ی ئاوه‌دانی) و (که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان) و (کازینۆی مندالآن)یشدا، که هێشتا چاپ نه‌کراون، به‌شێوازی جۆراوجۆر درێژه‌ی هه‌یه. وه‌کو زووتر گوتم هه‌ر نووسه‌رێک خودی خۆی ده‌نووسێته‌وه، بۆیه من خۆم به‌رده‌وام جیاوازیی ده‌که‌م له‌نێوان ئه‌و نووسه‌ره‌ی به‌قووڵی له‌گه‌ڵ چه‌مکی منداڵییدا کار ده‌کات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی میکانیکییانه له‌باره‌ی منداڵییه‌وه ده‌نووسێت، که ئه‌وه‌ی دواییان چونکه نه‌یتوانیوه خه‌یاڵی منداڵی له خۆیدا بپارێزێت، ته‌نها کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی ساده به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. که‌واته خه‌یاڵ، که گرینگ‌ترین میکانیزمه، گوتاری ئه‌ده‌ب پشتی پێ ده‌به‌ستێت، به‌وه‌ی هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی سایکۆلۆژی و بایۆلۆجی له خۆی ده‌گرێت؛ له‌و شێوازی نووسینه‌دا گومه. ڕه‌خنه‌گره‌کان ده‌ڵێن ڕۆمانی (داڤید کۆپێرفیلد) ئه‌وه‌نده پڕه له هه‌ست و نهێنیی منداڵی، هه‌ر ده‌ڵێی (چارلس دیکینز) به منداڵی ئه‌و تێکسته‌ی نووسیوه. من خۆم به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان قه‌رزاری (دیکینز)م. ڕه‌نگه یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی، که وای له من کردبێت ئه‌وه‌نده له‌باره‌ی منداڵییه‌وه بنووسم، ڕۆمانی (ئۆلیڤه‌ر تویست)ی ئه‌و نووسه‌ره بێت. ئێمه له پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌یی له وانه‌ی ئه‌ده‌بی ئینگلیزی ئه‌و ڕۆمانه‌مان خوێند. ڕاسته به‌شێوه‌یه‌کی وا ئاسان کرابووه‌وه، که ئێمه لێی تێبگه‌ین، به‌لآم ده‌توانم بڵێم چێژی خۆی ون نه‌کردبوو. (ئۆلیڤه‌ر تویست) ئه‌و منداڵه‌ی هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونی، دایکی ده‌مرێت. ئه‌وسا دکتۆره‌کان ئه‌ڵقه له په‌نجه‌ی دایکدا نابینن، بۆیه وا ده‌زانن ئه‌و کۆرپه‌له‌یه زۆڵه. لێره‌وه ئازاره‌کانی (ئۆلیڤه‌ر) ده‌ست پێ ده‌کات. سه‌رنج له دووباره‌بوونه‌وه‌ی چه‌مکی (زۆڵ) بده له به‌رهه‌مه‌کانی مندا، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌تا (مامزێر)، که به زمانی عیبری مانای زۆڵ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆته ناونیشانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌شم. له‌و سه‌رده‌مه منێکی هه‌رزه‌کاری تێکشکاو و په‌راوێزخراوی ناو کۆمه‌ڵگای کوردی تێکه‌ڵییه‌کی ڕۆحیی سه‌یرم له‌گه‌ڵ (ئۆلیڤه‌ر تویست)دا هه‌بوو. نازانم بۆچی مه‌سه‌له‌ی زۆڵییه‌که‌ی یه‌خه‌ی خه‌یاڵه‌کانی منی به‌رنه‌ده‌دا، ئه‌گه‌رچی دوایی زانیم، که (سالی)، ئه‌و سیسته‌ره پیره‌ی به پلانی (مۆنکس)ی برای (ئۆلیڤه‌ر) له باوکیه‌وه، ئه‌ڵقه‌که‌ی له (ئاگنێس)ی دایکی (ئۆلیڤه‌ر) دزیوه، که ناوی خۆی له‌سه‌ر هه‌ڵکه‌نراوه، بۆئه‌وه‌ی (ئۆلیڤه‌ر) نه‌زانێت کێ دایکوباوکیه‌تی و له میراتی باوانی بێ به‌شی بکات، چونکه له وه‌سیه‌ته‌که‌دا گوتراوه، که منداڵه به‌دڕه‌وشته‌کان نابێت میراتیان به‌ر بکه‌وێت. دیاره (ئۆلیڤه‌ر) دواجار ده‌زانیت، که (مۆنکس) برایه‌تی و به‌رده‌وام ویستوویه‌تی ناوبانگی بزڕێنێت. دیمه‌نه‌کانی ئه‌و ڕۆمانه زۆر کاریان له من ده‌کرد، که وام ده‌زانی له هه‌ولێر ڕووی داوه. ڕه‌گه‌زی شوێن به‌شێوه‌یه‌کی سیحریی سه‌یر ته‌وزیف کراوه، له نه‌خۆشخانه‌وه بۆ هه‌تیوخانه، له‌وێوه بۆ شوێنی ناشتنی مردوو و دواجار دادگا و لای ئه‌و باندانه‌ی مندالآنی وه‌کو (ئۆلیڤه‌ر) بۆ کاری دزی و ده‌ستبڕی به‌کار ده‌هێنن. له هه‌تیوخانه شه‌ڕی مندالآن له‌سه‌ر خواردن، که به‌شیان ناکات. ئه‌و که‌وچکه داره‌ی چێشتلێنه‌ره‌که به (ئۆلیڤه‌ر)ی‌دا ده‌کێشێت، چونکه داوای خواردنی زیاتر ده‌کات. گواستنه‌وه‌ی له هه‌تیوخانه‌وه بۆ لای (ساوه‌ربری)، ئه‌و پیاوه درێژ و باریکه‌ی هه‌میشه چاکه‌تێکی ڕه‌شی په‌ڕپووت ده‌پۆشێت و کاریشی ناشتنی مردووه. بۆیه کۆنتراکتی ناشتنی مردووه‌کانی هه‌تیو‌خانه‌ی گرتووه، چونکه جه‌سته‌ی ئه‌وانه به‌هۆی به‌دخۆراکییه‌وه چه‌ند بڵێی ڕه‌ق و لاوازن و ئه‌و له دروستکردنی تابووته‌کانیاندا ته‌خته‌ی زۆر به‌کار ناهێنێت. تامه‌زرۆییم بۆ زانینی کۆتاییی ڕۆمانه‌که نه‌یده‌هێشت من چاوه‌ڕێی ئه‌وه بم، مامۆستای ئینگلیزی هه‌ر ڕۆژێ به‌شێکی که‌ممان له‌و ڕۆمانه پێ بڵێت، بۆیه کتێبه‌که‌م به زمانی عه‌ره‌بی له (سائیب ئه‌کره‌م)ی هاوڕێم وه‌رگرت، که له میسر چاپ کرابوو و ئاسانیش کرابووه‌وه. (سائیب ئه‌کره‌م) یادی به‌خێر، له‌پاڵ (هۆشه‌نگ وه‌زیری)دا پێش ئه‌وه‌ی ماڵیشمان بۆ ڕووناکی بۆ لای ئه‌وان بگوازینه‌وه، چاکترین هاوڕێی ئه‌و ڕۆژگاره‌م بوو، که به‌رده‌وام گفتوگۆمان له‌باره‌ی کتێبه‌وه ده‌کرد. بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆم له‌باره‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌مه‌وه نووسیوه، که به‌داخه‌وه له تورکیا له ڕێگای قاچاغ گیانی له ده‌ست دا. رووداوه‌کانی ئه‌و ڕۆمانه و ناوه سه‌یره‌کانی وه‌کو (میسته‌ر به‌مبێل)، (فه‌یگین)، (بیل سایکس)، (نانسی)، (جاک دۆکنز)، (میسته‌ر براون لۆ)، (چارلۆت)، (نواه) و زۆری دیکه لێم جیا نه‌ده‌بوونه‌وه. ماوه‌یه‌کی زۆر من ده‌مویست تێکستێکی له‌م شێوه‌یه بنووسم، به‌تایبه‌تی کاتێ ئێواران له‌گه‌ڵ خۆرئاوابوون به‌لای (هه‌تیوخانه) و (خانووی به‌سالآچووان)دا ده‌گه‌ڕامه‌وه، که نزیکی ماڵی خۆمان بوون له ڕووناکی. دوایی تێگه‌یشتم، که ئه‌مه‌ی من ده‌مه‌وێ بیکه‌م، ته‌نها لاسایکردنه‌وه‌یه، بۆیه ده‌ستم له‌و بیرۆکه‌یه هه‌ڵگرت، به‌لآم سه‌رسامییم به‌و ئێتمۆسفێره هه‌ر وه‌کو خۆی مایه‌وه. به‌هه‌ر حاڵ ویستم پێت بڵیم، که خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه ده‌شێت یه‌کێک بێت له‌و هۆکارانه‌ی، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بوونه‌ته ته‌قینه‌وه‌ی یاده‌وریی منداڵیی من، که پڕیه‌تی له ئازار و تێکشکان. (دیکینز) خۆیشی منداڵییه‌کی زۆر سه‌ختی به‌سه‌ر بردووه. دیاره هۆگرییم به‌و ڕۆمانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، که من ئه‌زموونێکی ڕۆحی و ویژدانی و وجوودیی سه‌یرم له خۆمدا به‌دی ده‌کرد و ڕووداوه‌کانی و ئێتمۆسفێره‌که‌ی ده‌یانتوانی به‌ئاسانی کارلێک له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی مندا پێکبهێنن. من چاوه‌ڕێی ئه‌وه بووم فێری هونه‌ره‌کانی گێڕانه‌وه ببم، هه‌تا ته‌عبیر له‌و هه‌موو هه‌سته ئاڵۆز و په‌نهانه بکه‌م، که ئاسان نه‌بوو ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی بایۆلۆجییدا بیاندرکێنم. وه‌کو زووتریش گوتم، یه‌کێک له‌و شتانه‌ی نووسه‌رێک له نووسه‌رێکی دیکه جیا ده‌کاته‌وه، نووسینه‌وه‌ی خوده. لێره‌وه‌یه ده‌توانم چاکتر وه‌لآمی به‌شی دوایی پرسیاره‌که‌ت بده‌مه‌وه و بڵێم من له ژینگه‌یه‌کی زۆر میتۆلۆژیی له دایک بووم و گه‌وره بووم. به‌درێژاییی ژیانی خۆم که‌سانی جیاوازم چ له گه‌ڕه‌ک و چ له قوتابخانه ناسیوه. زۆر سوودم له ئه‌زموونی خۆم و ئه‌وانه وه‌رگرتووه و له نووسینه‌کانمدا ته‌وزیفم کردوون.
 |