به‌رلین چڕترین پایته‌خته‌کانی شانۆی ئه‌وروپی | دانا ڕه‌ئووف
نوسینی : دانا ڕه‌ئوف

تایبه‌ت : ماڵپه‌ڕی چراکان
به‌رلین له چاوه‌ڕوانی ئێمه‌دایه و ئێمه‌یش له چاوه‌ڕوانی دان ئه‌کسل داین1! من و یوواکیم ستێن سێل له‌پێش هه‌موو براده‌رانه‌وه ده‌گه‌ینه ته‌رمیناڵی دووی فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی (ئه‌رڵه‌ندا) له ستۆکهۆڵم2. ته‌رمیناڵه‌که له نه‌خۆشخانه ده‌چێ، ڕووت و قووت و داخراوه. پیس و پۆخڵ و هۆڵیکی درێژ و باریکه، به‌ڵام هه‌ر ئێستا هاوڕێکانمان ده‌گه‌نه ئێره، بێگومان بلیته‌کانیشمان که دان ئه‌کسل به‌رپرسیاره لێیان3 !
کاتی به‌ڕێکه‌وتنمان هه‌ندێ دواده‌که‌وێت، به‌ڵام دواتر به‌ڕێده‌که‌وین و پاش چه‌ند کاژێرێک ده‌گه‌ینه به‌رلین4. هه‌ر به ئاسمانه‌وه و له‌کاتی نزم بوونه‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌ماندا به‌رلین له به‌رزاییه‌وه ده‌بینم، هه‌ر له سیبریا ده‌چێت، سپی ده‌چێته‌وه و ڕه‌شه‌بایه‌کی توندیش هه‌ڵیکردووه. هه‌موو شاره‌که له ده‌واری به‌ر ڕه‌شه‌با ده‌چێت، له هه‌ندێ ئۆتۆمبێل که زۆر به بچوکیی دیارن، هیچ بنیاده‌مێک به چاو نابینرێت. له فڕۆکه‌خانه‌ی (تێگل) ده‌نیشینه‌وه و هه‌ر ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ دواکه‌وتن جانتاکانمان وه‌رده‌گرینه‌وه. ئافره‌تێکی سوێدی له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕووانمان ده‌کات، به پاسێکی گه‌وره‌ی تایبه‌تی ده‌مانگه‌یه‌نێته ناوجه‌رگه‌ی شار و ئه‌و میوانخانه‌یه‌ی که بڕیاره لێی دابه‌زین. به‌ده‌م ڕێگاوه هه‌ندێ شتمان ده‌رباره‌ی به‌رلین بۆ باس ده‌کات ..
|