ئایا رۆمان ده‌كرێته ده‌قی شانۆیی؟
ئه‌م پرسیاره، یه‌كێكه له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی كه رووبه‌رِووی نمایشی (من یه‌كێك نیم له ئێوه) ده‌بێته‌وه، حه‌قمانه ئه‌و پرسیاره بكه‌ین كه هۆكار چییه كاتێك ده‌رهێنه‌رێك ده‌قی شانۆیی له‌به‌رده‌میاندایه و په‌نا بۆ رۆمان یان شیعر ده‌بات و جارێكی تر ده‌یكاته ده‌قی شانۆیی؟ ئایا ئه‌و ده‌قه شانۆییانه‌ی كه له ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه‌كانی تره‌وه ئاماده ده‌كرێن ئه‌و بنه‌ما درامییه‌یان تێدایه كه بكرێته ده‌قی شانۆیی؟ ئایا بونیادنانی كاره‌كته‌ر له رۆمان‌دا هه‌مان پێوه‌ر و تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه كه له تێكستی شانۆییدا هه‌یه؟
پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه‌بكه‌ین كه ئه‌م شێواز و كاركردنانه‌جۆری شانۆییانه له رۆمان‌دا بۆخۆی هه‌ڵگری ده‌یان كێشه‌یه، به تایبه‌تیش به نمایشكردنی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) كه شاكارێكی گرنگی ئه‌ده‌بیاتی كوردییه و پێویسته نمایشێكی شانۆیی لانیكه‌م گه‌ر داهێنان و زیاده‌یه‌ك نه‌به‌خشێته رۆمانه‌كه ئه‌وا به‌شی زۆری داهێنان و لایه‌نه ئیستاتیكییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه نه‌كوژێت!
بۆ ئه‌م حاڵه‌ته بۆچوونی جیاواز له نێوه‌نده‌ی شانۆدا هه‌یه، نه‌هرۆ محه‌مه‌د (ئه‌كته‌ر) له باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه ده‌ڵێت: (له راستیدا ده‌كرێت رۆمان بكرێت به نمایشێكی شانۆیی، به‌ڵام چه‌ند بتوانین ته‌كنیكه‌كانی شانۆ به‌كاربهێنیت له‌ناو ئه‌و ده‌قه شانۆییه‌كه‌دا ئه‌وه زۆر گرنگه، به‌ڵام له‌م نمایشه‌دا(من یه‌كێك نیم له ئێوه) ئه‌م حاڵه‌ته نه‌بوو، لاوازیمان بینی له نمایشه‌كه‌دا، به تایبه‌تی له لایه‌نی ده‌قه‌وه، به بۆچوونی من یه‌كه‌یه‌كی جه‌سته‌یی نه‌بوو له نواندن له شانۆییه‌كه‌دا، كه بگه‌رِێته‌وه بۆ بیرۆكه‌ی ده‌رهێنه‌ر، یان له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی دیكۆر یه‌كانگیربێته‌وه. چونكه ئه‌م رۆمانه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) شاكارێكی رۆشنبیرییه له ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا، شتێكی باشه ئه‌گه‌ر بكرێت به ده‌قی شانۆیی، به‌ڵام به مه‌رجی تایبه‌تمه‌ندی و ته‌كنیكی شانۆیی، كه به داخه‌وه له‌م ئیشه‌دا لاوازبوو.)
جیاواز له بۆچوونه‌كانی نه‌هرۆ (ئه‌نوه‌ر قادر ره‌شید- ره‌خنه‌گری شانۆیی) ده‌ڵێت: (به‌لای منه‌وه ئه‌و رۆمانه فه‌نتازییه‌كی زۆری تێدایه، ئیشی له‌سه‌ر كراوه به‌و شێوه‌یه‌ی بخرێته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ كه به‌های خۆی هه‌بێت، ئه‌و ئیشه ته‌نسیقێكی جوانی تێدابوو، ئه‌و جوانكارییه‌ش له بواری گه‌یاندنی سه‌ره‌كی بیرۆكه‌كه، یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی سه‌ر شانۆ ئه‌وه‌یه كه بینه‌ر هاته ده‌ره‌وه له نمایش شتێكی لا به‌جێبمێنێت، به بۆچوونی من ئه‌م نمایشه، ئه‌و شته‌ی لا به‌جێهێشتین، شانۆییه‌كه بیرۆكه‌یه‌كی گه‌یاندووه گه‌ر به‌شێكیش بێت له بیرۆكه‌ی شانۆییه‌كه ئه‌وه توانییویه‌تی بیگه‌یه‌نێت به بینه‌ر)
له ناو نمایشه‌كه‌شه‌وه ئه‌كته‌ره‌كان بۆ چوونی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر رۆمانه‌كه و ئاستی شانۆییه‌كه هه‌یه، یاسین به‌رزنجی له رۆڵی (یاقوبی سنه‌وبه‌ر)دا به‌م شێوه‌یه باس له رۆمانی دواهه‌مین هه‌ناری دونیا ده‌كات:(به‌ختیار عه‌لی به‌لێوه‌شاوه‌ییه‌كی زۆره‌وه به‌شێك له له‌ژیانی سیاسی و مێژووی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی كوردی له (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) جێگه‌كردوووه‌ته‌وه، ده‌ستی بۆ قۆناغێكی هه‌ستیار بردووه سه‌رنجی زامه‌كانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یداوه‌و له‌گه‌ڵ ئاینده ده‌ژی، ئه‌و به قه‌ڵه‌می فه‌نتازیاو بیرورای خۆی به‌و زمانه‌ی خۆی، كاره‌كته‌ر و روداوه‌كانی وێنه‌كێشاوه‌و (دڵشاد حسێن)یش رۆمانه‌كه‌ی ئاماده‌كردووه‌ته‌وه بۆ شانۆ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده به ده‌ستبردن بۆ رۆمانێكی وا گه‌وره نه‌خشێكی پێشكه‌ش به شانۆ و تیپه به‌رده‌وامه‌كه‌ی ئێمه له (تیپی شانۆی سالار) به‌خشی،(ئه‌رسه‌لان ده‌روێش)یش وه‌ك ده‌رهێنه‌رێكی سه‌وداسه‌ر له پێناو داهێنانی كارێكی نوێ و هه‌ڵبژاردنی بابه‌تێك كه ناوه‌رِۆك و فۆرِمی له‌گه‌ڵ ئه‌مرِۆدا هاوتابێ به هاوكاری ستافێكی هونه‌ریی كارا له ئه‌كته‌ر و ته‌كنیكیه‌كانی توانی به‌رهه‌مێك بخاته به‌رچاو كه به برِوای من فاكته‌رێك ده‌بێ له به گورِكردنه‌وه‌ی بزاڤه شانۆییه‌كه و هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی بینه‌ری زیز بوو له شانۆ تۆراوه‌كه‌مان.)
بۆ وه‌ڵامێكی كۆنكرێتی له باره‌ی ئاماده‌كردنی ئه‌و رۆمانه بۆ ده‌قی شانۆیی، تاكه كه‌سێك كه بتوانێت وه‌ڵامێكی دڵنیاكه‌ره‌وه‌مان بداتێ ئه‌و كه‌سه‌یه كه ئه‌و موغامه‌ره‌یه‌ی كردووه‌و په‌نای بۆ ئاماده‌كردنی رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)بردووه، كه به‌پێی بۆچوونی زۆرێك له ره‌خنه‌گران ئه‌م رۆمانه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) یه‌كێكه له شاكاره‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی و فۆرِم شێوازی نووسینی رۆمانه‌كه‌ش شێوازێكی گێرِانه‌وه‌ی هه‌یه كه مه‌حاڵه بكرێته تێكستی شانۆیی، (دڵشاد حسێن) ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كرد و په‌نای بۆ به شانۆكردنی ئه‌م رۆمانه‌برد و ئێستا له سویسرایه‌و له‌وێوه ئه‌زموونی كاركردنی خۆی له‌گه‌ڵ رۆمانه ده‌گێرِێته‌وه‌و ده‌ڵێت: (ئاماده‌كردن، یان نووسینه‌وه‌ی رۆمان بۆ ده‌قێكی شانۆیی لای من كارێكی نوێ نییه، له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه چه‌ند كار و ئه‌زموونێك له‌و جۆره‌م كردووه، بۆ من، ئاماده‌كردنی ده‌قێكی شانۆیی له چیرۆك و رۆمانه‌وه ئازادانه‌تر و جوانتره له ده‌قێكی نووسراوی شانۆیی، كاتێك له پاش(حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم)ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) و (براكوژی) (نیكۆس كازانتزاكی) و (ئه‌فسانه‌ی چیای ئاگرین)ی (یه‌شار كه‌مال) ده‌ستم برد بۆ رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)ی (به‌ختیارعه‌لی) پاش چه‌ندجار خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێم لا گه‌لاڵه‌بوو بۆ رۆمانه‌كه، كاتێك ده‌ستم كرد به نووسینی وه‌ك ده‌قێكی شانۆیی هه‌وڵمدا له سوچ و ره‌هه‌ندێكی رۆمانه‌كه‌وه ده‌ستپێبكه‌م كه خوێندنه‌وه‌ی جیام بۆی هه‌بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌م رۆمانه چه‌ندین خوێندنه‌وه‌و ده‌قی شانۆیی تر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام لای من كه‌سایه‌تی(موزه‌فه‌ری سوبحده‌م و یاقوبی سنه‌وبه‌ر) ره‌هه‌ندێكی سیحری قوڵیان هه‌یه، بۆیه به چاوی ده‌رهێنه‌رێكه‌وه ده‌ستمپێكرد، بۆ ئه‌وه‌ی كاری ده‌رهێنانی تێدابكه‌م).
له باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا رۆمانێكی 300 لاپه‌رِه‌یی چۆن ده‌گونجێت بكرێت شانۆنامه‌یه‌كی 20 لاپه‌رِه‌یی؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش دڵشاد حسێن ده‌ڵێت:(به هه‌ڵه‌دا ده‌چین وابزانین من به‌م ده‌قه شانۆییه هه‌موو رۆمانه‌كه‌م ده‌قاو ده‌ق خستووه‌ته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆوكردوومه به ده‌قێكی شانۆیی، به‌ڵكو من ته‌نها ئه‌و ره‌هه‌نده‌م گرتووه كه باسمكرد و له ساڵی 2006 له ده‌ربه‌ندیخان خستمه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ خۆم وه‌ك (ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر) رۆڵم تێدابینی، به یه‌كێكیش له كاره سه‌ركه‌وتووه‌كانی خۆمی ده‌زانم له ئه‌زموونی كاری شانۆییمدا، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم من له كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م رۆمانه بۆ ده‌قی شانۆیی مه‌ودایه‌كی فراوانم به‌جێهێشتووه بۆ ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانیش خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بداته ده‌قه‌كه، من له‌و ئاماده‌كردنه‌دا زیاتر كارم له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی رووداو و كاره‌كته‌ر كردووه، موزه‌فه‌رێكی لاواز و یاقوبێكی به‌هێزله سه‌ره‌تادا، له كۆتاییدا پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه یاقوبێكی لاواز و موزه‌فه‌رێكی به‌هێز، به برِوای من جیاوازی نێوان ئه‌م دوو تێرِوانینه جیاوازی نێوان (هه‌بم یان نه‌بم)ه، (یه‌كێك بم له ئێوه) یان (یه‌كێك نه‌بم له ئێوه)؟
له‌م ده‌قه‌دا موزه‌فه‌ر پاش زانینی هه‌موو روداوه‌كانی ئێستا و رابردوو، ناتوانێت ره‌هه‌ندێكی شۆرِشگێرِی باوی هه‌بێت، روداوه‌كان جێدێڵێت بۆ ئه‌وان و به شوێن هیواو سه‌رابێكدا ده‌رِوات كه بوونی خۆی به‌و هیوایه‌وه گرێداوه.)
گه‌ر ئه‌م قسانه‌ی دڵشاد حسێن بۆ ئاماده‌كردنی رۆمانه‌كه‌و گۆشه‌نیگای ئه‌وبێت بۆ مه‌ودای كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ئه‌م مانا و هێمایانه له‌م نمایشه‌دا گۆرِاوه‌و به‌رگێكی تری وه‌رگرتووه، چونكه ده‌رهێنه‌رێكی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قه ئاماده‌كراوه‌كه كردووه، سه‌ره‌كیترین ره‌گه‌زی ئه‌م نمایشه به رۆمانه‌كه‌شه‌وه بوونی كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری ره‌هه‌ند جیاوازه، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بوون تا چه‌ند توانییویانه بگه‌ن به رۆحی ئه‌و ئه‌كته‌رانه و فۆرِمێكی نوێ له نواندن له‌كاتی رۆڵبینین ئه‌دا بكه‌ن؟
بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش نه‌هرۆ محه‌مه‌د ده‌رچووی به‌شی شانۆی په‌یانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان (ئه‌كته‌ر) له‌و باره‌یه‌وه بۆچوونی تایبه‌تی هه‌یه، له‌باره‌ی نواندن له‌م نمایشه‌دا ده‌ڵێت: (له‌م نمایشه‌دا له باره‌ی نواندنه‌وه دوو ستایل بۆ ئه‌دای ئه‌كته‌ر ده‌بینرا، ئه‌دایه‌كی زه‌ق، كه ده‌كرا به هاوكاری ره‌گه‌زه‌كانی تری شانۆیه‌كه ئیشی له‌سه‌ر بكرێت، كه نواندنێك بێت جۆرێك له موباله‌غه‌ی تێدابێت، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته نه‌بینرا كه به ته‌نها له نواندنی (چێنه‌ر ئه‌حمه‌د و یاسین قادربه‌رزنجی) ئه‌و حاڵه‌تانه‌م بینی، ئه‌دای ئه‌وان گونجاوتربوو له ئه‌كته‌ره‌كانی تر، هه‌رچه‌ند هه‌ندێ له ئه‌كته‌ره‌كانی تر سایكۆلۆژییانه نواندنیان ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فۆرِمی ئه‌م ئیشه‌دا یه‌كینه‌ده‌گرته‌وه).
نزیك له بۆچوونه‌كانی نه‌هرۆ وه (ئه‌نوه‌ر قادر ره‌شید) پێیوایه (ئاستی نواندن له‌م نمایشه‌دا له یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر جیاوازبووه، ئه‌كته‌ری زۆر باشی تێدابوو، ده‌بوایه ته‌نسیقێك له ئیشه‌كه‌دا هه‌بوایه كه هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان به ستایلێك ئیشیان بكردایه، به‌ڵام هه‌مه‌جۆرییه‌ك له نواندندا هه‌بوو كه ره‌نگه ئه‌مه‌ش بگه‌رِێته‌وه بۆ ئه‌كته‌ره‌كه زیاتر، به‌ڵام سه‌باره‌ت به شانۆییه‌كه به گشتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی زۆری دروستكردووه له ناو خه‌ڵكدا ئه‌مه خۆی له خۆیدا سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ئیشه‌یه.).
بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌م فۆرِمه شانۆییانه‌دا یاسین قادر به‌رزنجی ده‌ڵێت:(ده‌رهێنه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ی هه‌یه بۆ دارِشتنی سینۆگرافیا و وه‌رچه‌رخانی زمانی وشه واتا بۆ كردار و وێنه و جوڵه‌ی ئه‌كته‌ر، ده‌زانێ چۆن چۆنی پانتایی شانۆ ده‌به‌خشێته وزه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی، ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر (بورهان قه‌ره‌داغی) ناڵێم یه‌كجار جوانتر له نمایشه‌كانی تر، به‌ڵام تایبه‌تتر یان به هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی تایبه‌تییه‌وه، هه‌لومه‌رجی نمایشیان هێنایه دی).
سه‌باره‌ت به رۆڵی (یاقوبی سنه‌وبه‌ر)یش یه‌كێك له ئاڵۆزترین كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و رۆمانه كه ئه‌و رۆڵه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌كردووه، ئه‌و ئه‌كته‌ره ده‌ڵێت: دووهه‌مین جاره له‌گه‌ڵ هاورِێم ئه‌رسه‌لان ده‌روێش له شانۆدا كارده‌كه‌م، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م ده‌رهێنه‌ره حورمه‌تێكی زۆر له توانا و بۆچوونی ئه‌كته‌ری خۆی ده‌گرێت، ده‌بێت ئه‌كته‌ریش خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌و شه‌خسیه‌تی نمونه‌یی خۆی بێت وه‌ك ئه‌كته‌ر، به دڵنیاییشه‌وه (یاقوبی سنه‌وبه‌ر) كه من رۆڵه‌كه‌ی ده‌بینم چ لای نووسه‌ر چ لای ده‌رهێنه‌ر چ لای منیش قورسایی خۆی هه‌بووه، من نامه‌وێت له‌سه‌ر رۆڵه‌كه‌م قسه‌بكه‌م ئه‌وه جێدێڵم بۆ ره‌خنه‌گران، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم گه‌ر له به‌ر تیشكی ئه‌زموونه‌كانی رابردووم توانیبێتم نواندنم له‌و كاره‌كته‌ره دژوار و پرِ له موعاناته‌دا كردبێت به‌خته‌وه‌رم.
له‌باره‌ی گرفت و كێشه‌كانی پرِۆڤه‌وه به‌رهه‌مهێنانی نمایشی شانۆیی له كوردستانیش یاسین پێیوایه: (هه‌لومه‌رجی پرِۆڤه و نمایش له‌مرِۆی بێ هۆڵ و بێ كه‌ره‌سته‌یی و بێ هاندانێكی رێگه‌خۆشكه‌ر گه‌لێك سه‌خته، به‌راستی شانۆكاری كورد، خۆبه‌خشه و به‌رهه‌می ساته جوانه‌كانی ده‌به‌خشێته ئه‌و بینه‌ره‌ی كه خه‌ریكه دراماكان، له شانۆی ده‌كه‌ن، كاری شانۆ له‌م رۆژه‌دا جورئه‌تی ده‌وێ.
ئه‌م بۆچوونانه كۆی گشتی ئه‌و چیرۆك و تێرِوانینه جیاوازانه‌ن له‌سه‌ر نمایشی (من یه‌كێك نیم له ئێوه) له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه جیاوازانه‌شدا ده‌یان بۆچوونی نێگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤی تر له دوای نمایشه‌كه‌وه له چایخانه و شوێنه گشتییه‌كان باس و خواستیان له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام كه‌م له‌و بۆچوونانه ده‌چێته سه‌ر روبه‌ری رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كان و گفتووگۆیه‌كی جدی ناخولقێنێت، ئه‌مه‌ش بێده‌نگیی نێوه‌ندی هونه‌ریی ئێمه زیاتر ده‌كات و رۆحی موجامه‌له و پیاهه‌ڵدان تۆختر و زیاتر ده‌كات!
* (من یه‌كێك نیم له ئێوه) له رۆمانی(دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)ی (به‌ختیار عه‌لی)ه‌وه (دڵشاد حسێن) ئاماده‌یكردووه بۆ ده‌قی شانۆیی، ئه‌رسه‌لان ده‌روێش ده‌رهێنه‌ری نمایشه‌كه‌یه، هه‌ریه‌ك له (یونس حه‌مه كاكه، ئامانج ئیبراهیم، به‌دیعه دارتاش، یاسین به‌رزنجی، ئاشتی عوسمان، چێنه‌ر ئه‌حمه‌د، شیلان عه‌بدوڵڵا، سروه عه‌بدولرِه‌حمان، دانا سه‌ڵاح، تاریق یاسین) رۆڵی كاره‌كته‌ره‌كانی نێو ئه‌و نمایشه‌یان ده‌بینی..
شانۆییه‌كه‌ش به‌رهه‌می هاوبه‌شی (تیپی شانۆی سالار و به‌رِێوبه‌رایه‌تی هونه‌ریی شانۆ/ سلێمانی)ه، ئێواره‌ی 3/1 بۆ ماوه‌ی پێنج رۆژ له هۆڵی سلێمانی سه‌نته‌ری گه‌نجان نمایشكرا...