چراكان
بۆ ڕیکلام له چراکاندا
لێره کرته بکه

به‌خۆداچوونه‌وه‌ | نه‌وزاد ئه‌حمه‌د حسێن

لەگەڵ ئەوەى هەموو ڕۆژێ لە هەمان دوكان لەفەى قاورمەى نۆكم ئەخوارد، ئەمەیش ئەوەندەى واقیعى تەندروستیم سەپاندبووى ، نیو ئەوەندە ئارەزووى خۆمم نەبوو .. لە هەمان كاتدا هەستێكم بەرامبەر ئەو دوكانە نەبوو، واتە نەمئەتوانى تەنانەت بە وشەیەكیش پێناسەى بكەم، ئیتر بەو جۆرە دكتۆرە لوت فشەكە واى پێیووتم: نابێت بەهیچ جۆرێك نزیكى گۆشتى سوور و سپى و ڕەنگەكانى تر بكەومەوە. نابێ نزیكى هێلكە و قەیماغ و پەنیر و جگەرە بكەومەوە.  ئەبێ ڕوو بكەمە سیر و پیاز و تور و تەڕەتیزە..برادەرەكانم پێیان ووتم: كە ئەگەر بەو شێوەیە بژیم مردنم باشترە ..پیاو شیشێ گۆشت و چاییەكى خەست و جگەرەیەك وەكو جامانە و مشكى تیكەڵ نەكات ، بەكارى چى دێ ؟

 هەروەها دكتۆرە لوت فشەكە پێى ووتم كە نابێ چاى ڕەش و قاوە بخۆمەوە ، بەڵكو ئەبێ چاى سەوز بخۆمەوە كە دایكم بەمیزى كەر پێناسەى كردبوو..هەروەها نابێ خەم بخۆم و ئەبێ لەشەو و ڕۆژێكدا بەلایەنى كەمەوە هەشت سەعات بنووم و ..نابێ بەهیچ جۆرێك تووڕە بم و ئیتر بەو شێوەیە ..

 برادەرەكانم پێیان ووتم  كە پێویستە بە زووترین كات گۆڕیك هەڵكەنم و خۆمى تێدا زیندە بەچاڵ بكەم .. بەڵاًم دایكم پێى گووتم : با هەر بۆ خۆیان چەنە بدەن ، ئەوانە خوێڕین و قەدرى عافێت نازانن ، ئەبینیت هەموویان جەڵتەى دڵ و مێشك تەپڵى تۆپانیان پىَ دەكات ..

 دایكم زۆر بە درێژى وەسفى هاوڕێكانمى كرد و لە كۆتاییدا ووتى : شەمشەمەكوێرەیەك لەوانە باشترە ..

 ئیتر من بەرنامەى ژیانم گۆڕى ، لە جیاتى ڕۆژانە لاى بایزى جگەر دوو شیش گۆشت بخۆم ، ئەچومە لاى مارفى قاورمە و دوو قاورمەى نۆكم ئەخوارد .

 ئەوە چەند مانگ و ساڵە ، نازانم ..بەڵام بەرە بەرە برادەرەكانم ون دەكرد ، چونكە لەم وڵاتانەى ڕۆژهەڵاتدا جۆرى خواردن ، جۆرى برادەریشت بۆ دیارى دەكات. بە كورتى لەم وڵاتەى خۆماندا بە سایەى نەوتى ژێر زەمینەكەمان، تەنها خەریكى خواردن و قسە كردنین ..ئەگەر زۆر قسە بكەیت، دەبیتە خاوەن كۆمپانیا و حیزب و شتى مەزن .ئەگەر زۆریش بخۆیت ، بێگومان كەم ئەژیت، چونكە وەكو یاسایەكى فیزیایى یاخود دیاردەیەكى ناوبازاڕ، ئەو عەلاگانەى شتى زۆریان لێ بار دەكرێت ، زوو ئەڕزێن و ئەفەوتێن .. گەدەى مرۆڤیش بە هەمان شێوەیە .

 بەڵام من مەبەستم لە شتێ بوو، كە ڕەنگە بەلاى هەندێكتانەوە دیاردەیەكى قێزەون بێ ، هەندێكى تریشتان پێتان وایە دیاردەیەكى شەرم ئامێزە و ئەوەندە ناهێنىَ پیاو باسى بكات .لەگەڵ ئەوەیشدا من هەر باسى ئەكەم ، چونكە ئەمەوێ لەو بارەیەوە كورتە چیرۆكێ بنووسم و بیسەلمێنم كە لە نووسین نەچومەتەوە ،ئەوەیش بۆ خۆى مەسەلەیەكى ترە ..

 ئەو ڕۆژە و لە كاتێكدا مارف لەفەى قاورمەى ئامادە دەكرد، بۆم دەركەوت  لووتى ئاو دەكات، بە جۆرێك هەر لەفەیەك چەند دڵۆپێكى تێدەكەوێ ..ئاى لەو كارەساتە !!..بیرم كردەوە بەڵكو ئەمە تەنها ئەمڕۆ توش بوبێ ، لێم پرسى : مام مارف ، ئەوە ئەمڕۆ توشى ئەو پەسیوە بووى ؟

 وتى : دەنگ مەكە ، بیست ساڵ زیاترە ئەو پەسیوەم لەگەڵدایە ، دكتۆرى شەرق و غەربم كردووە ، چارى نیە ..

 كەواتە چەندین ساڵە ڕۆژانە چڵمى مام مارف بە قاورمەوە ئەخۆم ..

 ژمارده‌یه‌كم بۆكرد ئەگەر هەر لەفەیك چوار دڵۆپەى تێكەوتبێ ، ئەوا لەمانگێكدا پیاڵەیەك چڵمى دەرخوارد داوم ..

 تازە كار لە كار ترازا بوو، نە ڕشانەوە مەسەلەكەى چارەسەر دەكرد و نە بۆنمونە تێهەڵدانى مام مارف ..كە دڵنیام زۆر لە من ئازاترە. بە هەرحاڵ بە بیانوى ئەوەى كە ددانێكم كەوتۆتە ئێش، لەفەى قاورمەم فڕێدایە ناوە تەنەكەى خۆڵەكە..یەكسەر لە ژێر لێوەوە چەند جنێوێكم ئاڕاستەى دكتۆرە لوت فشەكە كرد یاخود ڕاستتر چەند جنێوێكى ئاڕاستە ئەكەم یان ئاڕاستەم كردبێ، بۆ ئەوەى وەك ڕەخنەگرەكانمان ئەڵێن، چیرۆكەكە لە گێڕانەوە و حەكایەت بپارێزم،بەو پێیە من هێشتا جنێوەكانم ئاڕاستە نەكردووە ، بەڵام درۆ باش نیە ، دڵۆپە چڵمەكان خوراون و بڕاونەتەوە. واتە دڵۆپە چڵمەكان وەكو حەكایەتى لێهاتووە، تازە لە فرمانى ڕابوردوو زیاتر هیچ فەرمانێك وەرناگرن، هەر بۆیە سودم لە كتێبێكى (دیل كارنیگى) وەرگرت بۆ تێپەڕاندنى ئەو بارگرانیە یان ئەو نسكۆیە یان كورت و موختەسەر ئەو چڵم خواردنە، یەكسەر چوومە سەر ئینتەرنێت و لەگوگڵدا بە دواى پێكهاتەكانى چڵمدا گەڕام ، توشى شۆك بووم لە كاتێكدا هیچ شتێكى خراپم لەو پێكهاتەیەدا نەبینى..نیعمەتێكە لەو گۆڕەى ، شلەیەكە كە ناهێڵێ میكرۆب و تەپ و تۆز ئاودیو بن و ناهێڵێ كونە لووتەكان وشك ببنەوەو..ئەو هەوایەى كەهەڵى دەمژین، هەم شێدارى دەكات و هەم فێنكى دەكاتەوە ، باشە ئیتر بۆچى قێزمان لێى دێتەوە ؟؟ باشە جیاوازى نێوان چڵم و هەنگوین چیە ؟ هەنگوین شلەیەكە لە ناو سكى مێروویەكدایە و لە دەمیەوە دێتە دەرەوە ، ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بە فیلمێك نیشان بدرێت، ڕەنگە كەم كەس هەبن بە بینینى هەنگوین نەڕشێنەوە ، كەواتە مەسەله‌كە بینین و نەبینینە.. هەنگەكە بچوكە و لوتى مام مارف گەورەیە .هەنگوینەكە شیرینە و چڵمەكە ترش و سوێرە !. خۆ ئەگەر هەنگەكە گەورە بكەین و لوتى مام مارف بچوك بكەینەوە ، لە بەرامبەریشدا خوێ بكەینە هەنگوینەوە و شەكر بكەینە چڵمى مام مارفەوە ، ئەبینین لە ماوەیەكى كورتدا بازاڕى هەنگوین دادەخرێت و بازاڕێكى نوێ دەكرێتەوە، كە وێنەیەكى گەورەى لوتى تێدایە لە ساتە وەختى فنگ كردنا ..

 كەواتە مەسەله‌كە گەورە و بچوكیە، لەگەڵ خوێ و شەكردا، كە مەسەلەیەكى ئەوەندە گرنگ و چارەنووسساز نیە ، تەنانەت ئەتوانم بڵێم چڵمەكە بەسوودترە، چونكە ئەوانەى نەخۆشى شەكرەیان هەیە ناتوانن نزیكى هەنگوین بكەونەوە ، بەڵام چڵمەكە زۆر بێ زیانە و هەمویشمان بە نهێنى و بە ئاشكرا لەمنداڵیدا ، لەو چڵمە سوودمەندبووین، بە تایبەتى لەو ساڵانەدا دەستەسڕ دەستى هەموو منداڵێك نەدەكەوت، وەكو نینۆككەر و شتەكانى تر  هەر بۆیە ئێستایش هەندێكمان هەر بە ددان ، نینۆك دەقرتێنین ..

 هەناسەیەكى شادمانیم هەڵكێشا یاخود هەڵدەكێشم و بە نیازم بیرێك لە سەرجەم داب و نەریتەكان بكەمەوە كە پێدەچێ زۆربەیان بە هەڵە فڕێدرابێتنە مێشكمانەوە ، ئەوەیش باب و باپیرانمان دایانهێناوە، كە تێكڕا نەخوێنەوار بوون و هەر ئەوەندەیان لەدەست هاتووە، بۆ نمونە كە كچێك ماچدەكەیت، هەموو لیكى ناو دەمى هەڵدەمژیت ، كەچى هەر هەمان كچ لە كاتى نانخواردندا ئەگەر بپژمێت بەسەر خواردنەكەدا، یەكسەر دەست لە خواردن هەڵدەگریت ، تەنانەت كچەكە خۆیشى ئامادە نیە لەو خواردنە بخوات، بە مەرجێك لە كاتى ماچەكەدا بە لێشاو لیكەكە ى دەخۆیتەوە، بەڵاًم لە كاتى پژمیندا چەند دڵۆپەیەك دەپرژێت، لەكاتى ماچەكەدا تەنها لیك دەخۆیت، بەڵام لە حاڵەتى دووەمدا لیك و برنج و شلە .

 نەخێر بۆم دەركەوت یاخود بۆم دەردەكەوێت ( با ڕەخنەگرەكان چیرۆكەكەم لێنەكەن بەحەكایەتى كوڕە كەچەڵ )، كە پێویستە سەرجەم دیاردەكان بگۆڕین..ئەوەیش بەڕاى من پێویستى بە پەرلەمان و تەنانەت سوپاشە ..هەروەها ئەبێت خەستەخانەكان له‌حاڵەتى ئامادەباشیدا بن و پۆلیس شارەكە  پڕبكەن لە بازگەى پشكنین، خۆ ئەگەر هێزى فرە ڕەگەزیش یارمەتیمان بدەن، ئەوا باشتر و باشتر پڕۆسەكە بەڕێوە دەچێت ، بیهێنەرە بەرچاوى خۆت لە دوكانى شەربەت فرۆشتندا ، یەكیك لە عەسارەكان پڕە لە چڵم و نووسراوە : ( چڵمى ئەسڵمان لە لا دەست دەكەوێت )، یان لە سوپەرماركێتێكدا كۆمەڵێك قوتوو دانراون لەسەریان نوسراو : ( چڵم بە تامى مۆز ) ( چڵم بە تامى ئەناناس ).. لەوەیش زیاتر مریشكى ناو تەنور بە چڵمەوە، یان چەرەس بە چڵم ، یان كولێرە بە چڵم .

 ئەزانم ئێستا قێزتان دێتەوە و جنێوى جۆرا و جۆرم بۆ ڕیز دەكەن ، بەڵام دڵنیام چەند دێڕێكى تر لەسەر جۆرەكانى خواردن بە چڵمتان بۆ باس بكەم ، سەرسامیەكەتان ئەڕەوێتەوە و ئینجا بیر لەوە دەكەنەوە ئاخۆ چۆن و كەى بەكارى بێنن ..

 سبەینێ پێش ئەوەى لەفەكە بداتە دەستم، وتم یاخود ئەڵێم یان بەردەوام ئەمگووت :(توخوا مام مارف با  تۆزێ چڵمى زۆر  بێ ).

                                                                      ته‌واو

E-mail : info@chrakan.com

چاپكردنی ئه‌م بابه‌ته‌

بۆچوون نووسین

ناو:
تكایه‌ ناوی خۆت بنووسه‌
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
تكایه‌ بۆچوونه‌كه‌ت بنووسه‌ و پاشان بینێره‌
 
   
مه‌رجه‌كانی بۆچوون نووسین:
  • پێویسته‌ نوسینه‌که‌ت له‌(٧٥٠) پیت تێپه‌ڕنه‌کات.
  • سه‌رنجه‌كه‌ت ده‌بێت له‌فۆرمێكی گونجاو‌دا بێت، كه‌س بریندار نه‌كات.
  • چراكان ‌مافی پێداچونه‌وه‌ وگونجاندنی نوسینه‌که‌ی هه‌یه.
  • گه‌ر به‌  لاتینی ده‌نوسیت تكایه‌ هه‌مووی به‌كاپیتاڵ مه‌نوسه‌.
  • چاوه‌ڕوان مه‌به یه‌کسه‌ر سه‌رنجه‌که‌ت بڵاوبێته‌وه، تکایه چاوه‌ڕوانبه!!

ناردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێیه‌ك

ناساندن
ئیمه‌یلی خۆت (E-mail)
(E-mail)

 

               
میدیا بێگه‌رد چیرۆكه‌كانی‌ هه‌زار‌و یه‌ك شه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌
پرسیاره‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كان له‌ نمایشی‌ (خوێنی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌)
شانۆی نه‌ته‌وه‌یی له‌ئه‌فغانستانه‌وه‌ بۆ كوردوستان
به‌"سێوه‌كه‌ی خۆم" بوونی ته‌نگژه‌ی شانۆیان ڕه‌ت كرده‌وه‌.
خوێنی‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ك له‌ سلێمانی‌ ڕژا
لێكبوردن‌و مه‌رجه‌كانی‌ لێكبوردن‌و مه‌رجه‌كانی‌
ڕەوەندی کوردی سەبارەت بەتیرۆری سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەنوسی پڕۆژەی کەمپینیک پێشنیاردەکەن. ڕەوەندی کوردی سەبارەت بەتیرۆری سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەنوسی پڕۆژەی کەمپینیک پێشنیاردەکەن.
زه‌بروزه‌نگ و فه‌نتازیاكانی*‌ زه‌بروزه‌نگ و فه‌نتازیاكانی*‌
سه‌باره‌ت به‌خۆشه‌ویستی‌ و خۆشه‌ویستی‌ پاكیزه‌یی‌ سه‌باره‌ت به‌خۆشه‌ویستی‌ و خۆشه‌ویستی‌ پاكیزه‌یی‌
ئایا رۆمان له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌دایه‌ به‌سه‌ر ژانره‌كانی‌ تری‌ ئه‌ده‌بدا ئایا رۆمان له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌دایه‌ به‌سه‌ر ژانره‌كانی‌ تری‌ ئه‌ده‌بدا
به‌قاچاغ ڕۆیشتن به‌ره‌و سه‌رزه‌مینی‌ خه‌یاڵ. به‌قاچاغ ڕۆیشتن به‌ره‌و سه‌رزه‌مینی‌ خه‌یاڵ.

     
 
په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای ماڵپه‌ڕی چراكان زانیاریی له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی چراكان په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی چراكان