هیچ شانۆنامه‌یه‌کی تر له مێژووی شانۆ و مێژووی ئه‌ده‌بدا هێنده‌ی خه‌ونه نمایشێک وێنه‌ی جیاواز و چوونیه‌ک له‌خۆناگرێت، دیمه‌ن و به‌شه‌کان که له شیعره‌کاندا به‌رجه‌سته ده‌بن، خێرا و له‌چاوتروکانێکدا له یاده‌وه‌ریماندا ده‌چه‌سپێن و جێگایه‌کی گرنگ و پێگه‌یه‌کی بێ وێنه‌ی له‌لای شانۆکاران، بینه‌ران و خوێنه‌ران، به درێژایی مێژوو به‌ده‌ست هێناوه.
خه‌ونه نمایشێک به زمانێکی بینراو، به‌رجه‌سته‌کراو و وێنه‌یی نووسراوه و خودی دیالۆگه‌کانیش به‌رهه‌می وێنه خهونییهکانه، ئه‌و وێنانه‌ی که ستریندباری به وێنه‌یه‌ک له ژیان ئاماژه‌یان بۆ ده‌کات.
ئه‌م نووسه‌ره هه‌وڵیداوه که هه‌موو کاره‌کته‌ره پیاوه‌کان له کاره‌کته‌رێکدا کۆبکاته‌وه و هه‌موو ئافره‌ته‌کانیش له ئافره‌تێکدا. له سه‌ره‌تادا بیری له‌وه کردۆته‌وه که هه‌موو شانۆنامه‌که ته‌نها دوو کاره‌کته‌ر، پیاوێک و ئافره‌تێک له‌خۆبگرێت و له یه‌کێک له‌ده‌ستنووسه کۆنه‌کانیدا کاره‌کته‌ره‌کانی له‌ژێر دووناودا، یان دوو خانه‌دا: پیاو و ئافره‌ت کۆکردۆته‌وه. هه‌ر له‌و ده‌ستنووسه کۆنانه‌دا پێشنیاری چه‌ندین ناونیشانی بۆ شانۆنامه‌که نووسیوه، بۆ نموونه درامای ڕاڕه‌وه‌که، کۆشکێکی هه‌ڵکشاو، کچی ئیندرا، هه‌روه‌ها ئه‌م ناوانه‌شی بۆ یمهنهکان نووسیوه: پایز، دوای هاوین، زستان و سه‌رله‌نوێ پایز. به‌ڵام دوایی له‌سه‌ر خه‌ونه‌نمایشێک گیرساوه‌ته‌وه.
خه‌ونیش وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ زۆر سه‌رنجی ستریندباری ڕاکیشاوه و به‌رده‌وام له به‌رهه‌مه‌کانیدا سوودی لێوه‌رگرتووه، به‌کاریهێناوه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ریان. ستریندباری له ساڵی 1887 دا وتوویه‌تی:( من وا هه‌ست ده‌که‌م به‌ده‌م خه‌ونه‌وه ده‌ڕۆم، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ژیان و شیعر تێکه‌ڵاو بووبێت. ) ئه‌م وێنه‌یه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و بووه‌ته به‌شیکی گرنگی ڕووداوه‌کان، به‌تایبه‌تی ناوه‌ندێکی گرنگی ئه‌م دیمه‌نه‌یه:
شاعیر
که‌واته به‌و زووانه ده‌زانیت واقیع چییه!
کچه‌که
یان خه‌ون!
شاعیر
یان شیعر
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
بێگومان ستریندباری سوودی له وێنه میتافۆرییه ورد و پارچه پارچه‌کانی خه‌ونه‌کانی خۆیشی وه‌رگرتووه و له ده‌روازه‌کانی به‌کارهێنانێکی تری زمانه‌وه، ژیانێکی تری کردووه به به‌ردا. هه‌ر ئه‌م خه‌ونانه بوونه‌ته وێنه و وێنه‌ی مه‌جازی و دیمه‌نه‌کانی خه‌ونه نمایشێکی له‌سه‌ر بنیاتناوه6.
· خه‌ونه نمایشێک باسی چی ده‌کات!
کچی ئیندرای خواوه‌ند له ئاسمانه‌وه دێته خواره‌وه تا له نزیکه‌وه چاودێری بارودۆخی ژیانی مرۆڤایه‌تی بکات و گوێ له ئازار و په‌ژاره و خه‌مه‌کانیان بگرێت. ئه‌م کچه‌ی ئیندرا له گیانی ئاگنێس دا به‌رجه‌سته ده‌بێت و له سه‌ره‌تای گه‌شته‌که‌یدا له‌سه‌ر زه‌وی و له‌به‌رده‌می کۆشکێکدا که به‌رده‌وام گه‌وره ده‌بێت قسه له‌گه‌ڵ وه‌ستایه‌کی شووشه‌دا ده‌کات7. دوای ئه‌وه ده‌چنه کۆشکه‌که‌وه تا ئه‌و ئه‌فسه‌ره ڕزگار بکه‌ن که له کۆشکه‌که‌دا به‌ند کراوه. دیمه‌نه‌که هه‌ر زوو گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت و دواتر ئه‌فسه‌ره‌که له ماڵی خانه‌واده‌که‌یدا ده‌بین و دواتریش له‌به‌رده‌م ده‌رگای ئۆپێراکه‌دا، هه‌ر خێراش له‌وه ده‌گه‌ین که ئه‌فسه‌ره‌که ساڵ دوای ساڵ له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایه‌دا له چاوه‌ڕوانی ڤیکتۆریای خۆشه‌ویستیدایه.
ده‌رگایه‌کی پڕ له ڕاز و نهێنی ئه‌فسه‌ره‌که تووشی دڵه‌ڕاوکێ ده‌کات و پۆلیس ڕێگای پێنادات که ئه‌و ده‌رگایه بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که کۆڵ نادات و ده‌چێته لای پارێزه‌ر تا مه‌سه‌له‌که‌ی بۆ بگه‌یه‌نێته دادگا. پارێزه‌ره‌که ئه‌گنێس ده‌بینێت و هه‌ر له‌وێدا ئه‌وه‌ی بۆ ده‌گێرێته‌وه که هه‌ر ئێستا بڕوانامه‌ی دکتۆرای له‌بواری یاسادا پیده‌به‌خشرێت، له دیمه‌نێکی تردا، له کڵێساکه‌دا سه‌ما و ئاهه‌نگی بڕوانامه به‌خشینه‌وه‌یه، به‌ڵام پارێزه‌ره‌که بڕوانامه‌که وه‌رناگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رگری له ئازاره‌کانی مرۆڤ کردووه. دیمه‌نه‌که له کڵێساکه‌وه ده‌بێته ئه‌شکه‌وتی فینگال و له‌هه‌مانکاتدا پارێزه‌ره‌که و ئه‌گنێس بریاری ئه‌وه ئه‌ده‌ن که ژیانی هاوسه‌ری پێکه‌وه بنێن. ژیانی ژن و مێردایه‌تی کچه‌که و پارێزه‌ر به ئاژاوه و ناخۆشی کۆتایی دێت و ئه‌فسه‌ره‌که دێت تا کچه‌که له‌و دۆزه‌خه ڕزگار بکات، به ڕزگاربوونی کچه‌که ده‌چینه ناو دیمه‌نه‌کانی سکامسیوند و فاگێرڤیک. که کچه‌که له‌دوای ئه‌م دیمه‌نانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاعیرێک ده‌بینێ، کچه‌که دان به‌وه‌دا ده‌نێت که ژیانی سه‌ر زه‌وی بێزاری کردووه و بڕیاری داوه بۆ ئاسمان بگه‌ڕێته‌وه.
دیمه‌نه‌که ده‌گۆڕدرێت بۆ ڕاڕه‌وی شانۆکه و دواتریش ده‌رگاکه ده‌کرێته‌وه، هه‌موو له‌و بڕوایه‌دان که له پشت ده‌رگاکه‌وه نهێنی مه‌ته‌ڵه‌کانی گه‌ردوون خۆی حه‌شارداوه و ئه‌وانه‌شی که له‌وێدا کۆبوونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕوانی کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌یان ده‌کرد، ده‌یانه‌وێت له نهێنییه‌کان بگه‌ن. وه‌ستای شووشه ده‌رگاکه ده‌کاته‌وه، به‌ڵام دواجار هیچ شتێک له‌پشت ئه‌و ده‌رگایه‌وه نییه.
له دوا دیمه‌ندا که سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌رده‌م کۆشکه‌که، هه‌ر وه‌ک دیمه‌نی یه‌که‌م، کچه‌که له ساته‌کانی ماڵئاواییدایه و کۆشکه‌که‌ش ده‌سووتێت، کچه‌که ده‌چێته کۆشکه‌که‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ش له ده‌روازه‌ی ئاگره‌که‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئاسمان و خونچه گوڵێکیش له‌سه‌ر سه‌ربانی کۆشکه سووتاوه‌که ده‌پشکوێ و ده‌بێته گوڵه بهیبوونێکی گه‌وره.
· سێینه‌یه‌کی گرنگی خه‌ونه نمایشێک
سی مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی له‌م شانۆنامه‌یه‌دا به ڕوونی، وه‌ک سێینه‌یه‌کی پێکه‌وه به‌ستراو دیاره، یه‌که‌میان: '' مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه ''. ژیان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر زه‌وی ئازار و ژانه، خوداکانیش پێویسته که ئه‌م ڕاستییه بزانن. دووه‌میان:'' خۆشه‌ویستی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا سه‌رده‌که‌وێت''، له‌وانه‌یه خۆشه‌ویستی بتوانێت که ڕێگایه‌ک له‌نێو ئه‌م ئازار و ژانه‌دا بدۆزێته‌وه. سێیه‌میشیان:'' هه‌ڵهێنانی مه‌ته‌ڵی جیهان''. ئه‌وه‌ی له‌پشت ئه‌و ده‌رگا ئه‌فسووناوییه‌وه پێویسته ئاشکرا بکرێت که بنه‌مای ئازاره‌کانی مرۆڤی له‌سه‌ر بنیاتنراوه، یان ماناکانی، ڕێگایه‌ک بۆ کۆتایی هێنان به‌و ده‌رگایه‌وه به‌نده.
· سه‌رچاوه میتۆلۆژی و فه‌لسه‌فییه‌کانی خه‌ونه نمایشێک
ستریندباری بۆ نووسینی شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک په‌نای بردۆته به‌ر چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی فیکری، میتۆلۆژی و ئایینه کۆنه‌کان و به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ سوودی لێوه‌رگرتوون و به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووش به‌کاریهێناون.
هه‌روه‌ها ستریندباری که ئاوڕی له به‌کارهێنانی میتۆلۆژیا جۆراوجۆره‌کان داوه‌ته‌وه، بیری له‌وه کردۆته‌وه که ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی ڕاستگۆ و بێ شێواندن له چاوگه ڕۆحییه‌کان بڕوانێت و به شێوه‌یه‌کی قووڵ پابه‌ند بێت به ژیانی ڕاستی و واقیعی ژیانه‌وه. هه‌موو هێماگه‌لێکی میتۆلۆژیی، رۆحی یان ئه‌فسانه‌یی، ده‌بێت له‌پشت چوارچێوه‌یه‌کی پڕ له ورده‌کاریی ڕاستییدا خۆیان حه‌شار دابێت. میتۆلۆژیا و ئایینی هیندی و فه‌لسه‌فه‌ی شۆپینهاوه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه جێگه‌ی سه‌رنجی ستیندباری بوون و له زۆر له به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.
ئاینی هیندییش له ڕێگای بوودیزمه‌وه سه‌رنجی ستریندباری ڕاده‌کێشێت، له یه‌کێک له نامه‌کانیدا که له‌ساڵی 1896 دا نوسیویه‌تی، ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که تازه له خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی سه‌فه‌رنامه، بۆ هیندستان بووه‌ته‌وه. له هه‌مان نامه‌دا باسی ئه‌وه‌ی کردووه که کتێبه‌که زۆر به وردیی ئاینی هیندیشی ڕوونکردۆته‌وه و له‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو که چۆن باڵاترین ئاستی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و گه‌شه‌کردنی مرۆڤ بریتییه له خۆڕزگارکردن له خود، هه‌روه‌ک وه‌همێک، به‌مه‌ش به‌ده‌ستهێنانی هه‌ستکردن و هه‌ستی به‌زه‌یی به ئازاره‌کانی ئه‌وانیتر گه‌شه ده‌کات. ئه‌م مهسهلهیهس ناوه‌ندێکی گرنگی بیروبۆچوونه‌کانی ستریندبارییه له خودی شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا.
ستریندباری له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا ته‌نها سوودی له میتۆلۆژیای هیندی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند، چڕ و له دیدی داهینانێکی گه‌وره‌وه، چه‌ندین دیانه‌ت، میتۆۆلۆژیا و فانتازیا تێکه‌ڵاو ده‌کات و میتۆلۆژیایه‌کی تایبه‌تمه‌ندی شانۆیی ده‌خوڵقێنێت. له‌م کاره‌یدا جگه له دیانه‌ت و میتۆلۆژیای هیندی، میتۆلۆژیای گرێکی و ڕایه‌ڵه ئه‌فسووناوییه‌کانی ئینجیل، بودیزم، سوودی له چیرۆکی ترادیسونی سوارچاکه‌کان و هه‌روه‌ها چیرۆکه‌کانی هه‌زار و یه‌ک شه‌وه وه‌رگرتووه.
به‌کارهێنانی ئه‌م هه‌موو زنجیره، میناتۆر و وێنه جیاوازانه پێکداده‌چن و له‌به‌رئه‌نجامدا یه‌ک وێنه‌ی سه‌راپاگیر و یه‌کگرتوویان پێکهێناوه. ئیندرای خواوه‌ند له میتۆلۆژیای هیندیدا هیج کچێکی نه‌بووه و ستریندباری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌ک هێما و مه‌جاز به‌کارده‌هێنێ.
ئهگنێسیش نزیکه له (ئاگنی) خوای ئاگری هیندی، ئه‌م خواوه‌نده کاره‌کانی تایبه‌تمه‌ند بووه به گه‌یاندنی په‌یام یان ناوبژیکردنی نێوان خواوه‌ند و جیهانی مرۆڤ. ستریندباری له یه‌کێک له یاداشته‌کانی ئه‌و ده‌مه‌یدا که خه‌ریکی نووسینی شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک بووه، ده‌ڵێت:( ئاینی هیندی زۆر شتی له خه‌ونه نمایشێکدا بۆ چاره‌سه‌ر و ڕوونکردوومهتهوه، به‌تایبه‌تی مانای کچی ئیندا، نهینی ده‌رگاکه= عه‌ده‌م. هه‌موو ڕۆژه‌که خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی بودیزم بووم8.)
له‌پاڵ بودیزم و میتۆلۆژیای هیندیدا، خه‌ون بابه‌تێکی گرنگ بووه له ژیانی تایبه‌تی و له به‌رهه‌مه‌کانی ستریندباری دا خه‌ونه ڕۆژانه‌کانی و ئه‌و خه‌ونانه‌شی که ده‌یبینین، زۆرجار ئه‌و خه‌ونانه‌ی که ده‌یبینین دواتر تۆماری کردوون و له‌کاتی نووسیندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ریان و به‌کاری هێناون. ستریندباری له کتێبی (ته‌نهایی) دا که له ساڵی 1903 دا نووسیویه‌تی، دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که خه‌ون به شێوه‌یه‌کی لۆژیکی و زانیاری لێکداوه‌ته‌وه.
چه‌ندین کتێبی لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون و زیانیاری و ئه‌ده‌بی سه‌باره‌ت به خه‌ون له کتێبخانه تایبه‌تمه‌نده‌که‌ی ستریندباری دا دۆزراوه‌ته‌وه. له ڕاستیشدا گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه زانیارییه‌کانی خه‌ونیش له ناوه‌ڕاستی 1800 ه‌کانه‌وه ده‌رکه‌وتووه. فرۆید لێکۆڵینه‌وه و کتێبه گرنگه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان له ساڵانی 1900 و 1901 دا بڵاوکردۆته‌وه. بێگومان تا ئێستا شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک تاکه به‌رهه‌م و گه‌وره‌ترین شاکاره که له ته‌کنیک و جیهانی خه‌ونه‌کان نزیک بووبێته‌وه. هه‌ندی له لێکۆرهوهکان دووپاتی ئه‌وه ده‌که‌نه‌وه که ستریندباری کتێبه‌که‌ی فرۆید سه‌باره‌ت به خه‌ونی به‌رده‌ست که‌وتووه و خوێندوویه‌تییه‌وه.
هه‌ندێ لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی تر دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که هه‌رچه‌نده فرۆید و شۆپینهاوه‌ر وایان له مرۆڤ کردووه به چاوێکی نوێوه بڕوانێته خۆی، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ستتدا نییه دووپاتی ئه‌وه بکاته‌وه که ستریندباری فرۆیدی خوێندبێته‌وه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه که ستریندباری له سۆنگه‌ی خه‌ونه‌کانه‌وه، توانیویه‌تی کاره‌کته‌ری زیندوو، ئه‌تمۆسفێری فانتازیئامێز، ڕووداوی بێ سنوور له پانتاییه‌کی جیاوازی دوور له کات و شوێنه ته‌قلیدییه‌کانه‌وه ده‌سته‌به‌ر بکات.
ستریندباری ده‌یه‌وێت به‌م شانۆنامه‌یه دووپاتی ئه‌وه بکاته‌وه که ژیان په‌ژاره‌یه. بنه‌مای ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که ده‌ڵێن له ڕوانگه‌ی ئازار و ژانه‌وه ده‌گه‌ینه دیدێکی ڕوون و ئاشکرا. له‌پشت ووته‌ی کچه‌که‌شه‌وه که ده‌ڵێت:( مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه ) فه‌لسه‌فه‌ی شۆپینهاوه‌ر خۆی حه‌شارداوه، به‌تایبه‌تی به‌های ئازاره‌کانی مرۆڤ، به‌رزترین ئاسته‌کانی پاکییه. ستریندباری کاریگه‌ری کتێبه‌که‌ی شۆپینهاوه‌ر ( جیهان وه‌ک ئیراده و بیر ) ی به‌سه‌ره‌وه بووه و بیرۆکه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی ئه‌و کتێبه‌ش ( گرنگی ئیراده‌ی ژیان زیاتر بوونێکه له ناوه‌وه‌یه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه ته‌نها به‌ره‌و هه‌ستکردن به نه‌بوونمان ده‌بات، بۆیه پێویسته نه‌فی ئه‌و بوونه بکرێت. ) ئه‌م کاریگه‌رییه‌ش ته‌نها له شانۆنامه‌ی خهونهنمایشێکدا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵکو به‌ر له خه‌ونه نمایشێک له سێینه‌ی به‌ره‌و دیمه‌شق و سۆناتای تارماییدا ناوه‌ندێکی گرنگه.
· ته‌کنیک و ته‌کنیکی خه‌ون له خه‌ونه نمایشێکدا
ستریندباری ئاگای له ڕه‌وتی شانۆی جیهانی بووه و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی به شانۆی ئه‌وروپییه‌وه هه‌بووه، گۆردن گریکی ناسیوه و سه‌ردانی شانۆکانی پاریس و به‌رلینی کردووه. بۆ نموونه له ساڵه‌کانی 1800 ه‌کاندا که له پاریس ده‌بێت، به‌رده‌وام سه‌ردانی شانۆی Chat Noir ده‌کات و ئه‌م شانۆیه‌ش وه‌ک گازینۆیه‌کی هونه‌ری وابووه و له نهمایشهکانیاندا وشه، وێنه و مۆسیقا له یه‌که‌یه‌کی هونه‌ریدا یه‌کیان گرتووه و ستریندباریش چه‌ندین جار دووپاتی ئه‌وه‌ی کردۆته‌وه که خه‌ون به شانۆیه‌کی ئاوهاوه ده‌بینێت.
خه‌ونه نمایشێکیش بۆ ستریندباری شیکردنه‌وه‌ی وزه و ئێستاتیکای شانۆ بووه، بواره‌کانی کرده و دیدی شانۆی تاقیکردۆته‌وه و تا ئه‌ودیو و ناوه‌وه‌ی شته‌کانی به‌کارهێناوه، دید و بواره نابابه‌تییه‌کانی پێکه‌وه گرێداون و سه‌رله‌نوێ به‌رجه‌سته‌ی کردوونه‌ته‌وه. ستریندباری له‌م شانۆنامه‌یه‌دا، به‌هه‌مان شێوه له شانۆنامه گوزارشتئامێزهکانیدا، یاساکانی ته‌ماشاکردن و گه‌وهه‌ری بوونیادنانی وێنه‌کان به‌ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕێت، به‌تایبه‌تیش هه‌ر له‌ڕێگای به‌ده‌ستهێنان و خوڵقاندنی دنیایه‌کی بینراو یان ژوورێکی شیعرئامێزی بینراوه‌وه، ژوورێک بۆ بینین، نه‌ک بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده و ته‌وژمه‌کانی شانۆی ریالیزم و ناتورالیزم بووه9.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه که له به‌شێکی زۆری سه‌ده‌ی بیستیشدا، شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک به شێوه‌یه‌کی ناتورالیستی پێشکه‌شکراوه و زۆر که‌م له ڕیژیسۆر و گروپه شانۆییه‌کان توانیویانه ئه‌و جیهانه وێنه خهونییانهی شانۆنامه‌که بدۆزنه‌وه و به‌رجه‌سته‌ی بکه‌ن10. به‌ڵام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا که شانۆیه‌کی ئه‌زموونگه‌ری، ئهفانتگهر و پۆست مۆردێنیست ده‌روازه‌ی شانۆکانیان کرده‌وه، شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکی ستریندباری ده‌بێته شانۆنامه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م رێبازانه و نهمایشهکانیشیان له دید و خه‌ونه‌کانی ستریندباری نزیک ده‌بێته‌وه11.
به‌درێژایی مێژوو خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌کردنی ئه‌م شانۆنامه‌یه به‌هه‌مان شێوه‌ی کۆشکه‌که‌ی ناو شانۆنامه‌که چ له‌لای هونه‌رمه‌ند، یان بینه‌ران و پسپۆڕان و لێکۆڵه‌ره‌وانی شانۆوه له هه‌ڵچوون و داچوون و گۆڕانکاریدا بووه. زۆر ورده‌کاری و میناتۆری شانۆنامه‌که زه‌مینه‌یه‌کی واقیعی هه‌یه و ستریندباری ڕاسته‌وخۆ له ژیانی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌یه‌وه وه‌ریگرتووه ( دوایی زیاتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م خاڵه ) به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه که ستریندباری چۆن توانیویه‌تی ئه‌و مۆتیڤه واقیعییانه تێهه‌ڵکێشی خه‌ون بکات و واقیع و خه‌یاڵ له ته‌کنیکی به‌رزی خه‌وندا به‌رجه‌سته بکات12.
ستریندباری له پێشه‌کییه‌کی کورتی شانۆنامه‌که‌یدا چه‌ند دێڕێک سه‌باره‌ت به خه‌ونه نمایشێک و ته‌کنیکی خه‌ون ده‌نووسێت13، له‌و پێشه‌کییه‌دا به‌پێی ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی گیونار ئۆللێن که پسپۆڕ و پشکنه‌ری بواری شانۆی ستریندباری ییه ده‌ڵێت:( ستریندباری له‌م نواندنه خه‌ونه‌یدا که به نواندنه خه‌ونه‌که‌ی پێشووی ( به‌ره‌و دیمه‌شق ) ه‌وه ڕایه‌ڵه، هه‌وڵیداوه لاسایی پێکه‌وه گرێنهدراویی به‌ڵام ساخته‌یی فۆرمه لۆگیکییهکهی خه‌ون بکاته‌وه. ده‌کرێ هه‌موو شتێک له خه‌وندا ڕووبدات، هه‌موو شتێک له خه‌وندا شیاو و لواوه، زه‌مه‌ن و شوێن بوونیان نییه، له‌سه‌ر بناخه‌یه‌کی نادیار و واقیعییانه وههم ده‌ڕێسێ و نه‌خشه‌گه‌لی نوێ ده‌چنێ: تێکه‌ڵه‌یه‌ک له زه‌ین، ئه‌زموون، هۆنینه‌وه‌ی ئازاد، ناماقووڵییهت و ڕاگوزه‌ری.
که‌سایه‌تیه‌کان له‌ت ده‌بن، دووبه‌رابه‌ر ده‌بن، دووباره ده‌کرێنه‌وه، ده‌بنه هه‌ڵم. ده‌ئاخنرێن، ڕه‌وان ده‌ڕۆن، گرد ده‌کرێنه‌وه، به‌ڵام ئاگاییه‌ک چاوه‌ڕێی هه‌مووان ده‌کات، ئه‌ویش ئاگایی ئه‌و که‌سه‌یه که خه‌ونه‌که ده‌بینێت، چونکه چ نهێنیگه‌لێک، چ ناکۆکییه‌ک، چ بیرێکی ویژدانیی و چ یاسایه‌ک نیین. ئه‌و که‌سه‌ی خه‌ونه‌که ده‌بینێ داوه‌ری ناکات، ڕاشکاوانه نادوێ، ته‌نێ ده‌گێڕێته‌وه، به‌وه‌ی که خه‌ونه‌که زیاتر دهردهاوهره، بۆیه که‌متر شادمانانهیه، تۆنێکی له غه‌م تێدایه، له‌میانه‌ی ئه‌و چیڕۆکه پارسه‌نگ تێکچووهدا هه‌ڵگری هاوده‌ردییه له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێکی زیندوودا. خه‌ون، ڕزگارکه‌ر، به‌زۆری شه‌رماوه‌ر وه‌دیارده‌که‌وێت، به‌ڵام کاتێ که ئازاره‌که دهجهڕێت، ئیدی خۆی بێداربوو ده‌بینێته‌وه و که‌سی ئازارچه‌شتوو له‌گه‌ڵ واقیعدا ئاشت ده‌کاته‌وه، که هه‌رچه‌ندێک پڕ له په‌ژاره بێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ونه ئازاراوییهکهدا، ئه‌و په‌ژاره‌یه له‌م ساته‌دا ده‌بێته جۆره له‌زه‌تێک )
ئه‌م پێشه‌کییه‌ش دووپاتکردنه‌وه‌یه‌کی ئاشکرای ئه‌م نووسه‌ره‌یه که چ ئاگادارییه‌کی سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه زانیارییه‌کانی بواری لێکدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌وه هه‌بووه. ستریندباری له‌وێدا ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که چۆن له خه‌وندا کات و شوێن و که‌سی خه‌ونبینه‌که‌ش بوونیان نامێنێ و هه‌موو سنوور و یاسایه‌ک لاده‌برێت.
ستریندباری له خه‌ونێکی به‌ئاگادا ده‌سوڕێته‌وه، هه‌روه‌ها ستریندباری بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌رانی شانۆنامه‌که له‌نێو جیهانه بێ سنوور و نالۆژیکییهکهی خه‌وندا ون نه‌بن و بزانن چی ده‌بینن، بیرۆکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له چه‌ند دیمه‌نێکدا به درێژایی شانۆنامه‌که له هێڵێکی لۆژیکیدا به‌رجه‌سته کردووه، هه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه هه‌ندێک جار له سنووری خه‌ونه‌کان دێته ده‌ره‌وه.
خه‌ونه‌کان هه‌میشه بێ ڕه‌نگن، ڕه‌ش و سپی ده‌نوێنن، به‌ڵام ستریندباری له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا ڕه‌نگ ده‌به‌خشێت به دیمه‌ن و ڕووداوه‌کان، زۆرجار یان به شێوه‌یه‌کی گشتی خه‌ونه‌کان به بێده‌نگی تێده‌په‌ڕن و ده‌نگیان تێدا نییه، به‌ڵام ستریندباری خه‌ونه‌که‌ی به ده‌نگ و ڕه‌نگ و ئه‌تمۆسفێر ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. شاعیره‌که به کچه‌که ده‌ڵێت:( شیعر چییه؟) کچه‌که‌ش به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی شاعیره‌که ده‌داته‌وه:( واقیع نییه به‌ڵام له واقیع زیاتره ... خه‌ون نییه به‌ڵام خه‌ونه که به بێداریی ده‌بینرێ .... ) شوێن و کات بوونیان نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه له‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه ڕاڕه‌وه شانۆییه‌که ده‌گۆڕێت و ده‌بێته ژووری پارێزه‌ره‌که، ژووری پارێزه‌ره‌که ده‌بێته که‌نیسه، هه‌ر له چاوتروکانێکدا هاوین ده‌بێته پایز .... هتد.
شانۆنامه‌که سه‌ره‌تا له ئاسمانه‌وه، له باوه‌شی هه‌ور و ئه‌ستێره‌کانه‌وه ده‌ست پێده‌کات. کچه‌که‌ی ئیندرا له ئاسمانه‌وه بۆ ناو تاریکی و پیسیی سه‌ر زه‌وی دێته خواره‌وه، سه‌ره‌تا بۆ به‌رده‌م کۆشکه هه‌ڵچووه‌که و دواتریش بۆ ناو کۆشکه‌که، بۆ ناو ماڵه‌که، بۆ ناو شاره‌که. هه‌روه‌ک فیلم سه‌ره‌تا له دووره‌وه، له ئاسمانه‌وه وێنه‌ی سه‌ر زه‌وی ده‌گرێت، دوای ئه‌وه له ڕوانگه‌ی قووڵبوونه‌وه و هاتنه‌خواره‌وه و له وێنه‌یه‌کی ورده‌کاری و سهراپاگیرییهوه. شانۆنامه‌که‌ش به شێوه‌یه‌کی وا رۆنراوه که هیچ جۆره گرژی و ململانێیه‌ک، به‌شێوه ته‌قلیدییه‌که له‌خۆناگرێت، به‌ڵکو له ڕه‌وتی دیمه‌نه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانییه‌وه تیشک ده‌خاته سه‌ر گه‌شته‌که‌ی کچه‌که له‌سه‌ر زه‌وی. ستریندباری به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ی به شێوه‌یه‌کی ساکار و خێرا و به‌بێ ڕتووش و هاتوهه‌را ئه‌نجامداوه، به‌شێوه‌یه‌ک که هه‌ستی پێنه‌کرێت و ئه‌مه‌ش به‌شێکی گرنگی ستر‌کتوری شانۆنامه‌که‌یه: ستریندباری به‌هۆی ئه‌م ته‌کنیکه خهونئامێزهوه، ژیان له کۆمه‌ڵێ وێنه‌ی پاش و پێشدا، له میتافۆر و له فۆرمێکی سه‌ربه‌ستدا شانۆ له ڕێسا ته‌قلیدییه‌کانی، شوێن، کات و یه‌که‌ی ڕووداو ڕزگار ده‌کات. خه‌ونبینه‌که ده‌نگمانه که هه‌رگیز گوێمان لێی نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌هۆی ستریندبارییهوه هه‌موو گه‌مه‌کان پێشکه‌ش ده‌کات.
کاره‌کته‌ر و مرۆڤه‌کانی خه‌ونه نمایشێک بوونیان هه‌یه، به‌ڵام هیچ گۆڕانکارییه‌کیان به‌سه‌ردا نایه‌ت، هه‌روه‌ها پێگه و ڕه‌وتی ژیانیشیان، که ناتوانێ کاریگه‌رییان به‌سه‌ریانه‌وه هه‌بێت. زوربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌که و ڕه‌فتاره‌کانیان ناکرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ڕوانگه‌ی پرۆسێسێکی سیکۆلۆژییه‌وه شرۆڤه بکرێن، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش که ئه‌وانه له هیچ پرۆسه‌یه‌کی گۆڕانکاری و بهرهوهپێشهوهچووندا نین. ئه‌م کاره‌کته‌رانه ته‌نها له پێکه‌وه‌گرێدراویی، یان ڕیزبهنیی ڕووداوه‌کاندا بوونیان هه‌یه. له‌م جیهانه پر له گۆڕانکارییه‌دا که‌سانێکی زۆر دێن و ده‌چن، هه‌ندێکیان هه‌روه‌ک خه‌ونێک له هیچه‌وه ده‌رده‌که‌ون و له‌به‌رچاو ون ده‌بن، گوزارشت له ئازار و ژانه‌کانی ژیان ده‌که‌ن. هه‌ندی له کاره‌کته‌ره‌کان پابه‌ندی هێڵی سه‌ره‌کی دراماکه‌ن، هه‌ندێکی تریان به سه‌ربه‌ستی به‌نێو دیمه‌ن و ڕووداوه‌کاندا ده‌بزوێن، به‌ڵام هه‌موویان له‌به‌رده‌م کۆشکه‌که‌دا کۆده‌بنه‌وه. هه‌ندێ جار پێکه‌وه ده‌دوێن، یان ڕووده‌که‌نه بینه‌ران و هه‌ندێ جاریش به گله‌یی و داخ و ئازاره‌وه ڕووده‌که‌نه خودی خودا خۆی. خه‌ونه نمایشێک شانۆنامه‌یه‌کی گه‌وره‌یه سه‌باره‌ت به ژیان که هه‌روه‌ک خه‌ونێک وایه.
له‌م ته‌وژمی خه‌ونه‌دا چه‌ندین خه‌ون و خه‌ونبین وهدیاردهکهون، هه‌ر بۆ نموونه: ئه‌گنێس و ئه‌فسه‌ره‌که، ئه‌گنێس و پارێزه‌ر، ئه‌گنێس و شاعیره‌که. هه‌موو خه‌ونه‌کانیش به ته‌نها و دواتریش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا ده‌رده‌که‌ون و گه‌شه ده‌که‌ن. هه‌ندێ جار خه‌ونی یه‌کێکیان ده‌بێته به‌شێک له خه‌ونی ئه‌وانیتر و به‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزیان به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه ده‌بێت. دیمه‌نه‌کان تروسکه‌ئاسا ده‌چنه ناو یه‌که‌وه، تێکه‌ڵاو ده‌بن و کاره‌کته‌ره‌کان ده‌چنه دیواره‌کانه‌وه، به دیواره‌کاندا ڕه‌ت ده‌بن و ڕووداوه‌کان له جیهانێکی تارمایی ئاسادا ده‌جووڵێنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه هه‌ست ده‌که‌ین که زۆر نزیکین له ڕاستی ژیان و واقیعه‌وه.
ستریندباری له‌م خه‌ونه نمایشه‌دا هیچ دیمه‌ن و به‌شێکی شانۆنامه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ دیاری نه‌کردووه، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌دات حاڵه‌ته‌کان، ڕووداوه‌کان و وێنه‌کان له خه‌وندا به‌رجه‌سته بکات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌کرێت با ئاسانی سێ به‌ش له ستر‌کتوری شانۆنامه‌که‌دا جیابکرێته‌وه، ئه‌م به‌شانه‌ش به دابڕانێکی کتوپڕی، یان وه‌ده‌رکه‌وتنی که‌سێکی گرنگ یان پچڕاندنی ڕووداوه‌کان له زنجیره‌ی دیمه‌نه‌کاندا، کاره‌کته‌ره‌کانیش ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان ده‌ژین، له وێنه‌یه‌کی گشتگیردا دانراون و به هێنانه ده‌ره‌وه‌یان ده‌مرن، شانۆنامه‌که‌ش بریتییه له کۆمه‌ڵێ وێنه، وێنه‌ی هه‌ڵوێسته و ڕه‌وشه‌کانی مرۆڤ، به‌بێ ده‌روازه و دابه‌شکردن و جیاکردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌کان.
· هێڵه گرنگه‌کانی خه‌ونه نمایشێک
ستریندباری له شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکدا میتۆلۆژیایه‌کی تایبه‌تمه‌ندی داهێناوه، هێما و وێنه مه‌جازی و خه‌ونه‌کان ده‌کاته ده‌روازه و بنه‌مایه‌کی گرنگی ئه‌و میتۆلۆژیا مۆدێرنه‌ی شانۆ.
ستریندباری کچێک بۆ ئیندرای خواوه‌ند14 دروست ده‌کات و ده‌ینێرێته سه‌ر زه‌وی تا له نزیکه‌وه له گوزه‌ران و بارودۆخی مرۆڤ بڕوانێ15. ستریندباری ئه‌م خواوه‌نده هیندییه تێکه‌ڵاو و ئاوێته‌ی ئایینی مه‌سیحی و بودیزم ده‌کات، له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ژیانی لاوێتی خۆی، په‌یوه‌ندییه‌کانی به ئایین به شێوه‌یه‌کی گشتی و مه‌سیحییه‌ت به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی و قۆناخه ڕه‌شبینه‌کانی ژیانی و کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی شۆپینهاوه‌ر و هاوتمان ه‌وه.
ڕۆڵی کچه‌که‌ی ئیندراش له‌سه‌ر زه‌وی ته‌نها دڵنه‌وایی و خوم ڕه‌واندنه‌وه‌ی مرۆڤه مۆدێرنه کڵۆڵه‌کان نییه، به‌ڵکو ئه‌و بۆیه هاتۆته خواره‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی، تا ئه‌ویش شته‌کان به‌چاوی خۆی ببینێ. کچه‌که‌ی ئیندرا له شانۆنامه‌که‌دا ڕۆڵێکی دووفاقی هه‌یه، له‌یه‌ککاتدا ده‌ور بینه و له‌هه‌مانکاتدا بێ ده‌سه‌ڵاته له‌به‌رده‌م سروشت و فۆرمی خه‌ونبینه‌که‌دا. کچه‌که وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک وایه و ڕاپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به باری مرۆڤایه‌تی ده‌گێڕێته‌وه.
خویندنه‌وه‌ی خه‌ونه نمایشێک له‌یه‌ککاتدا ئاسان و گرانیشه، به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێک، بینه‌رێک و هونه‌رمه‌ندێک ده‌توانێت شتێکی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه، هه‌موو که‌سێک به شێوازی تایبه‌تمه‌ندی خۆی، له خه‌ونه نمایشێکدا ڕووبه‌ڕووی ستریندباری ده‌بێته‌وه.
شانۆنامه‌که سه‌فه‌رنامه‌یه، باسی ڕه‌وش و هه‌ڵوێسته‌ی ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌کات، میناتۆر، مۆسایک، وێنه‌کان، مرۆڤه‌کان، ئه‌تمۆسفێر و جیهانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه، له سترکتورێکی خهونهئامێزدا کۆده‌کرێنه‌وه و به‌رجه‌سته ده‌کرێن. هه‌روه‌ها شانۆنامه‌که باسی زۆر شتی تر ده‌کات، هه‌ر بۆ نموونه داواکاری ژیانێکی یه‌کسانی، نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌رییه‌کانی ژیان، هه‌ستکردن به ئازاری ویژدان، یان هه‌ست نه‌کردنی، نهێنییه‌کانی ژیان، شه‌ڕخوازی و خێرخوازی له‌لای مرۆڤ و ماناکانی ئازار و ژان.
خه‌ونه نمایشێک ده‌کرێت به چه‌ندین شێوه بخوێنرێته‌وه، لێکبدرێته‌وه و ڕاڤه بکرێت و هێماگه‌لی جیاواز و هه‌مه چه‌شنه‌ی تێدا بدۆزرێته‌وه. له‌وانه‌یه له‌لای ستریندباری خۆی ( مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه )، ئازاره‌کانی مرۆڤ و ئه‌و پرسیاره‌ی که بۆچی له جیهاندا هێنده خه‌م و ئازار زۆره، به‌شیک بووبێت له ناوه‌رۆکه گرنگ و سه‌ره‌کییه‌کان. چاوه‌ڕوانییش مۆتیڤێکی گرنگه له‌م شانۆنامه‌یه‌دا، مرۆڤ ده‌بێت خۆی به کات – ه‌وه ببه‌ستێته‌وه، مه‌رگیش ڕزگارکه‌ره، هه‌روه‌ها شانۆنامه‌که به‌رجه‌سته‌یه‌کی چڕ، قووڵ و به‌ربڵاوی بیر و هۆشی ستریندباری ییه سه‌باره‌ت به گومان و باوه‌ڕ.
هه‌ندێ له لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ستریندباری له‌م شانۆنامه‌یه‌دا شته‌کان له ڕێگای کاره‌کته‌ره پیاوه‌کانه‌وه ده‌رده‌خات، دوای ئه‌وه کاره‌کته‌ره ئافره‌ته‌کان و لهبهرئهنجامیشدا هه‌موو شته‌کان له ته‌نها یه‌ک مرۆڤدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کاره‌کته‌ره پیاو و ژنه‌کانی به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دابه‌شکردوون، به‌ڵام ستریندباری به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌هۆی کاره‌کته‌ری کچه‌که‌وه هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی تر و ڕووداوه‌کان له یه‌که‌یه‌کی یه‌کگرتوودا کۆده‌کاته‌وه.
ئه‌فسه‌ر، پارێزه‌ر و شاعیره‌که هێماگه‌لێکی هێزی ڕیتمی جوڵانه‌وه‌کانی ژیانن، هه‌روه‌ها هه‌رسێکیان پێکه‌وه ئاماژه و هێماگه‌لی هێزی پیاون، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌گنێس هێماگه‌لی هێزی ئافره‌ته و ئه‌وه‌ی که له شانۆنامه‌که‌شدا گرنگه، ئه‌و پێکداچوون و لێبورده‌یی و له‌یه‌ک خۆشبوونهیه له‌نێوان پیاو و ژن‌دا. لهبهرئهنجامیشدا ئه‌و ئاشتبوونه‌وه‌یه تای ته‌رازووی نێوان هه‌موو هێزه گه‌وره و دژ به‌یه‌که‌کانه: ئافره‌ت و پیاو، ئاسمان و زه‌وی، خێر و شه‌ڕ، مرۆڤ و خودا.
خه‌ونه نمایشیک له سێ به‌ش پێکهاتووه، له به‌شی یه‌که‌مدا ئه‌فسه‌ره‌که، له به‌شی دووه‌مدا پارێزه‌ره‌که و له به‌شی سێیه‌میشدا شاعیره‌که ڕۆڵی سه‌ره‌کییان هه‌یه. به‌شی یه‌که‌م له‌به‌رده‌م کۆشکه‌که‌دا ده‌ست پێده‌کات و له ئه‌شکه‌وتی فینگال دا ته‌واو ده‌بێت، له‌وێدا کچه‌که و پارێزه‌ره‌که به‌یه‌ک ده‌گه‌ن. به‌شی دووه‌م له ماڵی کچه‌که و پارێزه‌ره‌که‌دا ده‌ست پێده‌کات و به بریاری گه‌ڕانه‌وه‌ی کچه‌که به‌ره‌و ئاسمان کۆتایی دێت، به‌شی سێیه‌میش له ئه‌شکه‌وته‌که‌دا ده‌ست پێده‌کات، لێره‌دا کچه‌که شاعێر ده‌بینێ و دیمه‌نه‌که‌ش له‌به‌رده‌م کۆشکه‌که‌دا کۆتایی پێدێت. له به‌شی سێیه‌مدا ستریندباری چه‌ند دیمه‌نێک له به‌شی یه‌که‌م دووباره ده‌کاته‌وه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه: ئه‌شکه‌وتی فینگال، ڕاڕه‌وه‌که و کۆشکه‌که.
ستریندباری له شانۆنامه‌ی ( به‌ره‌و دیمه‌شق ) دا که ئه‌ویش شانۆنامه‌یه‌کی گوزارشتئامێز و خه‌ونه نمایشه، له که‌سایه‌تی ( نه‌ناسراو ) ه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له خه‌ونه نمایشێکدا له‌هه‌ر سێ کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌دا: ئه‌فسه‌ر، پارێزه‌ر و شاعیره‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت.
ئه‌م سێ کاره‌کته‌ره هه‌رسێکیان ڕووبه‌ڕووی ئه‌گنێس، کچه‌که‌ی ئیندرا ده‌بنه‌وه و ئه‌گنێس ده‌بێته ناوه‌ندی شانۆنامه‌که و هه‌موو لق پۆپ و کاره‌کته‌ر و ڕووداوه‌کان کۆده‌کاته‌وه. ئه‌فسه‌ره‌که خه‌ونبینێکی به‌هیوایه، به‌رده‌وام له چاوه‌ڕوانی ڤیکتۆریاکهی خۆیدایه، له واقیع ڕاده‌کات و هه‌میشه هیوا و خه‌ونه‌کانیشی پشتی تێده‌که‌ن، پارێزه‌ره‌که‌ش پیاوی ڕاستی و واقیعه، به ده‌ست ئه‌رکه جێبه‌جێ نهکراوهکانییهوه له‌سه‌ر زه‌وی گیری خواردووه، به‌ندی ڕاستییه و له پرۆسه دوور و درێژ و دۆزه‌خی ژیانی هاوسه‌ریدا نێژراوه16، ته‌نها شاعیرکر ده‌توانێت هاوسه‌نگییه‌ک بدۆزێته‌وه و چه‌ند هه‌نگاوێک به‌ره‌و ئاسته به‌رزه‌کان، له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی ئیندرا دا بڕوات.
شاعیره‌که کاره‌که‌ی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه که داواکانی مرۆڤ و ئازار و شکاته‌کانیان به‌رێت بۆ لای هێزه نه‌مره‌کان. که‌واته ئه‌م سێ کاره‌کته‌ره خه‌ون و ڕاستی پێکه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و له‌به‌رئه‌نجامدا شیعرێکی به‌رز ئه‌خوڵقێنن. خه‌ونی ئه‌فسه‌ر و پارێزه‌ره‌که بۆ چه‌ند جارێک دووباره ده‌بێته‌وه و ئاماده‌بوونێکی زیاتریان له خه‌ونه‌کاندا هه‌یه، به‌ڵام شاعیره‌که زیاتر له به‌شی کۆتاییدا ده‌رده‌که‌وێت.
شانۆنامه‌که چه‌ندین هێڵی ئه‌فسونی و میتۆلۆژی له‌خۆده‌گرێت و کاره‌کته‌ر و دیمه‌نه‌کان گۆڕانکاری خێرایان به‌سه‌ردا دێت، بۆ نموونه کچه‌که گۆڕانکارییه‌کی به‌رده‌وامی به‌سه‌ردا دێت و له یه‌ککاتدا چه‌ندین ڕۆڵی جیاواز ده‌بینێ: ده‌بێته دایکی ئه‌فسه‌ره‌که، خێزانی پارێزه‌ره‌که و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خوشکی شاعیره‌که.
کچه‌که
چی له مندا ده‌بینیت؟
کچه‌که‌ی ئیندرا ئه‌م پرسیاره له ئه‌فسه‌ره‌که ده‌کات، ئه‌و کاره‌کته‌ره پیاوه‌ی که هه‌میشه چاوه‌ڕوانه و تووشی ڕووداوی نایه‌کسانی یه‌ک له‌دوای یک ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
ئه‌فسه‌ره‌که
ئه‌و جوانییه‌ی که هارمۆنییه‌ته له گه‌ردووندا ... هێڵگه‌لێک له قڵافهتتدایه که من ته‌نها له خولگه‌کانی سیستمی خۆردا ده‌یبینمه‌وه، له ده‌نگی خۆشی ژێدا، له له‌رینه‌وه‌کانی ڕووناکییدا، تۆ منداڵێکی ئاسمانیت ..
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
که کچه‌که دێته خواره‌وه تا له مرۆڤ بڕوانێ و ژیانیان به‌سه‌ر بکاته‌وه، خۆیشی ده‌که‌وێته ژێر ڕوانین و ته‌ماشاکردنه‌وه، ئه‌ویش ده‌بێته به‌شێک له‌و ژووره بینراوه، کچه‌که له‌هه‌مانکاتدا ده‌که‌وێته ژێر ڕوانین و ته‌ماشاکردنی کاره‌کته‌ر و بینه‌رانیشه‌وه.
هه‌ر سێ کاره‌کته‌ره پیاوه‌که له بنه‌ڕه‌تدا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پابه‌ندن به ژیانی ئه‌گنێس ه‌وه و هه‌ندێ له شرۆڤه‌کارانیش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان کردووه که له خواوه‌نده‌کانی ئاینی هیندی ده‌چن: ئه‌فسه‌ره‌که نوێنه‌ری شه‌ڕ ده‌کات، به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر و چڕ ئاماده‌کاری بۆ شته‌کان ده‌کات، پارێزه‌ره‌که یاسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌پارێزێت، سنووره‌کانی کار و فه‌رمانه‌کانی نێوان مرۆڤ ده‌ستنیشان ده‌کات که سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕێکده‌خات، شاعیره‌که‌ش وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی ئه‌فرێنه‌ر له‌و بنه‌ما خوڵقێنه‌رانه ده‌چێت که سه‌ره‌تاکانی گه‌ردوونیان ڕاگرتووه.
ئه‌فسه‌ره‌که له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی زه‌مه‌ندا، چه‌پکه گوڵه‌که‌ی ده‌ستی سیس ده‌بێت و خۆیشی ده‌چێته ته‌مه‌نه‌وه و پیر ده‌بێت و ڤیکتۆریا ش هه‌ر نایه‌ت. له واقیعدا ستریندباری ئه‌م وێنه‌یه‌ی له ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌وه وه‌رگرتووه. ستریندباری له سه‌ره‌تای ژیانیدا که (سیری فۆن ئێسن) خێزانی بووه، له شانۆی پادشایه‌تی کاری کردووه و ستریندباری له‌به‌ر ده‌رگای شانۆکه‌دا چاوه‌ڕوانی کردووه، که پیریس ده‌بێت و به ته‌واوه‌تی سه‌ر و ڕیشی سپیین، به‌هه‌مان شێوه و له‌به‌رده‌م هه‌مان ده‌رگادا چاوه‌ڕوانی کردووه، ئه‌مجاره‌یان چاوه‌ڕووانی هارییه‌ت بۆسه، ژنه گه‌نجه‌که‌ی کردووه که له هه‌مان شانۆدا کاریکردووه و ستریندباری بۆ چه‌ندین جار و له وه‌رزه جیاوازه‌کانی ساڵدا، له‌ناو ده‌رگای شانۆکه‌دا چاوه‌ڕوانی کردووه17.
ستریندباری به دیقه‌ت و سه‌لیقه‌یه‌کی هونه‌ری گه‌وره‌وه شانۆنامه‌که‌ی نووسیوه، دیمه‌ن به دیمه‌ن، به وردیی دارێژراوه و هه‌موو گۆڕانکارییه‌کان ده‌خاته ڕوو، ئه‌تمۆسفێره‌کان، دیمه‌نه وێنه‌ییه‌کان، ژووره جیاواز و فۆرمه‌کانیان ده‌نه‌خشێنێ و به وردی هه‌موو شته‌کانی دیاری کردوون.
( ئیستا ده‌نگگه‌لێک له‌ودیو په‌رده‌ی دوای شانۆوه ده‌بیسترێت که یه‌کسه‌ر دوابه‌دوای ئه‌وه په‌رده‌که لاده‌چێت. ئه‌فسه‌ره‌که و کچه‌که له‌وێ ده‌نۆڕن، پاشان چ به قڵافه‌ت و چ به ڕوخسار وشک هه‌ڵده‌گه‌ڕین. له‌سه‌ر مێزێک دایکه‌که، ناته‌ندروستانه دانیشتووه، له‌به‌رده‌میدا مۆمێکی پیو ده‌سووتێ که جار جار به مقه‌ستی مۆم خاوێنی ده‌کاته‌وه. له‌سه‌ر مێزه‌که کراسی تازه دووراو که‌ڵه‌که کراوه که به مه‌ره‌که‌ب و په‌ڕی قاز ئیشاره‌تیان لێده‌دات، دۆڵابێکی جلک لای چه‌په‌وه‌یه. باوکه‌که عه‌بایه‌کی ئاوریشم داده‌نێت.)
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
ئه‌م رینماییانه‌ی ستریندباری یاریده‌درێکی باشی ڕیژیسۆر و له‌هه‌مانکاتدا بینه‌رانیشه که هه‌موو شته‌کان به ووردی و کۆنکرێتی به‌رجه‌سته کراوه. ستریندباری ده‌ستنیشانی یه‌که به‌یه‌که گۆڕانکاری، فۆند و کالوسسهکانی کردووه که چین و چۆن بن و چۆن گۆڕانکارییه‌کانیان به‌سه‌ردا دێت. بۆ نموونه به‌شی دووه‌م له ژوورێکی ماڵی پارێزه‌ره‌که ده‌ستپێده‌کات و ستریندباری له‌م دیمه‌نه‌دا درامایه‌کی بچوکی مینیاتری ژن و مێردایه‌تی له‌ناو خه‌ونه‌که‌دا دروست ده‌کات. ئه‌فسه‌ره‌که دێت و ئه‌گنێس له‌م دۆزه‌خه ڕزگار ده‌کات، هه‌رچۆن ئه‌گنێس له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا ئه‌فسه‌ره‌که له به‌ندایه‌تی ڕزگارده‌کات. له‌هه‌مانکاتدا که ئه‌فسه‌ره‌که کچه‌که ده‌باته ده‌ره‌وه تا چێژ له ژیان وه‌ربگرێت، ژووره‌که‌ش ده‌گۆڕێت و ده‌بێته سکام سوند و ڤاگهرڤیک. جیهانه بچوکه‌که به‌ڕووی جیهانێکی تری گه‌وره و فراواندا ده‌کرێته‌وه18.
· خه‌ون و واقیع
کچه‌که زیاتر په‌ی به شته‌کان ده‌بات و زیاتر له مرۆڤ ده‌زانێت که چاره‌نووس، ڕێچکه‌ی ڕووداوه‌کان چ ئاراسته‌یه‌ک وه‌رده‌گرێت، هه‌ر زوو له‌وه ده‌گات که ژیان خۆی خه‌ونه، وه‌همێکه سه‌باره‌ت به خۆشه‌ویستی و به‌ختیاری. له کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا، که کچه‌که و شاعیره‌که ڕووبه‌ڕووی یه‌کتری ده‌بنه‌وه، شاعیره‌که فێرده‌کات که شیعر، هه‌ر وه‌ک خه‌ون '' زیاتر ڕاستییه''. له‌م چاوتروکانه‌دا، تێکه‌ڵاوێکه له خه‌ون، له شیعر، ڕاستی و واقیع.
شاعیر
وا بزانم پێشتر ئه‌وه‌م بینیوه ...
کچه‌که
منیش!
شاعیر
ڕه‌نگبێ له خه‌وندا بینیبێتم؟
کچه‌که
یان ڕه‌نگ بێ به شیعر نووسرابێ؟
شاعیر
یان به شیعر نووسرابێ!
کچه‌که
که‌واته تۆ ده‌زانیت شیعر چییه!
شاعیر
که‌واته ده‌زانم خه‌ون چییه!
کچه‌که
وا بزانم پیش‌تر له جێگایه‌ک یه‌کترمان بینیوه و ئه‌م قسانه‌مان کردووه!
شاعیر
که‌واته به‌و زووانه ده‌زانیت واقیع چییه!
کچه‌که
یان خه‌ون!
شاعیر
یان شیعر!
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
له‌م دیمه‌نه‌دا خه‌ونه‌کان به‌رگێکی شیعریی له‌خۆده‌گرن و له‌هه‌مانکاتدا له سه‌رچاوه‌کانی ژیانه‌وه نزیک ده‌بنه‌وه، شیعر، خه‌ون، ژیان و ئه‌فسانه تێکه‌ڵاو ده‌بن. ئه‌گنێس و شاعیره‌که هه‌روه‌ک ستریندباری له یاداشته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یدا، له چه‌ندین شوێن و به بۆچوونی جیاوازه‌وه، دووپاتی کردۆته‌وه '' ژیان وه‌همه ''، شاعیره‌که‌ش لێره‌دا به‌ندی ئه‌و خه‌ونه ڕاستییه‌یه که خۆی ده‌یبینێت.
هه‌موو شتێک له واقیعی ژیانی ئاگاوه هاتووه، ڕاستی واقیعێکه که وه‌ک خه‌ونیک به‌رجه‌سته ده‌کرێت و شیعر خه‌ونێکی به‌ئاگایه. له پشت دنیادیده و شیعره‌کانی ستریندبارییهوه، بۆچوونه خهونهئامێزهکانی سه‌باره‌ت به واقیع به‌رجه‌سته ده‌بێت.
· کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان
_ کچه‌که/ ئه‌گنێس
کچه‌که‌ی ئیندرا ناوه‌ندی کاره‌کته‌ر و ڕووداوه‌کانه، ئیندرا خواوه‌ندێکی به‌ده‌سه‌ڵاته و کچه‌که‌ی ده‌نێرێته خواره‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی تا له نزیکه‌وه، به‌چاوی خۆی ببینی که چۆن ده‌ژین19.
کچه‌که له‌ناو هه‌موو ڕۆڵ و کاره‌کته‌ره‌کاندا، ته‌نها که‌سایه‌تییه‌که که مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه ده‌بینێت، ته‌نها ئه‌وه که ده‌بینێت مرۆڤ وه‌ک که‌سێکی شه‌ڕانی له‌دایک نه‌بووه، به‌ڵکو له ژیاندا ده‌بێته که‌سێکی شه‌ڕانگێز.
کچه‌که ده‌بینێت که مرۆڤ چه‌نده بێده‌سه‌ڵاته و ناتوانێت له‌به‌رامبه‌ر دروستکردن و خوڵقاندنی میژووی خۆیدا هیج بکات، هه‌ر لێره‌وه، جار له‌دوای جار دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که:( مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه!) به‌تایبه‌تیش له‌و کاتانه‌دا که ده‌بینێت مرۆڤ به چ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن، که ته‌قه‌لاکانیان له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه به‌ره‌و عه‌ده‌م ده‌چێت.
ئه‌گنێس ناچاری بینینی ئه‌و هه‌موو ئازار و په‌ژاره‌یه ده‌بێت، ده‌بینی مرۆڤه‌کان دووچاری ئازار بوون و به‌ڵام توانای هیچی نییه بیکات و ناتوانی یارمه‌تییان بدات.
کچه‌که‌ی ئیندرا له‌سه‌ر زه‌وی تێکه‌ڵاوی مرۆڤ ده‌بێت، ئه‌و له‌یه‌ک کاتدا مرۆڤه و خواوه‌ندیشه، ئه‌مه‌ش سنورێکی ئاشکرای له‌نێوان مرۆڤ و ڕه‌وش و ئهتمۆسفێرهکاندا بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شی که ئه‌و خه‌ڵکی سه‌ر زه‌وی نییه، زۆر به‌باشی گوێی له شته‌کانه، ده‌بیستێ و ده‌بینێ.
کچه‌که هه‌وڵ ئه‌دات ئه‌فسه‌ره‌که له به‌ندیخانه ڕزگار بکات، ده‌رگاوانه‌که له کاره‌که‌ی خۆی دوور بخاته‌وه، تا ئه‌و له‌بری ده‌رگاوانه‌که گوێ بۆ ژان و ئازاره‌کانی خه‌ڵکی شل بکات، له‌ڕێگای ئه‌وه‌وه‌ی که ببێته ژنی پارێزه‌ره‌که، ده‌یه‌وێت ئازاره‌کانی پارێزه‌ره‌که‌ش که‌م بکاته‌وه.
کچه‌که له‌و بڕوایه‌دایه که ئه‌و به‌هۆی ئه‌و هێزه خواوهندانهیهوه که هه‌یه‌تی، بتوانێ به‌رگه‌ی هه‌ستوسۆزه‌کانی، دژایه‌تی و ناکۆکییه‌کانی په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌کان ببێته‌وه، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه ژن و مێردایهتییهکهی له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌که‌دا زۆر ناخایه‌نێ و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. کچه‌که وه‌ک میوانێک له‌لای مرۆڤ چه‌ندین ڕۆڵ ده‌بینێت تا مرۆڤ ئاسووده و ئازاد بکات، به‌ڵام خۆی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی زۆرجار نادیار و گران ده‌بێت، هه‌ندێ جار مرۆڤه و هه‌ندێ جاریش کچی خودایه و له ده‌ره‌وه‌ی کات و شوێنه‌وه چاودێری ژیان و ڕاستییه‌کان ده‌کات، له ڕوانگه‌یه‌که‌وه که که‌سانی ئاسایی ئه‌و توانایه‌یان نییه.
کچه‌که کات به‌پێوانه‌ی ئاسمان، به پێوانه‌ی کچی خوا سه‌یر ده‌کات و یه‌ک ساڵ بۆ ئه‌و یه‌ک چرکه‌یه، ده‌رگاوانه‌که که کارێکی سه‌خت و گرانی به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه و به‌رده‌وام دڵی بۆ ئازاری خه‌ڵکی کردۆته‌وه، یه‌ک چرکه هێنده درێژه، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ساڵێک بێت وه‌هایه.
( توند تاریک دادێت )
ژنه ده‌رگه‌وان
( چراکه داده‌گیرسێنێ )
ئه‌مڕۆ زوو ئێواره داهات!
کچه‌که
یه‌ک ساڵ بۆ خوداکان وه‌ک ده‌قیقه‌یه‌ک وایه!
ژنه ده‌رگه‌وان
بۆ خه‌ڵکیش ده‌کرێ یه‌ک ده‌قیقه هێنده‌ی ساڵێک درێژ بێت!
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
ده‌رگاوانه‌که باوه‌ش بۆ ئازاره‌کانی ئه‌وانیتر ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ڕێگا به که‌سیش نادات که بێته ژووره‌وه، ده‌رگاوانه‌که وێنه‌یه‌کی تری کچه‌که‌یه، وه‌ک کچه‌که وایه به پیری و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی که کچه‌که ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر زه‌وی کۆیکاته‌وه، ئه‌و هه‌یه‌تی، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه که شاڵه‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات.
له‌کاتێکدا که پارێزه‌ره‌که باسی ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی خۆی ده‌کات، کچه‌که ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که ئه‌و دوو ئه‌رکی هه‌یه و له‌م نێوانه‌دا تووشی ئازار ده‌بێت. کچه‌که ده‌بێت له‌یه‌ک کاتدا مرۆڤ و خواوه‌ندیش بێت، ئه‌و به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر به منداڵی پارێزه‌ره‌که، هه‌روه‌ها به‌رپرسیاریشه به‌رامبه‌ر به خوا. کچه‌که ده‌یه‌وێت بمرێت، نه‌ک بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆزه‌خی ژن و مێردایه‌تی. مردن زۆر باشتره له‌وه‌ی که ته‌نها '' ببمه مرۆڤ ''.
کچه‌که له دیمه‌نه‌کانی سه‌ر زه‌ویدا و له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌کانی به سێ کاره‌کته‌ره پیاوه‌کانه‌وه، ئه‌فسه‌ره‌که، پارێزه‌ر و شاعیره‌که گه‌شه ده‌کات و زیاتر ده‌گاته ئه‌و ڕایه‌ش که مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه و هه‌ر به‌م بیروبۆچوونهشهوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاسمان.
کچه‌که له‌لای ئه‌فسه‌ره‌که یاده‌وه‌رییه‌کانی دایکی زیندوو ده‌کاته‌وه، له‌لای پارێزه‌ره‌که ده‌بێته په‌یوه‌ندییه‌کی سێکسی به به‌رووبووم و له‌لای شاعیره‌که‌ش ده‌بێته ڕۆحێکی ئاگراویی و به‌رزترین ئاسته‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحی به‌رجه‌سته ده‌که‌ن.
ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌گنێس ئه‌وه‌یه به دوو ئاراسته‌دا په‌یامه‌کانی بگه‌یه‌نێ، ڕاستییه‌کانی خواوه‌ند سه‌باره‌ت به سروشتی مه‌رگ و ڕاستییه‌کانی مرۆڤیش سه‌باره‌ت به سروشته خواوه‌ندییه‌کان.
کچه‌که له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی ڕووداوه‌کاندا خه‌ونه‌که‌ی و په‌یوه‌ندییه‌کانی به خه‌ڵکی سه‌ر زه‌وییه‌وه فراوان ده‌بێته‌وه، له به‌شی دووه‌مدا ده‌گاته ئاسته قووڵ و ناواخنه‌کانی ژیانه‌وه، له‌به‌شی سێیه‌میشه‌وه زیاتر به‌ئاگادێته‌وه و خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ئاسمان ئاماده ده‌کات.
· ئه‌فسه‌ره‌که/ کچه‌که
کچه‌که‌ی ئیندرا له‌سه‌ره‌وه، لا ئاسمانه‌وه دێت، به‌سه‌ر باڵی هه‌وره‌کانه‌وه ده‌فڕێت و وه‌ک نوێنه‌ری خودا دێته سه‌ر زه‌وی. کچی خوا له به‌رگی ئه‌گنێس دا له‌سه‌ر زه‌وی ده‌گه‌ڕێت و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌فسه‌ره‌که له کۆشکه‌که‌دا ده‌بینێت و ئاماده‌یی خۆیشی ده‌رده‌بڕێت تا له‌و به‌ندیخانه‌یه ڕزگاری بکات.
کچه‌که
تۆ له ژوورهکانتا زیندانیت، من هاتووم ڕزگارت بکه‌م!
ئه‌فسه‌ره‌که
هه‌ڵبه‌ت من چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م ده‌کرد، به‌ڵام هیچ دڵنیا نه‌بووم که تۆ ده‌ته‌وێ ڕزگارم بکه‌یت.
کچه‌که
کۆشکه‌که قاییمه. حه‌وت دیواری هه‌یه، به‌ڵام ... ده‌بێت ده‌ره‌قه‌ت بێین ... ده‌ته‌وێ یان ناته‌وێ؟
ئه‌فسه‌ره‌که
ڕاستیت ده‌وێ نازانم، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هه‌موو حاڵه‌تێکدا من ئازارم پێده‌گات! هه‌موو شادمانییه‌ک له ژیاندا ده‌بێ به دوو به‌رامبه‌ر غه‌م به‌هاکه‌ی بده‌ین. لێره که دانیشتووم زه‌حمه‌ته، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و ڕزگاربوونه خۆشه‌ش بکڕم ئه‌وا ده‌بێ سێ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه ئازار بچێژم.... ئاگنێس، من پێمباشتره لێره بمێنمه‌وه، ته‌نها بۆم هه‌بێ بتبینم!
کچه‌که
چی له مندا ده‌بینیت؟
ئه‌فسه‌ره‌که
ئه‌و جوانییه‌ی که هارمۆنییه‌ته له گه‌ردووندا ... هێڵگه‌لێک له قڵافهتتدایه که من ته‌نها له خولگه‌کانی سیستمی خۆردا ده‌یبینمه‌وه، له ده‌نگی خۆشی ژێدا، له له‌رینه‌وه‌کانی ڕووناکییدا، تۆ منداڵێکی ئاسمانیت ...