
مستەفا زەمانى ساڵى 1982لە شارى( فریدون کنار) ى باکورى تاران لە دایک بووە ، بەشى بەڕێوەبردن و پیشەسازیى لە زانکۆیەکى ئەهلى ئیران خوێندووە ،و فەرمانبەرى بەشى ژمێریارى کۆمپانیایەکى ئێرانە، لەتەمەنى 13ساڵیەوە بۆ بەرجەستەکردنى*رۆڵى یوسفى راستگو لە لایەن دەرهێنەرى بەرهەمەکەوە دەستنیشانکرا،سەبارەت بە هەڵبژاردنى (زەمانى) بۆ ئەو رۆلە دەرهێنەر (فرج الله سلحشور) دەڵێت "لەگەڵ ناوهێنانى یوسف خەیاڵمان دەچێتە لاى وێنەى خانمێکى شۆخ وشەنگى چەقۆ بەدەست کە لەبەر سەرسامبونى بە جوانى یوسف ،دەستەکانى خۆى برینداردەکات، لەگەڵ هەمو ئەم باگڕاوندەدا پێموابوو دۆزینەوەى رووخسارێکى جوان و پەسەند لە نیوان 3000 کەسدا کارێکى گران نییە، مستەفا زەمانى تەنها جارێک بە بەردەم شارى سینەمادا گوزەرى کرد کە دەکەوێتە باشورى تارانەوە ، ئیدى بوو بە پالەوان و بۆ ئەوەى لە واقیعى ژیانى یوسفەوە نزیک بێتەوە حەزى ئەکرد هەمیشە لەو تاریکی و تاڵییەدا بژێت کە یوسف لەسەرەتاى ژیانییەوە بینیویەتى "
زەمانى لەبارەى چۆنێتى بەشداریکردنەکەى لە سوریالى یوسفى راستگۆدا دەڵێت "دەمزانى کە تاقیکردنەوەیەک هەیە لەسەر دەستنیشانکردنى کەسێک بۆ رۆڵى یوسفى بیغەمبەر ، رۆژێکیان بەلاى شوێنى تاقیکردنەوەکەدا رەتبووم بەڵام پەیوەندیم لەگەلیاندا نەبوو، تا لەلایەن هاورێیەکمەوە وێنەیەکى فۆتۆگرافیم گەیشتە دەستى دەرهێنەرى کارەکە و هەر لەرێى هاوریکەمەوە پێانوتم کە دەبێت لە رۆژى 26ى نیسان ساڵى 2004دا لە ستۆدیۆ ئامادەبم ، ئەوان پێشتر لەسەر ئەوە رێککەوتبون کە نابێت بەرجەستەکارى رۆڵى پێغمبەران ئەستێرەى سینەمایى بێت، بۆ ئەوەى لە یادەوەریى وەرگردا هیچ پێشینەیەکى نێگەتیڤى نەبێت، بەهەر حاڵ دەستم بە کارکردن کرد و پاش هەفتەیەک بوومە ئەکتەرى سەرەکى کارەکە.
زەمانى پێیوایە بەرجەستەکردنى ئەو جۆرە کارانە پێویستە بە کەسانێک بسپێردرین کە گوێ بە ئامادەگیى کامێرا و ستافى کارەکە نەدەن، ئەمەیش کارێکى ئێجگار دژوارە ، " زۆرجار لە ناخى دڵمەوە دیاڵۆ گەکانم دەوتەوە و هەندێک جاریش هەستم بە گرنگى پەرپێدانى ناخم دەکرد لەمەشدا خواى گەورە پشتیوانم بوو".

مستەفا زەمانى کە پێشتر لە چوارچێوەى چالاکى خوێندگەکاندا تەنها خاوەنى چەند ئەزموونێکى شانۆیى سادەبوو ، بەڵام لەڕێى یوسفەوە توانى ببێتە مایەى شاکارێکى کەورەى وڵاتەکەى ، لەم زنجیرە تلڤزیۆنییەدا ماوەى شەش مانگ لە رێى دوو راهێنەرەوە ، فێرى نواندن و سوارچاکى کراوە، هەروەها خودى دەرهێنەرەکە هاوکارى بووە و فێرى شەڕەشمشێرى کردووە، چیرۆکى یوسف بە لاى زەمانییەوە مایەى هەڵوەستە لەسەرکردنی درێژخایەن هەیە چونکە باس لە خۆشەویستییەکى جیاواز دەکات ، "خوداوەند لەم ژیانەدا تەواوى شتەکانى بۆ ئێمەى مرۆڤ دەستەبەرکردووە ،بۆیە دەبێت سودیان لێ وەربگرین و ئازارى دەوروبەر نەدەین پێویستە لە نێو یەکتردا بتوێینەوە ، ئەوەى کە من دەمەوێت لەبەردەستمدایە، وەک خۆشەویستى دایک و باوکم ، لەهەندێک گرتەدا کە پێویستى بە بزواندنى هەستى بینەربوو، لەرێى تلیفۆنەوە قسەم لەگەڵ دایکمدا دەکرد و گوێبیستى دەنگى دەبووم و وزەم لێوەردەگرت چونکە زۆرم خۆشدەوێت و هەستدەکەم ئارامیى و ئۆقرەییم پێدەبەخشێت، پاش قسەکردنم لەگەڵ دایکم دەگەڕامەوە سەر بەرجەستەکردنى رۆڵەکەم" .
یەکەم گرتە کە کارى نواندنى تێدا کردووە دیمەنى نێو گرتووخانەکە بووە، و لەسەرجەمى دیمەنە ئازاراوییەکانى گرتووخانەکەیشدا بەهیچ جۆرێک فرمێسکى دەستکردى بەکار نەهێناوە چونکە لە ناخەوە گوزارشتى لە دڵێکى ئازاراوی کردووە، زەمانى دواى ئەم کارە هەست بە سەرکەوتنێکى گەورەدکات ، چونکە نەک بە تەنها لەوڵاتەکەى خۆیدا بەڵکو لەسەرجەم وڵاتانى عەرەبیشدا زۆر بە باشى لەنێو دڵى هەوادران و عاشقانى چیرۆکى یوزارسیف(یوسف) ى کوڕى یەعقوب و مەعشوقى زولەیخاى خانمى ناودارى میسردا توانى جێى خۆى بکاتەوە.