ڕێگایه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ی (ڕازه ڕه‌نگاڵه‌ییه‌کان)ی ئارێز سمکۆ | چراكان
ئاراس وه‌هاب
جاروبار لێره و له‌وێ شیعری (ئارێز سمکۆ)م به‌رچاو که‌وتووه و هه‌وڵم داوه به‌وردی بیانخوێنمه‌وه، به‌ڵام کاتێک کۆمه‌ڵه شیعری (ڕازه ڕه‌نگاڵه‌ییه‌کان)ی بۆ ناردم، ئه‌وا بڕیارم دا کاتێکی زیاتری بۆ ته‌رخان بکه‌م و هاوکات بیرم له‌وه کرده‌وه، که ئه‌و بۆچوونانه‌ی خۆم بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ریش، به‌و مه‌به‌سته‌ی یه‌که‌م ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره لاوه وه‌کو زۆری دیکه فه‌رامۆش نه‌کرێت.
له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی ئه‌و کۆمه‌ڵه شیعره‌دا، بۆم ده‌رکه‌وت ده‌بێت زیاتر له‌سه‌ر شیعری (که‌رنه‌ڤاڵی مردن له عه‌رعه‌ردا) هه‌ڵوێسته بکه‌م، که کاره‌ساتی ئه‌نفالی له خۆ گرتووه. بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئه‌نفال بۆته به‌شێک له پێکهاته‌ی خه‌یاڵی تاک و کۆی ئێمه، بۆیه به‌بێ پاڵپشتی خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه ناکرێت ئه‌و خه‌یاڵه به‌چاکی به‌ره‌و داهێنان ئاڕاسته بکرێت، بگره له‌ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا بوونی لایه‌نی سۆز وای کردووه ڕه‌هه‌نده مێژووییه‌که‌ی ئه‌نفال به زه‌قی بمێنێته‌وه و ڕه‌هه‌نده سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییه‌که‌ی که‌متر کاری له‌سه‌ر بکرێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌نفال بۆته یاده‌وه‌ری، به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌نفال وه‌کو پرۆسێسێکی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی پێویستمان به فه‌لسه‌فه‌ی شیکاریی ئه‌نفال هه‌یه. ئه‌م زانسته تاکو ئێستا وه‌ک زانستێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌یتوانیوه له‌دایک بێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک هه‌وڵی جدییمان هه‌یه و نکووڵییان لێ ناکرێت. ڕاسته ئه‌ده‌ب، به‌وه‌ی پرۆسێسێکی فانتازییه و له‌ناو خودی نووسه‌ردا ڕوو ده‌دات، دووره له‌وه‌ی به ئاڕاسته‌ی زانست کار بکات، به‌ڵام ئه‌و خوده به‌رهه‌می واقیعێکی دیارکراوی مێژووییه. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌کانی ئێمه تا ئێستا نه‌یانتوانیوه تێروانینی ئێمه له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه گه‌وره‌تر بکه‌ن، که ئه‌و تێڕوانینه ڕۆڵێکی کاریگه‌ر له ئاڕاسته‌کردنی خه‌یاڵ و فانتازیاشماندا ده‌بینێت. ده‌شێ خودی شاعیر وه‌کو پرۆدۆکتێکی پوختی وهبهرههمهاتووی هه‌مان کاره‌سات له‌قه‌ڵه‌م بدرێت. مه‌رج نییه مرۆڤ ڕاکردووی چنگی وه‌حشییانه‌ی ئه‌نفال یاخود کیمیاباران بێت تاکو بتوانێت ببیته ئه‌دیبێک و وێنه‌ی ڕووداوه‌کانی ئه‌نفالمان بۆ بنووسێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌نده به‌سه مرۆڤ خاوه‌نی تێروانین و فانتازیا بێت، هه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته ترس و نیگه‌رانییه‌دا بژی و بیکاته ئه‌زموونێکی گرنگی وجوودی.
کۆپڵه‌ی یه‌که‌می شیعری (که‌رنه‌ڤاڵی مردن له عه‌رعه‌ردا) ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، که شاعیرمان خه‌ڵتانی یاده‌وه‌رییه‌کانی ئه‌نفاله. که‌س گومانی له‌وه نییه عه‌رعه‌ر جێگای مه‌رگ و ناشتنی ئیدێنتیتیمانه، گۆڕستانی ڕۆڵه‌کانی بارزان، شاره‌زوور و گه‌رمیانه، به‌ڵام مامه‌ڵه‌کردنی شاعیر له‌گه‌ڵ عه‌رعه‌ردا، ته‌نیا مامه‌ڵه‌یه‌کی جۆگرافیی نییه، به‌ڵکو ئه‌وێ شوێنێکه بۆ پێداچوونه‌وه‌ی مرۆڤ به مێژووی خۆی و به که‌ینوونه‌ی خۆیدا:
ئەو باڵدارانەى
کە لە خەمى منداڵانى دەست بەدارلاستیک
لە بەکرەجۆوە هەڵاتبوون بۆ کفرى
لەوێ خۆیان بینیبوویان
لە ژێر پۆستاڵى عەسکەرێکى ڕەشتاڵەدا
مناڵێکى شیرەخۆرەى مەمک مژە
چۆڵەکە ئاسا
بەئاوازێکى خەمگینەوە دەیزریکان
تا مردوو و روحى چوو بۆ کەشکەڵان!
هەر ئەوانیش بۆ شەوەکەى
دەیانلێستەوە و ، هەر بەمردوویش خواردیان
سەگە برسیەکانى ڕۆخ ماڵیان خه‌یاڵات و
(ئارێز سمکۆ) ئه‌گه‌رچی له شیعره‌کانیدا که‌م و زۆر پشتی به ڕووداوه مێژووییه‌کان به‌ستووه، به‌ڵام له ڕێگای زمانه‌وه هه‌وڵی داوه که‌مێک قورسایی ئه‌و ڕووداوانه بچووک بکاته‌وه و هه‌ندێک له ڕاسته‌وخۆیی دووریان بخاته‌وه. ڕووداوی له جۆری سه‌ربازێک منداڵێک به پێڵاوه سه‌ربازییه‌که‌یه‌وه بشێلێ، یاخود سه‌گێک به‌ربووبێته جه‌سته‌ی کۆرپه‌یه‌ک و بیخوات، نمونه‌یه‌کی زیندووی ئه‌و ڕووداوه زه‌قانه‌ن، که پێشتر نموونه‌یان له‌ناو ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام هه‌وڵی داوه جۆرێک تایبه‌تمه‌ندێتی له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا بخوڵقێنێت:
پێم بڵێن ئەى هاوڕێیان
ئەى مامە خەمەى شیعرى من
چۆن بتوانم بەم کامێرە شڕەمەوە
ئەم هەموو وێنەیە بگرم؟
ئاخر هەزارانیان
هەر شنەیەکە لە بارۆڤەیەکى تووڕە و
هەر تنۆکێکە لە دەریاى ئازار و
تەنیا دڵۆپێکە لە بارانی گڕگرتوو و
هەر حەرفێکە لە قەسیدەى مردن و
تەنیا زریکەیەکە لە ڕۆمانى ڕاپێچان
به دیوێکی دیکه‌دا خه‌یاڵی شاعیر له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی کۆدا تێکه‌ڵ ده‌بێت و ده‌خزێته ناو ئه‌و چێرۆکانه‌ی گرێچنهکانیان ئاشکران، به‌ڵام شاعیر له ئاستی سیمبۆلدا نیشانیان ده‌داته‌وه، ئه‌گه‌رچی زۆر جار هه‌مان مانامان پێ ده‌به‌خشێت:
منداڵێکى ئەنفالکراوى بارزان وتى :
ئەو شەوەى من ڕزگارم بوو
لاى هۆڕاوێک
هەر نەمزانى کوێى زەمین بوو
لەترسى شەو
خۆم لوول و مات کردبوو
درەنگانێ فریشتەیەکى فیرار
هێند ماندوو و
هه‌ر بۆیه زمانی شیعری لای (ئارێز سمکۆ) به‌ته‌نها گوزارشت له شیعر ناکات، به‌ڵکو گوزارشتێکیشه له کولتور، مێژوو و جۆگرافیا. ڕوونتر بڵێین شیعر لای ئه‌و شاعیره لاوه‌مان ته‌نیا بۆ ئه‌وه ڕۆناچێته ناو ئه‌و لایه‌نانه‌وه، که خۆی به مانا و ئاماژه‌کانیان بارگاوی بکات، به‌ڵکو مه‌به‌ستیه‌تی ته‌عبیرێکی ریالیستییانهشیان لێوه بکات، با ئه‌مه له‌سه‌ر حیسابی جوانکاری و دۆزینه‌وه‌ی نهێنییش بێت.
شاعیر به‌ته‌نها سه‌ردانی عه‌رعه‌رمان پێناکات و له‌وێ به‌جێمانبهێڵێت، به‌ڵکو پهلکێشیشماندهکاته ناوچه‌کانی شاره‌زوور، قه‌راغ، که‌رکوک و هه‌موو ئه‌و جێگایانه‌ی، که خه‌ڵتانی خوێنی ئه‌نفالن. له‌و ڕێگایه‌وه هه‌موو گوتنێکی شیعری به دیدێکی ڕیالیستییانه بارگاوی ده‌کات. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت پێمانی بڵێت، پێشتر زانیومانه، به‌ڵام به‌و شێوازی گوتنه تایبه‌ته‌ی، که پڕه له میتافۆر، ناچاری گوێگرتنمان ده‌کات:
ئەوساتەى هەڵەبجە
گازى خەردەلى بۆنکرد و
"بالیسان" و "سەوسێنان"
دەمیان نابووە قاپێ شەڕابى سێ‌و و
دواى سەمایێ ، بەپێوە مردن
دیموکراسى نێرگەلەیەک بەدەست
دوکەڵى بێئاگایى هەڵدەمژى
،،،،،
منداڵێک بوو
ئاشقە تەیرو ئاسۆى ناوبوو
خەڵکى دێیەکى ئەنفالکراوى کەرکوک و
بولبولێکى زەردى ڕام کردبوو
کاتێ ویژدان
لەکۆبوونەوەى وڵاتانى "ئۆپێک"
باسى دۆلارى دەکرد و
گاڵتەى بە کتێبى "سەرمایە" و
وتەکانى "گاندى" دەهات
شاعیر مه‌به‌ستی بووه له (که‌رنه‌ڤاڵی مردن له عه‌رعه‌ردا) هێڵێکی درامی به تێکسته‌که‌ی ببه‌خشێت، که له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی شیعره‌که‌دا گونجاوه. کاراکتهرێکمان بۆ ده‌خوڵقێنێت، که ده‌یان نموونه‌ی هه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌دانی نه‌بێت. تیایدا ڕۆحی شۆڕشگێڕیه‌تی و جه‌ربه‌زه‌یی ئه‌و کاره‌کته‌ره تووڕهیهمان له‌و شاڵاوی پاکتاوی ڕه‌گه‌زییه بۆ ده‌رده‌خات، که دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گوندی وێران‌کراو بڕیاری یاخیبوون ده‌دات و به‌ره‌و شاخ ده‌که‌وێته ڕێ و دواتریش شه‌هید ده‌کرێت. به‌مه‌ش به‌ته‌واوی خۆی به ده‌ست حوکمه‌کانی مێژوو ده‌دات و نایه‌وێت ئاڕاسته‌یه‌کی دیکه له‌ناو فانتازیادا بگرێته به‌ر، ئاڕاسته‌یه‌ک جیاواز بێت له‌وه‌ی مێژوو سه‌پاندوویه‌تی:
گەنجێکى ڕەنگ ئاوى و
چاوى وەکو گەڵا سەوز
هەرلەوکاتەى لە عەرعەردا بەزیندووى گەڕابووە
بۆ کوێرە دێیەکەى خۆیان کە لەیلان بوو
هەر لەوێوەوە
لەداخى ئەو سەربازانەى لەبەرچاوى خۆیدا
جەستەى دایکیان ئەتککردبوو
پەیوندى بە شۆڕشەوە کرد
تۆڵه سه‌ندنه‌وه به‌رپه‌رچێکی خۆڕسکانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته کاتێک، که سه‌ره‌تاییترین مافی له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه پێشێل ده‌کرێت چجای هه‌وڵی پاکتاویی بدرێت. دووباره یاخیبوونی کوڕه گه‌رمیانی نیشاندانی ئه‌و ڕۆحه به‌رپه‌رچه خۆڕسکهیه له ناو ئه‌و کۆپڵهیهدا، به‌ڵام وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا، شاعیر له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو جوانکارییه‌دا، که له‌ناو شیعره‌که‌یدا ده‌ریخستووه، که‌چی دواجار له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به لۆژیکی فانتازیا کار بکات، که گرینگ‌ترین ڕه‌گه‌زی شیعره، هاتووه به لۆژیکی مێژوو کاری کردووه و تێکسته‌که‌ی خستۆته ناو واقعێکی دیاریکراوه‌وه.
(ئارێز سمکۆ) له هه‌ندێک له شیعره‌کانی دیکه‌شیدا که‌م و زۆر ئه‌و میتۆده‌ی گرتۆته به‌ر، به‌ڵام چونکه ناوه‌رۆکی ئه‌وانی دیکه هێنده پڕ له ئازار نیین، ئه‌وا له‌واندا ئه‌و ڕاستهوخۆییهمان به‌رچاو ناکه‌وێت وه‌کو له شیعری (که‌رنه‌ڤاڵی مردن له عه‌رعه‌ردا) بینیمان. هه‌ر چۆنێک بێت ئه‌و جیاوازییه له خزمه‌تی زمانی شیعره، به‌تایبه‌تی له (مۆم)، (بۆ گوڵێک) و (دایکم)دا مێژوو ئه‌و قورساییه‌ی نامێنێت و شیعر توانیویه‌تی هه‌ناسه بدات. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌م کۆپله‌یه‌ی شیعری (دایکم) بده‌ین، گۆڕانێک له‌و میتۆده‌دا به‌دی ده‌که‌ین:
"دایکم"و فرمێسک دوو هاوڕێن
من لە مێژووى دێرینى
هاوڕێیەتیان تێناگەم
ئەو دووانە هێندە بەیەکەون
هەردووکیان یەک ڕەنگیان گرتووە و
یەک جلیش دەپۆشن
لێره‌دا شاعیر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیعر به ڕووبه‌رێکی زانراودا ده‌بات، که دایکه، به‌ڵام توانیویه‌تی سنووری ئاسایی شته‌کان ببڕێت، ئه‌گه‌رچی دواتر دووباره بۆ سنووری ئاسایی ده‌گه‌ڕێته‌وه:
ئەویش ڕەنگێکى زیوینى خەمناکە و
ئەو لەکڵۆییەک بەفرى سەر لووتکە و
دڵۆپەئاونگێکى سەر گوڵێک پاکترە و
دڵى ئەو لەهى فریشتە بێگەرد ترە
ئەوەى پاکترین بوونەوەرە لەلام "دایکم".
وه‌کو چۆن شاعیر نه‌یویستووه له (که‌رنه‌ڤاڵی مردن له عه‌رعه‌ردا) گومان له پاکیی نیشتیمان و له کاره‌کته‌ره شۆڕشگێڕه‌کان بکات، به‌هه‌مان شێوه ڕێگای به خۆی نه‌داوه گومان له پاکیزه‌یی دایکیش بکات، ئه‌گه‌رچی شیعر ته‌نیا له‌سه‌ر گومان و دڵه‌ڕاوکێ دروست ده‌بێت، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر یه‌قین. بۆ پاساوهێناوهی پیرۆزیی دایک، وێنه‌یه‌کی دیکه‌مان نیشان ده‌دات، که هی جه‌للاده. مادام جه‌للاد بوونی هه‌یه، که‌واته فرمێسکه‌کانی دایک ڕه‌وان، نه‌ک هه‌ر له واقیع، به‌ڵکو له شیعریشدا. وه‌ک ویستبێتی پێمان بڵێت باسی جوانیی شیعر مه‌که‌ن، مادام جه‌للاد هه‌یه:
گۆرانیەکانى کە "دایکم" دەیچڕێ
ئاوازى لە شەماڵە و گوتنى هى بولبولە
ئەو هۆنراوەى ئەو دایدەنێ
پڕە لە فڕین و حەزین و رۆچوون و مەستى
ئاوازە خۆشنوودەکانى ئەو تفە لە جەللاد
ئاى ناشرین ترین بوونەوەر لە لاى "دایکم"
جەللاد...جەللاد...جەلاد... جەللاد
،،،،،،،،،،
ئەو باوکەى جەللادەکان کوشتیان
کلیلی کردنه‌وه‌ی دنیای ده‌ره‌وه به‌دیوی خوددا لای شاعیرمان بریتییه له هه‌موو ئه‌و فاکت و کاراکته‌رانه‌ی به سه‌رچاوه‌ی په‌ژاره و غه‌م ده‌ژمێردرێن له نێو ئێمه‌دا، بۆیه جه‌للاد وه‌کو کاره‌کته‌رێکی کارا ده‌رده‌که‌وێت.
شاعیر ناکرێت و ناتوانێت ته‌نها شاعیر بێت و به‌س. ته‌نها مه‌رج بۆ که‌سێکی خاوه‌نبه‌هره‌ی شیعری ڕیزکردن و هۆنینه‌وه‌ی وشه‌ی جوان، ناسک و ڕازاوه نییه و به‌س، به‌ڵکو دۆزینه‌وه‌ی میکانیزمێکه بۆ به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و وشانه له کات و شوێنی خۆیاندا، به‌خشینی واتایه به هه‌ر یه‌ک له‌و وشانه تاکو ڕاده‌ی به‌به‌رداکردنی ڕۆحێکی نادیار، به‌ڵام بزوێنه‌ر به جه‌سته‌ی ئه‌و نووسینه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شاعیر تێڕوانینێکی جیاوازی پێویسته، که دنیایه‌کی دیکه‌مان نیشان بدات. واته کاتێک شاعیر دنایهیهکی دیکه‌ی نییه، ئه‌وا له‌م دنیایه‌ی ئێمه‌دا ده‌مێنێته‌وه و ناتوانێت به شته هاوبه‌شه‌کانی خۆمان سه‌رساممان بکات. (ئارێز سمکۆ) هه‌ندێک جار له خۆی راده‌بینێت ده‌ستمان بگرێت و به‌ره‌و دنایهکی دیکه‌مان ببات:
نیتشە کە لێم بێئومێدبوو
هات بەلێوى پەنجەکانى
هەندێ چرپەى کرد
بەگوێى کازانتزاکیس دا و
دوای تێڕامانێ گریا
ئیدی ڕۆیی و
شەپۆڵى بێئومێدیمى برد
من کە دەگریم وەک ئەو نیم
ئەو فرمێسکەکانى دەڕژێنێتە دەریاوە
لێره‌دا شاعیر گۆڕانێکی گه‌وره له پێکهاته‌ی زمان و خه‌یاڵی خۆیدا ده‌کات. هه‌تا ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی بۆ بنیاتنانی شیعر به‌کار ده‌هێندرێن، زیاتر له دووری نۆرماڵه‌وه هاتبن، سه‌رسامییه‌کان گه‌وره‌تر و تێڕامانه‌کان قووڵتر ده‌بن:
"تەنیایى"کە دەبینێت گزنگ میوانیەتی
ئەویش تریفەى وندەکا و
بزانە کەمانگ هەڵاتووە بۆ ماڵى گالیلۆ
تاکو لەوێ تەنیا نەبێت
خۆ کردەى هەموو کارێک "تەنیایى"یە
،،،،،،،،،،،،
بۆیە کاتێ دنیام لەم باسە پڕکرد
هەر یەکێک بە جۆرێ هاتە گۆ
هیگڵ وتى: (واى دەبینم خوا حەز بکات ئێمە تەنیا بین)
جێگه‌ی تێڕامانه شاعیرێکی گه‌نج له کۆی کۆمه‌ڵه شیعریکی گه‌وره‌دا ته‌نها یه‌ک یان دوو شیعر بۆ ئه‌ڤین و عیشق ته‌رخان بکات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ڤین لای (ئارێز سمکۆ) کاریگه‌رییه‌کی تایبه‌ت و مانایه‌کی جیاوازتری هه‌یه وه‌ک له‌وه‌ی لای هه‌ندێک له شاعیرانی تر به‌دی ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش ڕێگایه‌کی دیکه‌یه بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له‌و میتۆده‌ی به‌سه‌ر شیعری (که‌رنه‌ڤاڵی مردن له عه‌رعه‌ردا) زاڵه:
لێم زوویرمەبە
گەر شیعرم بۆکچانى تر نووسیوە
من بەرلە وان
کەمەربەندى شیعرم بۆ تۆ چنیووە
له شیعری (به جلی ڕوتی شیعره‌وه) بۆ جاری دووهه‌م عیشق لای شاعیر سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان جیاوازتر له جاری پیشوو، نه‌ک هه‌ر له‌ڕووی ڕێتمهوه، به‌ڵکو له‌ڕووی سترۆکتور و ماناشه‌وه. له‌وێدا شیعر له‌گه‌ڵ ڕووتیی جه‌سته، باران، کراس و که‌وای قه‌نده‌هار، سه‌فه‌ری مردووان و شه‌هیدان به‌راورد ده‌کات. لێره عیشق ئه‌رکێکی دیکه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش دوورخستنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره له دنیایه‌ک، که ده‌سه‌ڵات بواری بۆ جوانییه‌کان نه‌هێشتۆته‌وه. شوێنێک، که ده‌سه‌ڵات ده‌ستی پێی نه‌گه‌یشتووه، خه‌یاڵه و له‌وێ کاره‌کته‌ر له دنیایه‌ک ده‌ڕوانێت، که ته‌نیا له ڕێگای ئیستاتیکاوه ده‌کرێت بۆی بگه‌ڕێته‌وه:
خەمى ئەم وەرزەت نەبێت
هەمووى درۆن وەک وتەکانى ئەهریمەن و
بەڵێنەکانى کە بەئێمەى داوە
کوا بولبول له ئاو تەڕ دەبێت
|