شانۆگه‌ری : ڕه‌ش و سپی | عه‌بدوڵا سڵێمان (مه‌شخه‌ڵ)

شانۆگه‌ری : ڕه‌ش و سپی
نوسینی : هاڕۆڵد پینته‌ر
وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ : عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
 
(پیرێژنی یه‌که‌م له‌سه‌ر مێزێکی باڕی ڕێستۆرانته‌که‌‌ داده‌نیشێت. بچکۆلانه‌یه‌. پیرێژنی دووه‌م نزیک ده‌بێته‌وه‌. باڵا به‌رزه‌. دوو قاپ شۆربای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ری هه‌ر یه‌که‌شیانی به‌ قاپێک داپۆشیوه‌ و هه‌ر قاپێکیش له‌ته‌ نانێکی له‌سه‌ره‌.قاپه‌کان له‌سه‌ره‌خۆ له‌سه‌ر مێزه‌که‌ داده‌نێت. 

پیرێژنی دووه‌م : ئه‌و پیاوه‌ ده‌بینی هات و لای که‌وه‌نته‌ره‌که‌وه‌ که‌وته‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵمدا.[قاپی سه‌ر شۆرباکان لا ده‌بات و دوو که‌وچک له‌گیرفانی ده‌رده‌هێنێ و ده‌یخاته‌ نێو قاپه‌کانه‌وه‌.]

پیرێژنی یه‌که‌م : ئێ باشه‌ نانیشت هێناوه‌؟

پیرێژنی دووه‌م : نه‌مده‌زانی چۆنیان هه‌ڵبگرم،تا قاپه‌کانم سه‌ربه‌ره‌وخوار خستنه‌ سه‌ر شۆرباکان.

پیرێژنی یه‌که‌م : له‌گه‌ڵ شۆرباکه‌م حه‌زم له‌ تۆزێک نانه‌.

[ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ شۆربا خواردن. وچانێک.]

پیرێژنی دووه‌م : ئه‌وه‌ت بینی که‌ هات بۆ لام و لای که‌وه‌نته‌ره‌که‌ که‌وته‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵما.

پیرێژنی یه‌که‌م : کێ؟

پیر‌ێژنی دووه‌م : هاته‌ لام گوتی سڵاو.ئینجا گوتی لای تۆ سه‌عات چه‌نده‌؟ چه‌ند چاو قایم بوو.من له‌وێ وه‌ستابووم شۆرباکه‌ت وه‌ربگرم.

پیرێژنی یه‌که‌م : ئه‌وه‌ شۆربای ته‌ماته‌یه‌.

پیرێژنی دووه‌م : پرسی لای تۆ سه‌عات چه‌نده‌؟

پیرێژنی یه‌که‌م : دڵنیام وه‌ڵامت داوه‌ته‌وه‌.

پیرێژنی دووه‌م : پێمگوت گوێبگره‌.هه‌ر بۆ خۆت بڵێ.گوتم بۆچی ناگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ که‌لاوه‌که‌ت و له‌سه‌ر ده‌ق و مۆری خۆت دابنیشی پێش ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنی پۆلیس بکه‌م.[وچانێک.]

پیرێژنی یه‌که‌م : زۆرم پێناچێت بێم بۆ ئێره‌.

پیرێژنی دووه‌م :  به‌ پاسی ئۆڵ-نایت نه‌هاتیت بۆ ئێره‌؟

پیرێژنی یه‌که‌م : یه‌کسه‌ر به‌ پاسی ئۆل-نایت هاتم بۆ ئێره‌.

پیرێژنی دووه‌م : له‌ کوێوه‌؟

پیرێژنی یه‌که‌م : له‌ ماربڵ ئارکه‌وه‌.

پیرێژنی دووه‌م : کامه‌یان؟

پیرێژنی یه‌که‌م : به‌ پاسی دووسه‌د و نه‌وه‌د و چوار که‌ ڕاسته‌وڕاست ده‌مبات بۆ شه‌قامی فلییت.

پیرێژنی دووه‌م : پاسی دووسه‌د و نه‌وه‌د و ئه‌کیش ده‌ڕوات بۆ ئه‌وێ.[وچانێک.] که‌ هاتمه‌ ژووره‌وه‌ بینیتم له‌گه‌ڵ دوو غه‌ریبه‌دا قسه‌ت ده‌کرد. تۆ ده‌بێ واز له‌قسه‌کردن بێنی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا.کۆنه‌ په‌تووێکی وه‌کو تۆ ده‌زانێ‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ کێدا ده‌کات.

پیرێژنی یه‌که‌م : له‌گه‌ڵ هیچ غه‌ریبه‌یه‌ک قسه‌م نه‌کردووه‌.[وچانێک. پیرێژنی یه‌که‌م له‌په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ سه‌رنجی خه‌تی پاسه‌که‌ ده‌دات.] ئه‌وه‌ ئۆڵ-نایتێکی تره‌ به‌ره‌و خواره‌وه‌ ڕۆیشت.[وچانێک.] ده‌چێته‌ سه‌ر شه‌قامێکی تر،شه‌قامی فولهام.[وچانێک.] پاسی دووسه‌د و نه‌وه‌د و حه‌وت بوو.[وچانێک.] من قه‌ت به‌و خه‌ته‌دا نه‌ڕۆیشتووم.[وچانێک.] هه‌ر به‌ره‌و خوار بۆ شه‌قامی لیڤه‌رپوڵ چوومه‌.

پیرێژنی دووه‌م : ئه‌وه‌ خه‌تێکی تره‌.

پیرێژنی یه‌که‌م : پێم خۆش نییه‌ بڕۆمه‌ شه‌‌قامی فولهام و ئه‌و شوێنانه‌.

پیرێژنی دووه‌م : ئه..‌ها.

پیرێژنی یه‌که‌م : من قه‌د حه‌زم به‌و ئاراسته‌یه‌ نه‌بووه‌.[وچانێک.]

پیرێژنی دووه‌م : نانه‌که‌ت چۆنه‌؟[وچانێک.]

پیرێژنی یه‌که‌م : ها؟

پیرێژنی دووه‌م : نانه‌که‌ت ئه‌ڵێم؟

پیرێژنی یه‌که‌م : خراپ نییه‌.ئه‌ی ئه‌وه‌ی تۆ؟[وچانێک.]

پیرێژنی دووه‌م : پاره‌ی نانه‌که‌ت لێناسه‌نن گه‌ر شۆربا بکڕیت.

پیرێژنی یه‌که‌م : به‌ڵام گه‌ر چا بکڕیت لێتده‌ستێنن.

پیرێژنی دووه‌م : ئه‌گه‌ر چا بکڕیت پاره‌ی نانه‌که‌ت لێده‌ستێنن.[وچانێک.]تۆ قسه‌ له‌گه‌ڵ غه‌ریبه‌ ده‌که‌یت و ئه‌وانیش ده‌تبه‌ن.ئه‌م قسه‌یه‌ت له‌بیر بێت.پۆلیس ده‌تبات.

پیرێژنی یه‌که‌م : له‌گه‌ڵ غه‌ریبه‌ قسه‌ ناکه‌م.

پیرێژنی دووه‌م : جارێکیان منیان به‌ ئۆتۆمبێلێکی واگۆن برد.

پیرێژنی یه‌که‌م : خۆ گلیان نه‌دایته‌وه‌.

پیرێژنی دووه‌م : گلیان نه‌دامه‌وه‌.به‌ڵام ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێیان خۆش بوو بمخه‌نه‌ نێو واگنه‌که‌وه‌ و پیاسه‌یه‌کم پێبکه‌ن.

پیرێژنی یه‌که‌م : له‌وبڕوایه‌دای حه‌ز بکه‌ن من ببه‌ن؟

پیرێژنی دووه‌م : نازانم.

[ پیرێژنی یه‌که‌م له‌په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ سه‌یری ده‌ڕوانێته‌ ده‌رێ.]

پیرێژنی یه‌که‌م : ده‌توانی بزانی که‌چی له‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌ی لای سه‌ره‌وه‌‌ ڕوو ده‌دات.[وچانێک.] به‌هه‌رحاڵ باشتره‌ له‌وه‌ی بچیته‌ خوارێ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لای به‌ربه‌سته‌که‌‌.

پیرێژنی دووه‌م : به‌ڵێ، زۆر ده‌نگه‌ ده‌نگی لێ نییه‌.

پیرێژنی یه‌که‌م : هه‌میشه‌ تۆزێک ده‌نگه‌ ده‌نگی لێیه‌.

پیرێژنی دووه‌م : بای دێ له‌ده‌ره‌وه‌.[وچانێک.]

پیرێژنی یه‌که‌م : لام ئاساییه‌ بمێنمه‌وه‌.

پیرێژنی دووه‌م : به‌ڵام لێت ناگه‌ڕێن.

پیرێژنی یه‌که‌م : ئه‌زانم.[وچانێک.] سه‌عات و نیوێکی تر دایده‌خه‌ن،وا نییه‌؟[وچانێک.]زۆر نییه‌.[وچانێک.] ئه‌توانی بڕۆیت و دوایی بگه‌ڕێیته‌وه‌.

پیرێژنی دووه‌م : من ئه‌ڕۆم.به‌س ناگه‌ڕێمه‌وه‌.

پیرێژنی یه‌که‌م : که‌ دونیا ڕوناک بۆوه‌ دێمه‌وه‌.چاکه‌م بخۆره‌وه‌.

پیرێژنی دووه‌م : من ئه‌ڕۆم.ئه‌ڕۆم به‌ره‌و لای سه‌ره‌وه‌ بۆ گاردن.

پیرێژنی یه‌که‌م : من ناچمه‌ ئه‌و خواره‌وه‌‌.[وچانێک.]ئه‌ڕۆم بۆ سه‌ره‌وه‌ بۆ پردی واته‌رلوو.

پیرێژنی دووه‌م : هه‌ر ئێستا دوا پاسی دووسه‌د و نه‌وه‌د و شه‌ش ده‌بینی به‌سه‌ر ڕووباره‌که‌وه‌ دێت به‌ره‌و ئێره‌.

پیرێژنی یه‌که‌م : منیش هه‌ر ته‌ماشا ده‌که‌م ئێستا وه‌ختییه‌تی.له‌وه‌یه‌ بچمه‌ ده‌رێ.[وچانێک.] ئه‌م پاسه‌ له‌ پاسی ئۆل-نایت ناچێت که‌له‌ڕۆژدا ده‌یبینین.وا نییه‌؟

1959   

  ته‌واو


سه‌رچاوه‌ : 


The Norton Introduction to Literature
Carl E. Bain
Jerome Beaty
L. Paul Hunter
Shorter sixth edition
United States of America        1995           Pages 868-869

چاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌

بۆچوون نووسین

ناو:
تكایه‌ ناوی خۆت بنووسه‌
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
تكایه‌ بۆچوونه‌كه‌ت بنووسه‌ و پاشان بینێره‌
 
   
مه‌رجه‌كانی بۆچوون نووسین:
  • پێویسته‌ نوسینه‌که‌ت له‌(٧٥٠) پیت تێپه‌ڕنه‌کات.
  • سه‌رنجه‌كه‌ت ده‌بێت له‌فۆرمێكی گونجاو‌دا بێت، كه‌س بریندار نه‌كات.
  • چراكان ‌مافی پێداچونه‌وه‌ وگونجاندنی نوسینه‌که‌ی هه‌یه.‌
  • گه‌ر به‌  لاتینی ده‌نوسیت تكایه‌ هه‌مووی به‌كاپیتاڵ مه‌نوسه‌.

ناردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێیه‌ك

ناساندن
ئیمه‌یلی خۆت (E-mail)
(E-mail)

 

               
چەمكى گوتار لەڕەخنەى شانۆییماندا.
شانۆگه‌ری : ڕه‌ش و سپی
خه‌ره‌نده‌که‌ی ئه‌رسه‌لان ده‌روێش وعه‌باس عه‌بدولره‌زاق هه‌موومانیان خسته‌ خه‌ره‌نده‌وه‌.
نرخاندنی فێستیڤاڵی یه‌که‌می شانۆی مۆنۆدرامای کوردی له‌ له‌نده‌ن.
فیستیڤاڵی شانۆی کوردی له‌ له‌نده‌ن و ئه‌زمونێکی نوێ
داتاشینى دیکتاتۆر داتاشینى دیکتاتۆر
بێده‌نگی‌‌و هۆكاره‌كانی بێده‌نگی‌‌و هۆكاره‌كانی
ڕووبەری کۆمەڵایەتی ڕووبەری کۆمەڵایەتی
له‌ رۆمانی‌ له‌ رۆمانی‌ "زه‌نگه‌كان بۆ كێ‌ لێده‌درێن" ئه‌رنست هه‌منه‌گوایدا.
کتێبی به‌فر کتێبی به‌فر
شاعیرێ وێنه‌ ده‌کێشێ شاعیرێ وێنه‌ ده‌کێشێ
     
 
په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای ماڵپه‌ڕی چراكان زانیاریی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی چراكان په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی چراكان