شاعیری خێڵ | حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن

له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستای باشووری کوردستاندا، شاعیرانی حیزب، ده‌ق له شاعیرانی خێڵی سه‌رده‌می جاهیلیی نیمچه دورگه‌ی عاره‌ب ده‌چن. ئه‌و ده‌مه، کاتێک شاعیرێک له‌نێو خێڵه چۆڵگه‌رده‌کانی (بدو) بیاباندا هه‌ڵده‌که‌وت، ئیدی ده‌بووه جێی خۆشحاڵیی ته‌واوی تاکه‌کانی ئه‌و خێڵه. چونکه ئه‌وی شاعیر به تای په‌ڕه‌مووچێک و شووشه‌یه‌ک مه‌ره‌که‌ب، به جارێک ڕۆڵی ده‌زگه‌یه‌کی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستای ده‌بینی، که ئامانجی یه‌که‌م و کۆتایی ئه‌وه‌بوو به شان و باڵی سه‌رخێڵ و جه‌نگاوه‌رانی خێڵه‌که‌ی خۆیدا هه‌ڵبدات و وته‌بێژی فه‌رمیی خێڵ بێت. چه‌ندی له‌ده‌ست بێت، ڕۆشنایی پتر بهاوێته سه‌ر ئاکار و ڕه‌وتار و بنه‌ما جوانه‌کانی خێڵ، وه‌ک شانوشه‌وکه‌ت و مێژووی خوێناویی خێڵ و به‌خشنده‌یی و نانبده‌یی.. له به‌رانبه‌ردا زه‌قکردنه‌وه و ڕۆشنایی خستنه‌سه‌ر خه‌وش و ڕووه نه‌رێنی و تاریکه‌کانی خێڵه نه‌یاره‌کان و به نزم، ناڕه‌سه‌ن، ترسنۆک، نانکوێر و به که‌م سه‌یرکردنیان.
شاعیری خێڵ هه‌رده‌م له دوای سه‌رخێڵه‌وه ڕۆیشتووه، چونکه ده‌سه‌نده‌خۆری سه‌رخێڵ بووه. ئه‌و زمانحاڵی خێڵه‌که‌ی بووه. هه‌رده‌م له پاڵه‌وه (قساندوویه‌تی!) و وشه‌ی ڕیزکردووه. ئه‌وه‌ی ناوی کار و فرمان بێت نه‌یگرتووه‌ته ده‌ست. شکۆمه‌ندیی ته‌نیا یه‌ک خێڵی مه‌به‌ست بووه و له شیعره‌کانیدا به‌رجه‌سته‌کردووه و بۆ که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک هه‌ڵیناوه. چونکه له دیدی ئه‌ودا، نیشتمان له ته‌نیا خێڵێکدا بچووک ده‌ببێته‌وه و شکڵگیر ده‌بێت. یان ده‌شێ بڵێین، به نێڕینی ئه‌و خێڵ جێی نیشتمانی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌و زۆربه‌ی جار نه‌ک هه‌ر خێڵی نه‌یاری داشۆریوه به‌ڵکو شاعیری خێڵی نه‌یاریشی داوه‌ته‌به‌ر حه‌مله‌ی شیعره‌کانی و ئه‌وه‌ی نه‌شێ پێی کردووه.
کوڕانی خێڵیش به شانازییه‌وه شیعره‌کانی ئه‌ویان ئه‌زبه‌رکردووه. به‌رز و به‌ڕێز سه‌یریان کردووه. به‌ڵام کاتێک مێژوو به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاوده‌نێت و قۆناغی خێڵ و خێڵایه‌تی تێده‌په‌ڕێنێت و به‌جددی باسوخواسی چێ‌کردنی گه‌ڵ یان نه‌ته‌وه و دواتر جڤاکی مه‌ده‌نی دێته‌گۆڕێ، ئیدی شاعیریش وه‌ک هه‌ر ڕووناکبیرێکی ئه‌م جیهانه مامه‌ڵه ده‌کات. لێره‌به‌دواوه ده‌بێته شاعیری میلله‌تێک نه‌ک به ته‌نیا خێڵ و به‌ره‌بابێک. جغزی بیر و ئه‌ندێشه‌ی فراون ده‌بێت. بابه‌ت و ته‌وه‌ری به‌رهه‌مه‌کانیشی به چاکه‌ی هیچ خێڵێک، یان حیزبێکی دیاریکراو ناشکێته‌وه. به‌ڵکو دژ به به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی (خێڵایه‌تی یان تاک حیزبی) ده‌وه‌ستێته‌وه. جاران ته‌نیا ڕه‌خنه‌ی له خێڵی نه‌یار ده‌گرت. له‌مه‌ولا له هه‌موو دیارده‌یه‌کی ناجۆر، بێ گوێدانه ئه‌م و ئه‌و. پێویسته ئه‌وه ڕوون بێت، که لێره‌دا ته‌نیا له‌گه‌ڵ شاعیرم نییه، به‌ڵکو ڕووم له‌و هه‌موو ئازیزانه‌یه که به ئه‌دیب ناسراون.
به‌م دواییه، به‌عس هه‌مان کولتووری زیندووکرده‌وه. ته‌واو وه‌ک خێڵه‌کانی سه‌رده‌می جاهیلی مامه‌ڵه‌ی ده‌کرد. هیچ گرووپ و حیزبێکی دیکه‌ی به‌دڵ نه‌بوو، هه‌موویانی له زیندان توندکرد و ئه‌وه‌یشی ما، له شار ته‌قییه‌وه و دایه چیا، یان ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوو. ده‌یان نووسه‌ر کار و پیشه‌یان ئه‌وه بوو ده‌ستووری شاعیرانی خێڵه چۆڵگه‌ردی پانزه سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، به شان و باڵی سه‌رۆک و (خێڵه/حیزبه‌که‌ی)دا هه‌ڵبده‌ن.. پێش ڕاپه‌ڕین و دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ندێک نووسه‌ری کوردیش هه‌مان که‌لتووریان لاسایی کرده‌وه. ئه‌وه‌یان له بیرچووبووه‌وه، که به‌ر له‌وه‌ی حیزب یان ده‌وڵه‌ت، شاعیر به‌کرێ بگرێت، چه‌ندین سه‌ده پێشتر، خێڵ شاعیری کردبووه وته‌بێژ و ده‌مڕاستی خۆی! جێی وتنه، سه‌ر‌وه‌ختێک له وڵاتانی خۆرئاوایشدا به‌و جۆره نووسه‌رانه‌یان وتووه، (نووسه‌رانی که‌نیسه!)؛ ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به شان و باڵی سه‌رانی حیزبه‌کانی خۆیاندا هه‌ڵیشیان نه‌ده‌دا. ئه‌وه‌نده هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وان ماڵ بوون.
ئه‌وی ڕاستی بێت، نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا، به‌ڵکو له ته‌واوی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵات ناڤین‌دا، زۆر ڕووناکبیر هه‌ن که‌سانی دووفاقن. سه‌رزاره‌کی ئیدیعای کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پێشکه‌تنخوازیی ده‌که‌ن. وه‌کوتر، خێڵ یان تایه‌فه ده‌که‌نه‌وه به پشت و په‌نا، به تایبه‌ت کاتێک خۆیان بۆ پۆستێکی وه‌ک ئه‌ندامێتی پاڕله‌مان ده‌پاڵێون. ئه‌م واقیعه‌ی ئێستای عیراق چاکترین به‌ڵگه‌ی ڕاستیی ئه‌م ڕایه‌ن.
سه‌رده‌مێک له‌م کوردستانی باشووره‌دا چه‌ندین حیزب له خه‌باتی چه‌کداریدا به‌شداربوون. پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م حیزبانه کوڕان و کچانی کورد بوون، که‌چی شاعیر هه‌بووه، ته‌نیا بۆ شه‌هیده‌کانی حیزبه‌که‌ی خۆی شیعراندوویه‌تی. ئایا ئه‌م جۆره شاعیره ناچێته ڕیزی شاعیرانی (خێڵ/حیزب) وه؟ ئایا ئه‌م جیاوازکارییه (تمییز) ئه‌وه ناگه‌یێنێت، که ئه‌و شاعیرانه، وه‌ک شاعیرانی سه‌رده‌می جاهیلی (خێڵ/حیزب)ه‌که‌ی خۆیان له هه‌موو (کوردستان) به مه‌زنتر و له‌پێشتر زانیوه؟ لام وایه دزێوترین جۆری جیاوازکاری (Discrimination) ئه‌وه‌یانه که هاونیشتمانی، له نیشتمانی خۆیدا له دژی پیاده ده‌کرێت. به‌ڵێ ئه‌مه‌یان سوێی زیاتره له‌و جیاوازکارییه‌ی بیانی ده‌رهه‌قت پیاده‌ی ده‌کات. به‌ڵام ئه‌و شاعیرانه ته‌نانه‌ت جیاوارکارییان له‌گه‌ڵ شه‌هیدانی میلله‌تێکدا پیاده‌کردووه. له ئه‌نجامدا مێژوو به‌دیاری خست، ئه‌و شاعیرانه‌یش وه‌ک سه‌رخێڵه‌کان له هه‌ڵپه‌ی به‌ده‌ستخستنی سێکوچکه ئه‌فسووناوییه‌که‌دا بوون، که بریتییه له ده‌سته‌ڵات، سامان و له‌ززه‌ت.
|